سەرۆکی سوپای پاسداران هەڕەشە لە عێراق دەکات



ئەمڕۆ یەکشەممە، فەریق محەمەد ڕەزا ئاشتیانی، وەزیری بەرگریی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە ڕێککەوتنی ئێران لەگەڵ عێراق بۆ چەکداماڵینی هێزە كوردییەكانی رۆژهەڵات بەرامبەر ئێران درێژ ناکرێتەوە.

میدیای فەرمی ئێران لە زاری فەریق ئاشتیانییەوە بڵاویکردەوە: “ماوەی دیاریکراو درێژ نەکراوەتەوە و بە پشتبەستن بەو ڕێککەوتنەی لەنێوان هەردوو وڵات هەیە، بە پێچەوانەوە ڕێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر”.

سەبارەت بەو ڕێوشوێنانەی عێراق تا ئێستا گرتوویانەتەبەر، وەزیری بەرگریی ئێران ڕوونیکردەوە، “هەندێک کار تەواو بووە، لە دوایین کاتژمێرەکانیشدا هەڵسەنگاندن بۆ بابەتەکە دەکەین و لەسەر بنەمای ئەو هەڵسەنگاندنە بڕیاری خۆمان دەدەین”.

فەریق عەباس نیلفرۆشان، جێگری سەرۆکی کاروباری ئۆپراسیۆنەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، لە بەیاننامەیەکدا بۆ تەسنیمی ئێران، هەڕەشەی کرد و ڕایگەیاند: ” ١٩ ئەیلوول کۆتایی ئەو وادەیە کە بۆ عێراق دانراوە بۆ چەکداماڵینی گروپە چەکدارەکان و ئەگەر ئەرکەکانیان جێبەجێ نەکەن، ناچارین بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی گەلی ئێران بکەین”.

ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی ئەیلوول، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران پابەندبوونی عێراقی ڕاگەیاند بە ڕێککەوتنی ئەمنی کە لە نێوان هەردوولا ئەنجام دراوە، بە دوورخستنەوەی گرووپ و لایەنە کوردییەکانی دژ بە ئێران.

هاوکات لە ماوەی پێشوودا سوپای پاسدارانی ئێران ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانی بۆردومان دەکرد و لەو کاتەدا ڕایگەیاندبوو، گروپە چەکدارە کوردییەکانیان کردوەتە ئامانج کە هەڕەشە لە ئاسایشی ئێران دەکەن.

” گرەنتی نیە ئێران هێرش نەکاتە سەر خاکی عێراق “

لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ موسەنا ئەمین، پەرلەمانتاری عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “پەیوەندییەکی بەهێزمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەیە، باوەڕمان بەوە هەیە کە بە زمانێکی ئاشتییانە  و دوور لە هەڕەشە دەتوانین بگەینە چارەسەر و ڕێککەوتن کە تێیدا مافی مرۆڤ و پەنابەرێتی پارێزراوبێت.”

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق سەبارەت بە هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد: ” لە هەموو وڵاتێک حزبی ئۆپۆزسیۆن بوونی هەیە و مافی سیاسی هەر تاکێکە، بەڵام دەستووری عێراق ڕێگەنادات لە ڕێگەی خاکی عێراقەوە هیچ چالاکییەکی سەربازی ئەنجامبدرێت کە وڵاتانی دراوسێ بکاتە ئامانج، پێمان وایە حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش پێوەی پابەندن.”

سەبارەت بە جوڵە پێکردنی هێزەکانی سوپای پاسداران بۆ ناوچە سنوورییەکانی عێراق موسەنا ئەمین ڕایگەیاند: ” پەیوەندی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بە شێوازێکە کە دەتوانێت بە شێوەیەکی ئاشتیانە لەگەڵ ئێران بگاتە ڕێککەوتن، بەڵام هیچ گرەنتییەکیش نیە”.

 

عێراق پابەندە بە کۆنوسی ئەمنی لەگەڵ ئێران

لەدوای خۆپیشاندانەكانی ساڵی رابردووی ئێران، كۆماری ئیسلامی ئێران دەستیكرد بە بۆردومانكردنی بارەگاكانی حزبەكانی رۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵ و فشارەكانی ئێران بۆ چەكداماڵینی هێزە كوردییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان  بۆسەر حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان بەردەوامە.

رۆژی ١٩ ئاداری ئەمساڵ عەلی شەمخانی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی پێشووی عێراق سەردانی بەغدای كرد، لەگەڵ قاسم ئەعرەجیدا رێككەوتنی ئەمنیی پاراستنی سنورەكانی ئیمزا كرد، ئەم رێككەوتنە ناوی لێنراوە “كۆنوسی ئەمنیی”، ئامانجی سەرەكی رێككەوتنەكە چەکداماڵین و دوورخستنەوەی هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە لە ناوچە سنوورییەکان.

هاوکات لە سەرەتای مانگی ئەیلوولەوە بەشێک لە سەرکردەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان سەردانی ئێرانیان کردووە بۆ گەیشتنە ڕێککەوتن، لەو چوارچێوەیەدا ڕۆژی ١٣ ئەیلوول فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق سەردانێکی تارانی کرد و لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئێران پێشوازی لێکرا.

لە هەمان کاتدا چەند ڕۆژ پێشتر بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی تارانی پایتەختی ئێرانی کرد، لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە چەندین کۆبوونەوەی ئەنجامدا.

حكومەتی عێراق پابەندبوونی خۆی بۆ چەكداماڵینی هێزە كوردییەكانی رۆژهەڵات بەرامبەر ئێران راگەیاند، ئێرانیش ١٩ی ئەیلوولی وەک دوا وادە داناوە و ماوەكەش درێژناكرێتەوە.

بڕیاری ناردنی پارە بۆ مووچە درا
پێت بڕیاری ناردنی پارە بۆ مووچە درا
سودانی فەرمانی لەسێدارەدانی باوکی خۆی واژۆ دەکات
دوات سودانی فەرمانی لەسێدارەدانی باوکی خۆی واژۆ دەکات
پەیوەندیدر