“ئەگەر دەتەوێت بە ئاشتی بژیت، خۆت بۆ جەنگ ئامادەبکە”.



د.دڵشاد زاموا

میر محەمەدی سۆران و چەکی میلان! قازی محەمەد و تەیارەی درۆن! و فایەق بێکەس و شیعری تەیارە!

وتەیەکی بەنرخ هەیە دەڵێت: “ئەگەر دەتەوێت بە ئاشتی بژیت، خۆت بۆ جەنگ ئامادەبکە”.

دوو سەدە لەمەوبەر، میر محەمەدی سۆران دەیزانی ڕۆمی عوسمانی لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی تۆپەوە، کە ئەوکات بەهێزترین چەکی شورا شکێنی جیهان بوو، توانی هەتا شاری ڤییەننای پایتەختی نەمسا و ناوجەرگەی ئەوروپا بڕوات،  لە رۆهەڵاتیشەوە تا کرماشان، لەبەرئەوە چەند وەستایەکی ناردە دەرەوەی کوردستان تا فێری دروستکردنی تۆپ ببن.

میرنشینی سۆران، بە دەستی وەستا ڕەجەب و وەستایەکی تری رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە ١٥٠ تۆپیان دروستکرد، ئەوەبوو، میرنشینکە هێندە فراوان بوو، کە لە ماوەی پێنج سەد ساڵی ڕابردوودا گەورەترین قەوارەی کوردی بەهێزبووە لە ڕووی سنوور و هێز و متمانەوە.

میرنشینی سۆران وەک بابان نەبوو، بە گرتنی دەربەندی بازیان بڕوخێت، بەڵکو هەتا دوا گوللە تۆپ و گرتنی شورەکانی ڕەواندز شەڕیکرد، چونکە تا ئەوکاتە خاوەنی بەهێزترین چەکی سەردەمی خۆی بوو.

ڕۆمی عوسمانی هەر گەیشتە ناو شاری ڕەواندز، زیاتر لە ١٣٠ تۆپی فڕێدانە ناو خەرەندی ڕواندزەوە، تا جارێکی تر، کورد، تۆپی نەبێت شەڕی پێ بکات.

وەک دیارە شەڕی ئێستا و داهاتوو، بە درۆن دەکرێت، و ڕۆم و عەجەم وا بوونەتە سەرمەشقی دنیا لە بەرهەمهێنانی ئەم چەکە کوشندەیەدا، ئەبێت کوردیش وەک میرمحەمەد بیربکاتەوە، وەستا و خوێندکار و مامۆستا بنێرێتە دەرەوە، یان لە زانکۆکانی ئەم نشتیمانەدا بەشەکانی ئەندازیاری میکانیک و فیزیا و کیمیا بەشێکی نوێ بکەنەوە، و درۆن دروست بکەن، ئەگەرنا هەر ئەبێت چاوەڕێی ئامارەکانی دوای هێرشی درۆنی بین.

ئەگەر قازی محەمەد زیندوو بێتەوە، دوو ساڵی تر ڕاگەیاندنی کۆماری دوادەخست و سوپایەکی بۆ پارێزگاری کۆمار دروست دەکرد، خۆشی نەدەچووە بەر پەتی سێدارە!

میرانی هەرێمی کوردستان لەماوە چل ساڵی ڕابردوودا، حاڵیان وەک کۆمارە، بەڵام ئەمان شکست و هەڵهاتن بە سیاسەت ناودەبن، نە وەک قازی دەچنە بەر پەتی سێدارە، نە وەک میر محەمەد تۆپیان دروستکردووە، تەنانەت لە چەند ساڵی ڕابردوودا کە چەکی میلان بەهێزترین چەک بووە بۆ شکاندنی هێرشی دوژمن، ئەمان نەک هەر ئەو چەکەیان دروست نەکرد، بەڵکو سواڵی فیشەکیان لە دۆست و دوژمن دەکرد!

لەبەرئەوە هەر چواربەشی داگیرکراوی ئەم نیشتیمانە ئەوکاتە بە ئاشتی دەژین، کە هەموومان خۆمان بۆ شەڕ ئامادەبکەین، شەڕی زانست و ئەدەب، مێژوو و شەڕی دروستکردنی چەکی سەردەمیانەش دەبێت لە پێشینەی ئەو بەرنامەیە بێت.

ئەگەرنا هەروەک دەبینین، لە دوای هەموو لێدانێکی دوژمن، سیاسی و سەربازییەکانی ئەم نیشتیمانە، بڵاوکراوە و بەیاننامەکانیان دەڵێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانین، تەنها ژمارەی قوربانییەکانمان پێ ڕادەگەیەنن.

مێژوو بۆ ئەوەیە وانەی لێوەرگرین، کورد، ئێستا پێویستی بە بەرهەمهێنانی درۆن و میلانە، ئەگەر ڕۆکێتی ڕاگتاگیش دروستبکات ئەوە باشترە، ئەگەرنا، دەبێت هەر شیعرەکەی بێکەس دەربارەی فڕۆکە بڵێینەوە کە دەڵێت (…شتێکی بێ گیان و بێ خوێن، ئەفڕێ و ئەچێتە ئاسمان، ناویان ناوە تەیارە ….لە شەڕا موسیبەتە، لە ئاشتیا نیعمەتە): ئێستا دوژمنی ڕۆم و عەجەم هەر چوار بەشی داگیرکراوی کوردستان بە درۆن دەپێکن، شەو و ڕۆژ لە کورد دەدەن.

دەبێت بپرسین ئایا تاکەی چاوەڕێی هێرشی ئەو موسیبەتە ببین؟ لە ئاشتیشدا لەو نیعمەتە بێ بەش بین؟ کاتی ئەوە نەهاتووە، کۆلێجێک یان بەشێکی زانستی درۆن دروستکردن هەبێت؟ یان چەکێکی درۆن شکێن بەرهەم بهێندرێت؟! یان ئەوەتا دەبێت هەروەک جاران شیعر بۆ تەیارە بڵێینەوە؟!

شەڕ لە قەرەباغ دەستیپێکردەوە
پێشت شەڕ لە قەرەباغ دەستیپێکردەوە
ئیلۆن ماسك: ڕەنگە پلاتفۆڕمی ئێکس بۆ هەموو بەکارهێنەران ببێتە پارە
دواتر ئیلۆن ماسك: ڕەنگە پلاتفۆڕمی ئێکس بۆ هەموو بەکارهێنەران ببێتە پارە
ەیوەندیدار