پارێزگاری سلێمانی: پاراستنی قەوارەی هەرێم لە حزب و سەرکردە گەورەترە



پارێزگاری سلێمانی، هۆشداریدەدات لەوەی کە قەوارەی هەرێمی کوردستان کەوتووەتە بەردەم مەترسی هەڵوەشاندنەوە و دەڵێت پێویستە پارێزگاری لە مانەوەی بکرێت چونکە “پاراستنی قەوارەی هەرێم پاراستنی یەکێتی و پارتی نییە، بەڵکو بۆ پاراستنی خۆمان و وڵات و شەهیدەکانمانە.”

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە:” قەوارەکە هاتۆتە بەردەم مەترسی هەڵوەشان و نەمانی هاووڵاتیەکانی، وە دەبینەوە بە هاووڵاتی پلە دوو و پەراوێزخراو، وە دەمانباتەوە ناو کەمپەکان، دەمانکەنەوە بە کارەکتەری نا کاری.”

لەم بارودۆخەی هەرێمەکە پێیدا تێپەڕدەبێت، هەڤاڵ ئەبوبەکر دەڵێت،”لەدەستدانی قەوارەی هەرێم لەدەستدانی کوردستانە بەگشتی. پاراستنی قەوارەی هەرێم پاراستنی یەکێتی و پارتی نییە، بەڵکو بۆ پاراستنی خۆمان و وڵات و شەهیدەکانمانە.”

حکومەتی هەرێم تا ئێستا نەیتوانیوە موچەی مانگی ٧ و ٨ی فەرمانبەرانی دابین بکات. لە کاتێکدا حکومەت هۆکارەکەی بۆ نەبوونی پارەی پێویست دەگەڕێنێتەوە، فەرمانبەران هەڕەشەی بایکۆتی کارکردن دەکەن، بە تایبەت مامۆستایان کە پێویستە لەم مانگەوە بۆ دەستپێکی وەرزێکی نوێی خوێندن بگەڕێنەوە قوتابخانەکان.

سەبارەت بە هۆکاری ناکۆکیەکان، پارێزگاری سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، “هۆکارەکانی ناکۆکی لە ناو کوردا زۆرن، مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە، لە چاڵدێرانەوە تا ئێستا یان لە دوای کەوتنی دەوڵەتی ماددەوە تا ئێستاتێدا دروست بووە. لە سایەی لایەنە سیاسیەکانەوە وایلێهاتووە کورد قوربانی و جەللاد لە یەک جیا نەکاتەوە. ڕزگار کەر و داگیر کەر لە یەک جیا نەکاتەوە. ئەم پەرتەوازەییە هۆکارەکەی ئەوەیە کە کورد نەیتوانیوا بگات بە هەموو ئامانجەکانی خۆی.”

هەڤاڵ ئەبوبەکر بە پێویست دەزانێت لایەنەکان ناکۆکییە نێوخۆییەکان تێپەڕێنن و بەرنامەیەکی هاوبەش دابنێن، بەجۆرێک هیچ لایەنێک نەکەوێتە دەرەوەی پرۆسەکە. وتی، “دەبێت بەرنامەیەکی نیشتمانی دابنرێت بۆ مانەوەی قەوارە و خەڵکی هەرێمی کوردستان، ئەمە لە حزب و سەرکردە گەورەترە.”

دەشڵێت، “دەبێت بە بیڕیکی ورد تر بیری بۆ بکرێتەوە. دەکرێت ئەم دۆخە بکرێتە دەرفەتێکی باش ئەگەر ئیرادەیەکی هاوبەشمان هەبێت، ئێمە بتوانین تەجاوزی ئەو ڕق و کینە و شەڕە بکەین کەلە ڕابردوو کردوومانن و دۆخێکی تازە بهێنینە کایەوە، وە سەرکردایەتیەکی تازە دوست بکەین کە کۆکەرەوە بێت و خەمی ئینسانی کوردی هەبێت و خەمی پاراستنی قەوارەکە و ئابووری نیشتیمانی بێت. مەترسیەکان گەورەن بەڵام دەرفەتی زاڵبوونەوە لە بەرامبەردا زۆر ئاسانە.”

لەگەڵ بەردەوامی ئالۆزییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و قەیرانەکانی حکومەتی هەرێم، هاوکات تورکیا بەردەوامە لە چالاکییە سەربازییەکانی دژ بە پەکەکە لەسەر سنور. ئەمە سەرەڕای هەڕەشەکانی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر هەرێم لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتننامەیەکی نێوان عێراق و ئێران سەبارەت بە ڕاگوازتنی حزبەکانی کوردستانی ئێران بۆ ناوچەکانی وەک موسڵ.

لەم بارەوە پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند،”بە دەوڵەتانی ناوچەکەمان وتووە، گەر پێتانوابێت سود لە خاکی هەرێم وەرگیراوە بۆ هێرشکردنە سەرتان، ئێوەش کوردستانتان کردووەتە گۆڕەپانێک بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەجێندا ئەمنی و سەربازییەکانتان.”

پارێزگاری سلێمانی داوادەکات کورد خۆی تێکەڵی ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان نەکات، چونکە وەک خۆی دەڵێت ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت جەنگێکی نێودەوڵەتی و ناوچەییە و کورد ڕۆڵی سەرەکی نییە تێیدا.

هەڤاڵ ئەبوبەکر ڕایگەیاند، “کورد نابێت ببێتە داش و دەستکەلای هیچ لایەک، دەبێت خۆی بپارێزێت. دەبێت کورد پەند لە سەدەی ڕابردوو وەربگرێت، کە توشی زەرەری گەورەبوو لە نێوان ڕۆم و عەجەم و عوسمانی و سەفەوی.”

نوێترین لێدوانی ئەمریکا لە بارەی کێشەکانی هەرێم و بەغدا
پێشت نوێترین لێدوانی ئەمریکا لە بارەی کێشەکانی هەرێم و بەغدا
نەخۆشخانەیەكی دیكە لە سلێمانی بایكۆتی ڕاگەیاند
دواتر نەخۆشخانەیەكی دیكە لە سلێمانی بایكۆتی ڕاگەیاند
ەیوەندیدار