خوشكەزاكەی خامەنەئی ناكۆكیی نێو بنەماڵەی ڕێبەری ئێران ئاشكرا دەكات



 

خوشكەزای عەلی خامەنەئی ڕێبەری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە لێدوانەكەی بەدریە خامەنەئی دایكى دەڵێت “ئەمە كەمترین كارە كە دایكی توانیویەتی لەگەڵ خەڵكیدا بیكات و هیوادارە قسەكانی ئەو پیاوە ئاینیانە بهێنێتە دەنگ كە دژی سیستەمی دەسەڵاتی پیاوانی ئینین، بەڵام بێ دەنگن.”

مەحمود مورادخانی كوڕی بەدری خامەنەئی و شێخ عەلی تارانی كە لە فەڕەنسا نیشتەجێیە، ڕۆژی چوارشەممە لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ بەشی فارسی دەنگی ئەمریكا، ڕایگەیاندووە، یەكێك لە هۆكارەكانی بڵاوكردنەوەی بەیاننامەكەی دایكی بە “هاوبەشبوونی لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكان” وەسف كرد و گوتی، دڵخۆشە بە بینینی ئەوەی خەڵك لە ” ئەنجامی چەند دەیەیەكی چالاكی” زیاتر هۆشیار بوونەتەوە.

جەختیشی كردەوە “خەڵك ترسیان لەم حكومەتە نەماوە و چیتر سەركوتكارییەكان كاریگەری نەرێنی لەسەر بزووتنەوەكە نابێت و نابێتە هۆی كەمكردنەوەی بزوتنەوەكە و ئەمەش زۆر گرنگە””.

خوشكەزاكەی ڕێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران سوریش بوو لەسەر ئەوەی كە دژایەتی خێزانەكەی لەگەڵ ” كەسێتی عەلی خامەنەئیدا نییە “، ڕایشیگەیاند ” كێشەی ئێمە هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ دەوڵەت بە گشتی بووە. هەر لە چەند مانگی یەكەمی دوای 79 ( دەستپێكی شۆڕشتی ئیسلامی ئێران) وە باوكم وتی نابێت مەلا حوكم بكات و ئێمە دژی حوكمڕانی ئاینیین. دژی دەسەڵاتی ئاینی و دەسەڵاتی ویلایەتی فەقین. دایكیشم هەر لەسەرەتاوە ئەو بۆچوونەی هەبوو. لەبیرمە هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە كاتێك كە براكەی دەبینی، ئەم قسانەی هەر دەكرد و تەنانەت بیرمە ئێمە پەیوەندیمان دەكرد بۆ ڕزگاركردنی ئەو خەڵكەی حوكمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو، بەڵام بە داخەوە عەلی خامەنەئیش وەكو ئەوانی تر وەكو خودی خومەینی گوێینەدەدا و ئەویش تاكە ئامانجی گەیشتن بە دەسەڵات و مانەوە بوو لە دەسەڵاتدا.”

مەحمود مورادخانی هیوای خواست كە لێدوانەكەی دایكی “كاریگەری ئەرێنی هەبێت” و “سەركردەكانی حكومەت زیاتر هەست بەو مەترسییە بكەن و خۆیان لە مەترسیدا ببینن و ئەوانەش كە بەهۆی كۆمەڵێك بەرژەوەندییەوە بێدەنگ بوون، بێنە دەنگ”.

ناوبراو زۆر بە ڕاشكاوانە بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند “كەسانێكی زۆر هەن، تەنانەت لە بنەماڵە و لەناو پیاوانی ئایینیدا، كە لەگەڵ هەموو سیستمی دەسەڵاتی ئایینیدا هاوڕا نین و پێویستە قسە بكەن. نابێت لە سبەینێ بترسن.”

مورادخانی هەروەها ڕایگەیاندووە كە خەڵك بۆ گەیشتن بە “ئازادی و دیموكراسی و ڕزگاربوون لە خراپەی كۆماری ئیسلامی گیان و ماڵی خۆیان خستووەتە مەترسییەوە و لە شەقامەكاندا خەبات دەكەن”، هیوای دەربڕی كە لێدوانەكی دایكی “هاندەر” و “پشتیوانی” بێت بۆیان، بۆ ئەوی لە مێژوودا نەنوسرێتەوە ” خوشكی فڵان كەس، هەرچەندە دژی بوو، بەڵام قسەی نەكرد”.

ئاماژەی بەوەش كرد دایكی كە تەمەنی نزیكەی هەشتا ساڵە لە دۆخێكدا نییە كە بتوانێت لەگەڵ خەڵكیدا بچێتە سەر شەقامەكان بۆیە هەر هیچ نەبێت ویستوویەتی بەم بەیاننامەیە كارێك ئەنجام بدات.

