وەزارەتی ناوخۆ: ئامانج لە دووهێندەبوونی غەرامە بۆ کۆکردنەوەی داهات نییە



 

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری لێخۆشبوونی ٢٠% ی سزای دارایی شۆفێرانی داوە و دووهێندەبوونی غەرامەی دارایی سەرپێچیی شۆفێرانیش، تاکو ٢٨ ی ٢ ی ٢٠٢٤ بەرکار نابێت و سزاکانی پێش ئەو ڕێکەوتە ناگرێتەوە.

هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاند، ئامانج لە دووهێندەبوونی غەرامە، کە لە کۆتایی مانگی ٢ ی ٢٠٢٤ جێبەجێ دەکرێت، کۆکردنەوەی داهات نییە، بەڵکو پاراستنی باخەڵی هاووڵاتییانە لە ڕێگەی کەمکردنەوەی سەرپێچی و سزاوە.

وتیشی، “وەزارەتی ناوخۆبۆ هاوکاریی شۆفێران لەو بارودۆخە تایبەتەی ئێستای هەرێمی کوردستان، دوای ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاری دا بە لێخۆشبوونی ٢٠%ی سزاکانی ڕابردوو و ئێستای هاتووچۆ، تاکو ٢٨ ی ٢ ی ٢٠٢٤ کە دەکەوێتە سەر شۆفێران. ئەوە بژاردەیەکی ئارەزوومەندانەیە، هاووڵاتی ناچار نییە سزاکانی خۆی پاکتاو بکات؛ وەکوو جاران دەتوانێت پێنج ساڵ جارێک بچێت پێبژاردنەکانی پاک بکاتەوە، بەڵام لە ڕابردوودا کاریگەریی خراپی لەسەر باری دارایی هاووڵاتی و سزاکانی هاتوچۆ هەبووە، چونکە لەو پێنج ساڵەدا هاووڵاتی هەستی نەکردووە ئەو سزایەی دراوە دەبێتە سنووردانان بۆ سەرپێچیی زیاتر و خۆپارێزی. بۆیە پێمان وایە هاووڵاتی تا دەتوانێ زووتر پاکتاوی سزاکانی خۆی بکات، تا جارێکی دیکە سەرپێچی نەکاتەوە و زیان بە داهاتی خۆی نەگات.”

میرانی لەبارەی بڕیاری دووهێندەبوونی سزا داراییەکانی شۆفێران، ڕایگەیاند، “لە دوای ٢٨ ی ٢ ی ٢٠٢٤، کار بە بەشی بیست لە یاسای ژمارە ٨٦ ی ٢٠٠٤ ی یاسای هاتووچۆ دەکرێت؛ واتا لە ٢٩ ی ٢ ی ٢٠٢٤ـەوە کە شۆفێر سەرپێچیی نوێی کرد، ئەو سزایە پێویستە لە ماوەی مانگێکدا بدرێت، دەنا دەبێتە دوو هێندە، ئامانج لەوەدا ئەوەیە، سزاکە لە هەمان مانگدا بدات و سەرپێچی دووبارە نەکاتەوە و بەوەش لە سزا دوور بکەوێتەوە. چونکە خودی سزاکە بۆ ئەوەیە شۆفێر هەست بکات سزای سەرپێچیی لەسەرە و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیان و داراییەکەی هەیە، نەک پێبژاردن زۆر دوا بکەوێت و هێزی سزاکە کەم بێتەوە، کە ئەمەش وا دەکات سەرپێچییەکان کەم نەبنەوە؛ وەکوو ئەوەی هاووڵاتی زۆرجار لە نائاگایی و بەدوادانەچووندا، بە قەد نیوەی نرخی ئۆتۆمبێلەکەی سزای لەسەر تۆمار کراوە و لەسەری کەڵەکە بووە، بەوەش زیانی زۆری کردووە.”

میرانی وتی: “بۆ ئەوەی شۆفێران بە وردی و وریاییەوە ئاگاداری سزاکانیان بن، سایتی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ، داتاکانی هەر شۆفێریکی لە ڕووی سزاوە خستووەتە ڕوو، کە دەتوانن بزانن چەندە سزایان لەسەرە، بەڵام بەشێکی زۆری هاووڵاتییان ساڵی جارێک یان دوو جار، یان چەند مانگ جارێک سزاکانیان دەپشکنن، بۆیە پێمان باش بوو ئەپلیکەیشنێک تایبەت بە شۆفێران دابنرێت، بۆ ئەوەی کە سەرپێچی کرا، هاووڵاتی ئاگادارییەکی بۆ بێت، ئەو ئاگادارکردنەوەیە وا دەکات ئاگای لە سزاکانی بێت و خۆی لە سەرپێچیی نوێ بپارێزێت”.

میرانی دەشڵێت: “هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە ئەو بڕیارە بۆ کۆکردنەوە داهات نییە، بەڵکوو کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی داهاتی هاتووچۆش دەبێت، چونکە وا دەکات خەڵک کەمتر سەرپێچی بکەن و زوو ئاگاداری پێبژاردن و پاکتاوکردنەکانیان بن، ئامانجەکە ئەوەیە هاووڵاتی قەرزار نەبێت و پارەی زۆری نەکەوێتە سەر و کەمتر سەرپێچی بکات.”

كۆرۆنا نوێیەكە گەیشتە توركیا
پێشت كۆرۆنا نوێیەكە گەیشتە توركیا
كاتی بڕیاریدان لە ناردنی پارەی مووچەی هەرێم ئاشكراكرا
دواتر كاتی بڕیاریدان لە ناردنی پارەی مووچەی هەرێم ئاشكراكرا
ەیوەندیدار