ئەمڕۆ شەش ساڵ بەسەر کۆچی دوایی مام جەلالدا تێدەپەڕێت



مام جەلال ناوی تەواوی بریتییە لە، جەلال حیسامەدین شوکروڵڵا تاڵەبانی زەنگەنە و زیاتر بە ناوەکانی مام جەلال یان جەلال تاڵەبانی ناسراوە. لە بەرواری ١٢ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٣٣دا لەدایک بووە. و لەبەرواری ٣ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧ کۆچی دوایی کردووە.

مام جەلال لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک سیاسەتمەدارێکی گەورەی کورد بینراوە و لەساڵی ٢٠٠٦ هەتا ساڵی ٢٠١٤ وەک یەکەم سەرۆککۆماری عێراق خزمەتی کردووە و یەکەم کوردە کە پۆستی سەرۆککۆماری عێراقی وەرگرتووە.

 

تاڵەبانی دامەزرێنەر و سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو. ئەندامی ھەمیشەیی ئەنجومەنی حکوومەتی عێراق بوو، کە دوای کەوتنی سەدام حسێن لە شۆڕشی ٢٠٠٣ی عێراق دامەزرا. تاڵەبانی بۆ زیاتر لە ٥٠ ساڵ داکۆکیکاری ماف و دیموکراسی کورد بوو لە عێراق. جیا لە زمانی دایک ” کوردی”، تاڵەبانی زمانەکانی عەرەبی و فارسی و ئینگلیزی زانیووە. ھەروەھا توانیوویەتی بە فەڕەنسیش قسەبکات.

سەرەتای ژیان

مام جەلال تاڵەبانی کوڕی حوسامەددین کوڕی نورەڵڵای تاڵەبانی زەنگنە، ڕێکەوتی ١٢ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٣٣لە گوندی کەڵکانی بناری چیای کۆسرەت لەدایک بووە. سەرەتای منداڵی ھەر لەو گوندە دەبێ، پاشان کاتێک باوکی دەبێتە ڕێبەری تەکیەی تاڵەبانی لە کۆیە، بە ماڵەوە دەچنە ئەوێ و خوێندنی سەرەتایی لەو شارە تەواو دەکات؛ و قۆناغی ئامادەییش لە کەرکووک و ھەولێر تەواو دەکات.

 

مام جەلال تاڵەبانی لە سەرەتای لاویدا بە پەیوەست بوون بە پارتی دیموکراتی کوردستان تێکەڵاوی کاری سیاسی دەبێ. لە مانگی شوباتی ساڵی ١٩٥٣ سەرپەرشتی سازدانی یەکەم کۆنگرەی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان دەکات و ھەر لەم کۆنگرەیەدا بە سکرتێری گشتی ئەو ڕێکخراوە ھەڵدەبژێردرێ و ھەر لە ھەمان ساڵدا دەبێتە یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان و ساڵانی ١٩٥٣–١٩٥٥ دەبێتە سکرتێری گشتی لاوان. لە ساڵی ١٩٥٩، لە کۆلێژی یاسا لە بەغدا، خوێندنی باڵا تەواو دەکات.

خێزانی تاڵەبانی

تاڵەبانی لە گەڵ ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد کچی مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد ژیانی ھاوسەرگیری پێکھێنا و دوو کوڕیان ھەیە بەناوی قوباد و بافڵ کە بافڵ کوڕە گەورەکەیانە و قوباد تاڵەبانیش کەپێشتر لەناو سیاسەتی ھەرێمی کوردستان وەک نوێنەری ھەرێم لەئەمریکابووە ئێستاش ئەنجومەنی وەزیرانیش جێگیری سەرۆک وەزیرانە.

تێکچوونی دۆخی تەندروستی تاڵەبانی

زۆر کات تەندروستی تاڵەبانی جێگیر نەبووە دوایین نەخۆشیشی لە ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٢ بوو کە دووچاری جەڵتەێکبوو و لە چاودێریی چڕدا بوو لە بەغدا سەرئەنجام پاش ڕاپۆرتی جێگیربوونی تەندرووستی ناوبراو گەیەندرایە وڵاتی ئەڵمانیا بەمەبەستی چارەسەری زۆرتر بەیاوەری دوکتۆر نەجمەدین کەریم لە ڕۆژی ١٩ی تەممووزی ٢٠١٤ دوای نزیکەی ١٩ مانگ مانەوە لە نەخۆشخانەکانی ئەڵمانیا جەلال تاڵەبانی لە ئەڵمانیاوە گەڕایەوە سلێمانی و لە ماڵباتەکەی خۆی نیشتەجێبوو و لەدوای گەڕانەوەشی چەندین کەسایەتی سیاسی باڵا لە ئاستی ھەرێم و عێراق ھاتنە پێشوازیکردنی.

مردن و ماڵئاوایی کردنی مام جەلال

دوای ململانێیەکی دوور و درێژ لەگەڵ نەخۆشییەکەیدا مام جەلال تاڵەبانی لە ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧، لەوڵاتی ئەڵمانیا، بەھۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد. لەڕۆژی ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ واتە دوای سێ ڕۆژ لەکۆچکردنی تەرمی مام جەلال تاڵەبانی لەڕێگای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە ئەڵمانیاوە گەڕێندرایەوە ھەرێمی کوردستان. لە گردی دەباشان لە شاری سلێمانی بەخاکسپێردرا و میوانان و ئەوانەی لەسەر ئاستی وڵات و جیهانیش هاوڕێیەتی و هاوخەباتی مام جەلالیان کردووە سەردانی مەزارەکەی دەکەن و تاجەگوڵینە لەسەر گڵکۆکەی دادەنێن و ڕۆڵ و خەباتی ئەو لەپێناو کورد و کوردستان و گەلانی عێراق بەگشتی بەرز دەنرخێنن.

تا گوێ لە یەکتر نەگرین گرێیەکان ناکرێنەوە
پێشت تا گوێ لە یەکتر نەگرین گرێیەکان ناکرێنەوە
ئەمڕۆ بزووتنەوەی ئیسلامی کۆنگرە دەبەستێت
دواتر ئەمڕۆ بزووتنەوەی ئیسلامی کۆنگرە دەبەستێت
ەیوەندیدار