یەكێتی مامۆستایان بۆ شكاندنی بایكۆت وەڵامی وەزارەتی پەروەردە دەداتەوە



وەزارەتی پەروەردە داوای شكاندنی بایكۆت لە مامۆستایان دەكات و جەختدەكاتەوە، كە هیچ گۆڕانكارییەك لە پڕۆگرامی خوێندن ناكرێت، لە بەرامبەریشدا یەكێتی مامۆستایان دەڵێت: “وەك چۆن داوای دەوام لە مامۆستایان دەكەن، داواش لە حكومەت بكەن مووچە دابەش بكات”.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا داوای لە مامۆستایان كرد دەست بە دەوامكردن بكەنەوە و ئاماژەی بەوەكردووە، دەرئەنجامەكانی بایكۆت لە ساڵانی ڕابردوو زیانی هەبووە و هیچ بوارێكمان نییە گۆڕانكاری لە ساڵنامەی خوێندن بكرێت.

لای خۆشیەوە، عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لە پەیامێكدا بۆ وەزارەتی پەروەردە دەڵێت: “كاتێك وەزارەتی پەروەردە داوای دەوامكردن لە مامۆستایان دەكات با داوا لە حكومەتی هەرێمیش بكات پابەند بێت بە مافە داراییەكانی مامۆستایان و لانیكەم مووچەی مانگی ئاب دابەش بكات”.

بەهۆی دواكەوتنی مووچەوە، ماوەی دوو هەفتەیە لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و دەورووبەری مامۆستایان بایكۆتیان ڕاگەیاندووە و لە ئێستادا، كە مانگی 10یە تەنها مووچەی مانگی 7 لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا دابەش كراوە و هێشتا چارەنووسی مووچەی مانگی (8 و 9) و مووچەكانی دیكەی ئەمساڵ نادیارە.

پێشتریش یەكێتی مامۆستایانی كوردستان- لقی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا، ئاماژەی بەوەكردووە، چاوەڕێی حكومەتی هەرێم بووین، كە بۆ یەكجاریش بێت یەك داواكاری مامۆستایانی نیگەران جێبەجێ‌ بكات، سەرەڕای (ڕاگرتنی مووچە و پاشەكەوتی مووچە و مووچەی هەڵپەسێردراو و بڕدراو و چارەكە مووچە و سێ‌ ڕوبعە مووچە) كە لە 8 ساڵی ڕابردوودا وەڵامی ئەرێنی داخوازی مامۆستایان بداتەوە و مووچەی مانگەكانی (7 و 8) بەیەكەوە دابەش بكات.

ڕاشیگەیاندووە، ئەمجارەش كادری هەستیارترین سێكتەری بەڕێوەبردن و حوكمداری فەرامۆش كرد، بۆیە ئەم بێ‌ باكییەی حكومەت نیگەرانییەكان و مەودای دووری نێوان (حكومەت و مامۆستا) فراوانتر دەكات و هێندەی تر كەرتی پەروەردە و فێركردن بەرەو ئیفلیجی دەبات.

جەختیشی كردۆتەوە، بۆ ڕاستكردنەوەی دۆخەكە و ئاشتەوایی گشتی داواكارین لە حكومەتی هەرێم مووچەی هەردوو مانگەكانی (8 و 9) شایستە داراییەكانی مامۆستایانی وانەبێژ خەرج بكات.

 

موقتەدا سەدر ڕاوێژکارێکی خۆی دوورخستەوە
پێشت موقتەدا سەدر ڕاوێژکارێکی خۆی دوورخستەوە
لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێم هەواڵی نوێ هەیە
دواتر لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێم هەواڵی نوێ هەیە
ەیوەندیدار