سەڵاحەدین بەهادین: دواخستن و نەدانی مووچە ستەمێكی گەورەیە



 

ئەمینداری‌ گشتی‌ یەكگرتووی‌ ئیسلامی‌ كوردستان هۆشداری لە دۆخی هەرێمی كوردستان و خراپی گوزەرانی هاووڵاتیان دەكات و دواخستنی مووچە بە “ستەم” وەسف دەكات و ڕایدەگەیەنێت، دۆخەكەیان گەیاندۆتە ئاستێك سەرەتاكەی تاریكە و كۆتاییەكەی نادیارە.

ئەمڕۆ هەینی 15ی‌ ئەیلولی‌ 2023، سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەیاوەری شاندێكی ئەنجوومەنی جێبەجێكردن و سەركردایەتی حزبەكەی، بەشداری كرد لەكردنەوەی بارەگای نوێی مەڵبەندی چواری یەكگرتووی ئیسلامیی لە گەرمیان.

بەگوێرەی‌ راگەیەنراوێكی‌ نووسینگەی ئەمینداری یەكگرتوو‌، سەڵاحەدین بەهادین هیوای خواست بەردەوام بارەگاكانی یەكگرتوو ماڵی پەروەردە و پێگەیاندن و خزمەتی هاووڵاتیان و سەكۆی بەیەكەوەژیان و ئارامی كۆمەڵگە بن.

وتیشی، “گەلی ئێمە شایستەی هەموو خزمەتێكە و گەلی خۆڕاگری ئێمە دەبێ خزمەت بكرێ و مافەكانی بۆ دابین بكرێ”.

ئەمینداری یەكگرتوو ئاماژەی بەوەشكردووە، ستەمی دواخستن و نەدانی مووچە ستەمێكی گەورەیە لەمووچەخۆران و هاووڵاتیانی هەرێمەكەمان دەكرێت و هەرچی بۆمان بكرێ بۆ خزمەت درێغی ناكەین و بەئەركی خۆمانی دەزانین.

ڕاشیگەیاند، “ئێمە قبوڵی زۆرمان كردووە لەمەحرومیەت لەمافە حزبیەكانی خۆمان، بەڵام بەهیچ جۆرێ دەستبەرداری داكۆكی لەمافی هاووڵاتیان نابین، كە بەداخەوە دەسەڵاتی كوردی نەیتوانیوە بەدەم ئەركەكانیەوە بێت و كەمتەرخەمە بەرامبەر مافەكان و بژێوی و خزمەتی هاووڵاتیانی كوردستان”.

ئاشكراشی كرد، “دەسەڵاتدارانی هەرێم دۆخەكەیان گەیاندۆتە ئاستێك سەرەتاكەی تاریكە و كۆتاییەكەی نادیار، بۆیە ئێمە داوای یاسایمان تۆمار كردووە دەربارەی كەمتەرخەمی دەسەڵاتداران لەبارەی مووچەی فەرمانبەران”.

سەڵاحەدین بەهادین جەختی‌ لەوەشكردەوە كە “نابێ قوتی هاووڵاتیان و مووچەی فەرمانبەران بكرێتە قوربانی ململانێ سیاسییەكان”.

بەنزینخانەكان بۆ دابەشكردنی بەنزینی عێراقی دیاریكران
پێشت بەنزینخانەكان بۆ دابەشكردنی بەنزینی عێراقی دیاریكران
ڕووداوێکی هاتووچۆ دوو برینداری لێ کەوتەوە
دواتر ڕووداوێکی هاتووچۆ دوو برینداری لێ کەوتەوە
ەیوەندیدار