پارێزگای هەولێر زیانەکانی ئاگرەکەی قەیسەری ئاشکرا کرد



پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، لە ئاگرەکەی بازاڕی قەیسەریدا 227 دوکان و حەوت کۆگا سووتاون و 132 کەسیش برینداربوون

ئەمڕۆ دووشەممە، پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی قەیسەرى شاری هەولێر کەوتەوە، دەمودەست تیمەکانی (بەرگریی شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، زێڕەڤانی، هاتووچۆ، تەندروستی، شارەوانی) گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و بە هەوڵى ئەفسەر و کارمەندانی بەرگریی شارستانی توانرا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵبکرێت.

ڕوونیشیکردەوە کە دواى کۆنتڕۆڵکردنى ئاگرەکە لیژنەیەکى تایبەت بە خەمڵاندنى زیانەکان پێکهێنرا و بەپێى دواین ئامار لە کۆی زیاتر لە (4000) دوکان، (227) دوکان و (7) کۆگای بچووکى بازاڕەکە سووتان و زیانیان پێگەیشتووە، ئەمڕۆش دوای خەمڵاندنی زەر و زیانەکان دەست بە پاککردنەوەى تەواوی بازاڕەکە کراوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی پارێزگای هەولێردا هاتووە: “سوپاس بۆ “خودا” لە ڕوودانی ئەو کارەساتە، جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە، بەڵام بەداخەوە بە هۆى قەرەباڵغێەکى زۆرى هاووڵاتییان لە شوێنى ڕووداوەکە، (132) کەس لە ئەفسەر و کارمەندانی بەرگری شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، کاسبکار و هاوڵاتی، بریندار بوون و بەشێکیشیان بە هۆی دوکەڵی ئاگرەکەوە تەندروستیان تێکچوو”.

ئەوەشی خستەڕوو کە هەرزووتیمەکانی تەندروستی لە شوێنی ڕووداوەکە (117) كەسيان چارەسەرکرد و (15) كەسى تريشان کە پێویست بوون گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەى فریاکەوتن و چارەسەری پێویستیان بۆ وەرگیرا.

پارێزگای هەولێر ڕاشیگەیاند، هاووڵاتییانی شارى هەولێر دڵنیا دەکەینەوە، لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە و خەمڵاندنى قەبارەی زیانە ماددییەکان پێکهێنراوە و لەو نزیکانە دەرەنجامەکانى ئاشکرا دەکرێت.

لە دوو ڕووداوی هاتووچۆدا 12 كەس گیانیان لەدەستدا
پێشت لە دوو ڕووداوی هاتووچۆدا 12 كەس گیانیان لەدەستدا
زیاتر لە 465 ملیۆن دینار بۆ پرۆژەیەکی هەڵەبجە خەرج دەکرێت
دواتر زیاتر لە 465 ملیۆن دینار بۆ پرۆژەیەکی هەڵەبجە خەرج دەکرێت
ەیوەندیدار