عەلی قەرەداغی لەسەر سوجدەبردنی مەغەریبییەكان چی دەڵێت؟



 

سوجدەبردنی یاریزانانی هەڵبژاردەی مەغریب كاردانەوەی جیاوازی لێكەوتەوە و ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان ڕای خۆی دەخاتەڕوو.

شەوی ڕابردوو لە میانەی یاریەكانی مۆندیال هەڵبژاردەی مەغریب لە هەڵبژاردەی پرتوگالی بردەوە.

دوابەدوای بردنەوەیان و سەركەوتنیان بۆ قۆناغی چوار ی مۆندیال، یاریزانانی هەڵبژاردەی مەغریب لەنێو یاریگادا سوجدەیان برد، ئەوەش كاردانەوەی جیاوازی لێكەوتەوە.

لەو بارەیەوە، عەلی قەرەداغی، ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان، دەڵێت، “ئەو سوجدەی سوپاسگوزارییە كە هەڵبژاردەی مەغریب بۆ تۆپی پێ‌ لە كاتی سەركەوتنیان بەسەر هەر سێ هەڵبژاردەی بەلجیكا و ئیسپانیا و پرتوگالدا پێی هەستان، ڕاجیایی لەسەری هاتەكایەوە، منیش وەك خۆم ئەو كارەم پێباش بوو، بەڵام هەندێكیتر ڕەخنەیان لەو كارە گرت، وتیان: ئەوان بەبێ‌ دەستنوێژ و بێئەوەی ڕوو بكەنە قیبلە ئەو سوجدەیەیان بردووە، یان و یان…”.

دەشڵێت، سوجدەی سوپاسگوزاریی لە سەرەتاوە بە وتنی (الله أكبر) دەستپێدەكات، پاشان ئەو كەسە یان ئەو دەستەیە سوجدەیەكی سوپاسگوزاریی دەبات، ئینجا تەسبیحاتی خوای گەورە و سوپاسی خوا دەكات، لە خوای گەورە دەپاڕێتەوە بە بەردەوامبوونی ئەو نیعمەتە كە خوا بەخشیویەتی پێی، پاشان بە وتنی (الله أكبر) سەر بەرزدەكاتەوە، ئینجا بەبێ‌ وتنی شایەتومان و تەحییات سەلام دەداتەوە، هەندێك لە زانایانی پێشین سەلامدانەوەشیان بە مەرج نەگرتووە.

عەلی قەرەداغی دەڵێت، ژمارەیەك لە فیقهناسان هەموو مەرجەكانی نوێژیان لە پاكوخاوێنی و داپۆشینی عەورەت و ڕووكردنە قیبلەیان لە سوجدەی سوپاسگوزاریدا بە مەرج گرتووە، بەڵام ڕای بەهێز ئەوەیە كە ئەو مەرجانە لە سوجدەی سوپاسگوزاریدا بە مەرج ناگیرێن، واتە پاكوخاوێنی و ڕووكردنە قیبلە و داپۆشینی شەرمگا -لە نێویشیاندا باڵاپۆشیی بۆ ئافرەت-، بەڵام گومانی تێدا نییە كە ئەگەر ئەنجامبدرێن ئەوا سوجدەكە باشتر و تەواوترە. ئەوەش گوتەی ژمارەیەكی زۆرە لە زانایانی پێشین، لەوانەش: ئیبن جەریری تەبەری، ئیبن حەزم، ئیبن تەیمییە، ئیبن قەییم، شەوكانی و صەنعانی، هەروەها ژمارەیەك لە زانایانی مالیكی، لە زانایانی هاوچەرخیش ئیبن باز و ئیبن عوسەیمین و زانایانی تریش.
بەڵگەشیان لەسەری ئەوەیە كە پێغەمبەری خوا (صلی الله علیە وسلم) سوجدەیەكی سوپاسگوزاریی بردووەو -هەروەك لەمەوپاش باسدەكرێ‌- لێیەوە نەهاتووە كە دەبێت ڕووبكرێتە قیبلە، هەروەها پاكوخاوێنی و هاوشێوەیان پێویست بێت، لای جێنشینە ڕاشیدەكانیش هەر بەهەمانشێوە بووە، ئەبی بەكر لە فەرموودەیەكدا كە بەم لەفزە هاتووە وتوویەتی: ((پێغەمبەری خوا (صلی الله علیە وسلم) كاتێك كە ڕووداوێكی دڵخۆشكەری بۆ هاتبێت یان مژدەیەكی پێدرابێت سوجدەی بۆ خوای گەورە بردووە)) ئەبو داود بە ژمارە (2774) گێڕاویەتەوە، بێدەنگ بووە لەوەش كە فەرموودەكە فەرموودەیەكی باش و گونجاو بێت یان نا، ئەلبانی لە صەحیحی ئەبو داود ژمارەی فەرموودە (2774)، هەروەها ئەڕناۆوگ بە ڕاست ناوزەدیان كردووە، ترمزیش فەرموودەكەی بە ژمارە (1578) گێڕاوەتەوە، هەروەها ئیبن ماجە بە ژمارە (1394) بە كەمێ‌ جیاوازییەوە گێڕاویەتەوە، ئەحمەدیش بە ژمارە (20455) بە درێژی گێڕاویەتەوە.
ڕواڵەتی فەرموودەكە ئەوە دەگەیەنێ‌ كە ئەو شتانەی پێشتر بە مەرج ناگیرێن، چونكە باسكردن و ڕوونكردنەوەی شتێك كاتێ‌ كە پێویست بكات زەرورەتە.
لە لایەكیتریشەوە لەوانەیە هۆكارەكانی سوجدەی سوپاسگوزاریی لە كتوپڕدا بێت و بەدواخستنی ئیتر مەبەست و حیكمەتەكەی نامێنێ‌.
لەلایەنی سێیەمەوە ئەو پاكوخاوێنی و هاوشێوانەی كە لە مەرجەكانی نوێژدا هاتوون، دەریدەخەن كە سوجدەی سوپاسگوزاریی وەك نوێژ نییە، چونكە لە شەرعدا ناونەبراوە بە نوێژ، ئەوكاتیش ئەوا پێوانەكردنی بە نوێژ پێوانەگیرییەكی نادروستەو ڕاست نییە.
لە (مجموع الفتاوی)ی ئیبن تەیمییەدا لاپەڕە (21/277) دا هاتووە دەڵێ‌: (پێغەمبەری خوا نەیفەرمووە كە نوێژە، ڕیزبوون نەكراوەتە مەرجی ئەنجامدانی… پێغەمبەر خوا -صلی الله علیە وسلم- سەلامدانەوەی بۆ دانانەوە، لەمبارەیەوە هیچ لێیەوە نەگێڕدراوەتەوە، نە بە سەنەدی ڕاست و دروست و نە بە سەنەدێكی لاوازیش).

بۆچی هەڵامەت لەزستاندا زیاددەكات؟
پێشت بۆچی هەڵامەت لەزستاندا زیاددەكات؟
ئەردۆغان و پووتین تاوتوێی ڕەوشی ڕۆژئاوایان كرد
دواتر ئەردۆغان و پووتین تاوتوێی ڕەوشی ڕۆژئاوایان كرد
ەیوەندیدار