كوڕەكەی بەدری خامەنەئی باسی لەوەش كرد لە پاش ساڵی 2009 وە دایكی هیچ پەیوەندییەكی بە عەلی خامەنەئی برایەوە نەماوە لەبەر ئەوەی ” بە فەرمانی خودی خامەنەئی تەقە لە خەڵكی كرا لەسەر شەقامەكان.”

لە ساڵی 2009 و پاش ڕاگەیاندنی سەركەوتنی مشتومڕلەسەری مەحمود ئەحمەدی نژاد لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئێراندا، لە سەرانسەری شارە سەرەكییەكانی ئێران پشتیوانانی كاندیدەكانی ئۆپزسیۆن میر حوسەین موسەوی و مەهدی كەروبی ڕژانە سەر شەقامەكان. ئەو خۆپیشاندانانەی كە هەتا ساڵی 2010 بەردەوام بوون بە بزوتنەوەی سەوز یان بەهاری فارسی ناودێر دەكرا.

حكومەتی ئێران پشتڕاستی كردەوە كە 36 كەس لەو خۆپیشاندانانەدا كوژرابوون، لە كاتێكدا ڕاپۆرتە پشتڕاست نەكراوەكانی دیكە ئاماژەیان بەوە كردبوو كە بەلایەنی كەم 72 كەس لەو ناڕەزایەتیانەدا كوژرابوون.

مەحمود مورادخانی، خوشكەزاكەی خامەنەئی باسی لە دۆسێیەی فەریدە مورادخانی خوشكیشی كرد كە لە ئێستادا لە ئێران لە زینداندایە، وتی سەرەتا سزاكەی 15 ساڵ بوو بەڵام گۆڕا بۆ پێنج ساڵ. هەرچەندە ئەوەشی وت ” ئەگەر حكومەت بڕوخێت ئەوا زووتر ئازاد دەكرێت.”

لە مانگی یانزەدا فەریدە مورادخانی كچەزای خامنەئی دوای ئەوەی داوای لە حكومەتەكانی جیهان كرد پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئێران بپچڕن، دەستگیركرا.

بەدری حەسەن خامنەئی، خوشكی ئایەتوڵا عەلی خامەنەئی، ڕێبەری باڵای ئێڕان، لە نامەكەیدا ڕەخنەی لە دامەزراندنی دەسەڵاتە ڕۆحانیەكەی ئێران گرتووە لە سەرەتای دەسەڵاتی دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامی ئایەتوڵا ڕوحوڵا خومەینیەوە تاوەكو دەسەڵاتی براكەی.

بەدری لە نامەكەیدا كە ڕۆژی چوارشەممە بڵاو كراوەتەوە دەڵێت ” پێم وایە ئێستا گونجاوە ڕایبگەیەنم كە دژایەتی كارەكانی براكەم دەكەم و هاوسۆزی خۆم بۆ هەموو ئەو دایكانە دەردەبڕم كە ئێستا بەهۆی تاوانەكانی كۆماری ئیسلامییەوە لە ماتەمینیدان.”

لە نامەكەدا هاتووە دەڵێت ” سوپای پاسدارانی عەلی خامەنەئی دەبێت بە زووترین كات چەكەكانیان دابنێن و تاوەكو درەنگ نەبووە بچنە پاڵ خەڵكەكە.”

لە پاش كوژرانی ژینا ئەمینی، لە كاتێكدا بە تۆمەتی پێشێلكردنی یاسای حیجابی زۆرەملێ لەلایەن پۆلیسی ئاكار (گەشتی ئیرشاد)ەوە لە تاران دەستگیركرابوو، ناڕەزایەتی سەرتاسەری لە ئێران دەستپێكرد.

بە پێی دواین ئاماری ڕێكخراوەكانی مافەكانی مرۆڤ و چالاكوانان لەوەتای ئەم خۆپیشاندانانە لە 17 ی مانگی 9 وە دەستیانپێكردووە بەلایەنی كەم 458 كەس كوژراون لە ناویاندا 63 منداڵ و 29 ژنیش و بە هەزاران كەسیش بریندار بوون.

 

كەمپەینی ناوچەی دژەفڕینی ڕۆژئاوا ڕاگەیەندرا
پێشت كەمپەینی ناوچەی دژەفڕینی ڕۆژئاوا ڕاگەیەندرا
مەترسی لەسێدارەدانی هونەرمەندێكی كورد هەیە
دواتر مەترسی لەسێدارەدانی هونەرمەندێكی كورد هەیە
ەیوەندیدار