مووچەی خانەنشینان زیاد دەكرێت



لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات، كە مووچەی ئەو خانەنشینانەی لە پلەی وەزیفی نزمدا بوون لە كاتی خانەنشین بوونیان بە بڕی 100 هەزار دینار زیاد دەكرێت.

ئەحمەد مەزهەر جبوری، جێگری یەكەمی سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ ئاژانسی فەرمی (العراقیە) ڕایگەیاندووە، لیژنەكەیان ئەمڕۆ میوانداری ماهیر ڕەشید بەیاتی، سەرۆكی دەستەی خانەنشینی كردووە و گفتوگۆیان كردووە سەبارەت بە دۆخی كاری دەستەكە و گوزەرانی خانەنشینان.

ڕاشیگەیاندووە، بڕیارە مووچەی پلەكانی خوارەوەی خانەنشینان، ئەو خانەنشینانەی كەمترین مووچەیان هەیە زیاد بكرێت و بڕی 100 هەزار دینار بخرێتە سەر مووچەكانیان.

جەختیشی كردۆتەوە، ئەو زیادكردنی مووچەیە لەڕێگەی لیژنەیەكی حكومییەوە دەبێت، بەجۆرێك بگونجێت لەگەڵ كارنامەی حكومەتی نوێی عێراق.

بەپێی هەمواری یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق، كەمترین مووچەی خانەنشینان لە عێراق بە 500 هەزار دینار دیاری كراوە، ئەمە لەكاتێكدا لە هەرێمی كوردستان مووچەی خانەنشینان زۆر كەمە و كەمترینی 180 هەزار دینارە و بڕیار بوو بەپێی یاسای چاكسازی مووچەی خانەنشینانی هەرێمیش زیاد بكرێت، بەڵام تا ئێستا زیاد نەكراوە.

یەکەم بانکی نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا
پێشت یەکەم بانکی نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا
سودانی: توركیاش لە ڕاگرتنی نەوتی هەرێم زەرەرمەندە
دواتر سودانی: توركیاش لە ڕاگرتنی نەوتی هەرێم زەرەرمەندە
ەیوەندیدار