مەترسی لەسێدارەدانی هونەرمەندێكی كورد هەیە



 

شارەزایانی نەتەوە یەكگرتووەكان وێڕای ئیدانەكردنی جێبەجێكردنی یەكەمین حوكمی لەسێدارەدانی یەكێك لە بەشداربووانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەكانی ئێران، هۆشدارییان دا لە مەترسی لەسێدارەدانی زیاتر كە مەترسی لەسەر ژیانی هونەرمەندانی دەستگیركراو دروست دەكات.

بەپێی هەواڵی ڕادیۆی دەنگی ئەمریكا، موحسین شكاری تەمەن 23 ساڵ لە چوارچێوەی خۆپیشاندانەكانی ئێراندا بە تۆمەتی ” هەڵگیرسانی جەنگ” سزای مەرگی بەسەردا سەپێنداو بەرەبەیانی پێنجشەممەش سزاكە جێبەجێ كرا.

دەستەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان لە بەیاننامەكەی ڕۆژی پێنجشەممەیاندا جگەلە ئیدانە كردنی ئەو سزایە مەترسیان لەمەڕ ژیانی هونەرمەندی كوردی كرماشان سامان یاسین دەربڕی.

یاسین لە 2 ی مانگی 10 ی 2022 بەهۆی گۆرانییەكانی كە دەوترێت تیایدا ڕەخنەی لە حكومەت گرتووە، دەستگیر كراوە و بە پێی ڕاپۆرتان سزای مەرگی بەسەردا دراوە.

سەرچاوە هەواڵییەكانی نێو ئێران وەكو تۆڕی مافەكانی مرۆڤی ئێران و ڕێكخراوی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ دەڵێن لەو كاتەوەی دەستگیركراوە هەتا ئێستا مافی دەستنیشانكردنی پارێزەری پێنەدراوە.

بە پێی سەرچاوەكان نزیكەی 10 ڕۆژ لەمەوبەر ئەم گۆرانیبێژە ڕاپە كوردە لە زیندانی ئێڤێنەوە بە شێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو گوازراوەتەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شاری كەرەج.

سامان یاسین

ڕۆژی چوارشەممە دایكی سامان سەیدی ناسراو بە یاسین، تۆمارێكی ڤیدیۆیی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوكردەوە و تیایدا داوای پشتیوانی لە ڕێكخراوەكانی مافەكانی مرۆڤ دەكات بۆ كاركردن لە پێناو هەڵوەشاندنەوەی حوكمی لەسێدارەدانی كورڕەكەی لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە. لە گرتە ڤیدیۆكەدا دایكی سامان دەپاڕێتەوە بۆ ژیانی كوڕەكەی و دەڵێت كوڕەكەی ” هونەرمەندە، ئاژاوەگێڕ نییە.”

بە پێی ئاماری نەتەوە یەكگرتووەكان لە سەرەتای ناڕەزایەتییەكانەوە تا ئێستا لانیكەم 40 هونەرمەند، نووسەر، شاعیر، ئەكتەر، سینەماكار و مۆسیقاژەنی ئێرانی دەستبەسەر و زیندانی كراون.

شارەزایانی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە دۆسیەی ئەو هونەرمەندانە بە حكومەتی ئێران ڕاگەیاندووە و داوایان لێكردون كۆتایی بە پێشێلكارییەكان بهێنن.

لە پاش كوژرانی ژینا ئەمینی، لە كاتێكدا بە تۆمەتی پێشێلكردنی یاسای حیجابی زۆرەملێ لەلایەن پۆلیسی ئاكار (گەشتی ئیرشاد)ەوە لە تاران دەستگیركرابوو، ناڕەزایەتی سەرتاسەری لە ئێران دەستپێكرد.

بە پێی دواین ئاماری ڕێكخراوەكانی مافەكانی مرۆڤ و چالاكوانان لەوەتای ئەم خۆپیشاندانانە لە 17 ی مانگی 9 وە دەستیانپێكردووە بەلایەنی كەم 458 كەس كوژراون لە ناویاندا 63 منداڵ و 29 ژنیش و بە هەزاران كەسیش بریندار بوون.

خوشكەزاكەی خامەنەئی ناكۆكیی نێو بنەماڵەی ڕێبەری ئێران ئاشكرا دەكات
پێشت خوشكەزاكەی خامەنەئی ناكۆكیی نێو بنەماڵەی ڕێبەری ئێران ئاشكرا دەكات
سودانی و سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پەیوەندییەکی تەلەفونیان ئەنجامدا
دواتر سودانی و سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پەیوەندییەکی تەلەفونیان ئەنجامدا
ەیوەندیدار