دادگای فیدڕاڵی بۆچی داوای پلەبەرزكردنەوەی ڕەتكردەوە؟



دوای چەند كۆبوونەوەیەك، دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق ئەمڕۆ یەك شەممە ئەو سكاڵایەی ڕەتكردەوە، كە لەسەر حكومەتی هەرێم تۆماركرابوو دەربارەی ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران، ڕاوێژكارێكی یاسایی دەڵێت: “تۆماركردنی ئەو سكاڵایە بۆ وروژاندنی هەست و سۆزی فەرمانبەران و قۆستنەوەی دۆخەكە بووە، چونكە ئەو جۆری سكاڵایانە لە تایبەتمەندی ئەو دادگایە نییە”.

لە ساڵی 2016ەوە و ماوەی 8 ساڵە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزیران پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی مەدەنی ڕاگرتووە لەكاتێكدا پلەبەرزكردنەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە و هەندێك لە توێژە باڵاكان بەردەوامە و بەو هۆیەوە هەر فەرمانبەریك مانگانە نزیكەی 60 بۆ 150 هەزار لە مووچەكەی دەبڕدرێت و ئەوەش ناونراوە “لێبڕینی شاراوە لە مووچە”.

لە ماوەی ڕابردوودا چەند پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا لە دادگای فیدڕاڵی سكاڵایان تۆماركرد لەسەر ئەو بڕیارەی ساڵی 2016ی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، كە پلەبەرزكردنەوەی ڕاگرتووە، ئەمڕۆش لە كۆتا دانیشتنی دادگاكەدا، دادگا بڕیاریدا بە ڕەتكردنەوەی داواكە بەو پێیەی وەك دادگاكە دەڵێت: “ئەو جۆرە داوایە لە تایبەتمەندی دادبینی دادگای فیدڕاڵی نییە”.

عەبدولقادر ساڵح، ڕاوێژكاری یاسایی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە ڕۆژی 4/ 8/ 2023 لە پۆستێکدا بە وردی باسمان لەوە کرد، كە ئەو داوایەی تایبەت بە بڕیاری ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران لە دادگای فیدڕاڵی تۆمار کراوە لەلایەن دادگاکەوە ڕەتدەکرێتەوە بەو هۆکارانەی لە پۆستەکەدا باسکرابوو، بە داخەوە ئەمڕۆ دادگاکە بڕیاری دا بە ڕەتکردنەوەی داواکە لەبەر ئەوەی لە تایبەتمەندییەکانی دادگاکە نیە.

دەشڵێت: “لێرەدا دووپاتی دەکەمەوە، کە ناکرێت بینا لەسەر وروژاندنی هەست و سۆزی فەرمانبەران و قۆستنەوەی ئەم دۆخە، ئەم جۆرە گرەوانە بکرێت بێ ئەوەی پێشوەختە لێکدانەوەی یاسایی بۆ کرابێت و پرس و ڕا بە کەسانی شارەزا کرابێت”.

جەختیشی كردەوە، دادگای فیدڕاڵی زیاتر لە پێنج داوای ڕەتکردۆتەوە لەسەر ئەو بڕیارانەی حکومەتی هەرێم دەریکردوون لە کاتی سەرهەڵدانی قەیرانی داراییدا و ئەم بریارەش یەکێکە لەو بریارانەی، کە بێگومان لەلایەن دادگاوە ڕەتكراوەتەوە لەبەر ئەوەی هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ بریارەکانی دیکە نییە، بەڵام بە داخەوە کەس بە گوێی نەکردین.

بەپێی دەستووری عێراق، دادگای فیدڕاڵی دەسەڵاتەكانی دیاری كراوە، كە زیاتر خۆی دەبینێتەوە لە یەكلایی كردنەوەی ئەو ناكۆكیانەی لەسەر دەستووری بوونی یاساكان دروست دەبن و تانەیان لێ‌ دەدرێت، هەروەها یەكلایی كردنەوەی ناكۆكی نێوان حكومەت و پەرلەكان یان وەزارەتەكان یان حكومەتی هەرێم و حكومەتی ناوەندی یان دەسەڵاتەكانی دیكەی هەرێم و ناوەند.

بەپێی یاسای ئەنجوومەنی شورای عێراق و هەرێم، یەكلایی كردنەوەی ناكۆكی نێوان ئیدارە و حكومەت لەگەڵ فەرمانبەران لە ڕێگەی تۆماركردنی سكاڵا لە بەردەم دەستەی بەرزەفتی فەرمانبەران دەبێت لە ئەنجوومەنی شورا، هەر بۆیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوە دەبێت سكاڵا لە دەستەی بەرزەفتی تۆمار بكرێت.

چەند بریارێک لە کۆمپانیای مایۆرکا سیتیەوە بۆ هاووڵاتییان
پێشت چەند بریارێک لە کۆمپانیای مایۆرکا سیتیەوە بۆ هاووڵاتییان
پارتی”لەلایەن هێزە شۆڤێنییەکانەوە مافی خەڵکی کوردستان زەوت دەکرێت”
دواتر پارتی”لەلایەن هێزە شۆڤێنییەکانەوە مافی خەڵکی کوردستان زەوت دەکرێت”
ەیوەندیدار