ئەردۆغان دەیەوێت قەرەبوو بە عێراق نەدات



ڕۆژی چوارشەممە، ماڵپەڕی “هیلینک شیپینگ نیوز” کە تایبەتە بە هەواڵی کەشتییە بارهەڵگرەکان، بڵاویکردەوە، هەناردەکردنی نەوت لە بەندەری جەیهان دەست پێناکاتەوە تا مانگی تشرینی یەکەم، هاوکات لەگەڵ سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ بەغدا.

ماڵپەڕەکە کە بنکەکەی لە قوبرسە، ئاماژەی بەوەکردووە: “تورکیا لە ٢٥ ئاداری ساڵی ٢٠١٨، ڕەوتی هەناردەکردنی نەوتی لە هەرێمی کوردستان ڕاگرت.”

ئەنقەرە دوای بڕیارێکی دادگای ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی، بڕیاربوو قەرەبوویەک بە بەهای ملیارێک و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بە بەغدا بدات، بۆ هەناردەکردنی نەوت لەلایەم حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٨ دا.

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە: “عێراق، لە مانگی نیساندا داواکارییەکی پێشکەش بە دادگایەکی فیدراڵی ئەمریکا کردووە بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ناوبژیوانی کە لەلایەن دادگای ژووری بازرگانی نێودەوڵەتییەوە دەرچووە، بەڵام یەکلایی نەبوونەوەی ئەم بابەتە هۆکاری دواکەوتنی سەردانەکەی ئەردۆغان بوو لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو”.

ڕاپۆرتەکە لە زاری بەرپرسێکی دیاری تورکیاوە نووسیویەتی: “ئەردۆغان  دەیەوێت سەردانی بەغدا بکات و ڕێککەوتنێک واژۆ بکات، بەڵام تا ئێستا هەنگاوە کۆنکرێتییە چاوەڕوانکراوەکان لەلایەن عێراقەوە نەگیراوەتەبەر.”

بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، یەکێک لەو هەنگاوانەی کە ئەنقەرە لە عێراق داوای دەکات، ڕاگرتنی ڕێکارەکانی دادگاییکردنی ئەمریکایە، لە ئەنجامدا بڕیارە سەردانەکەی ئەردۆغان لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.

هەروەها ڕاپۆرتەکە لەزاری سەرچاوەیەکی دیکەی فەرمی لە وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە نووسیویەتی: “تا ئێستا خشتەی کاتی دیاریکراومان لە ئەنقەرەوە پێنەگەیشتووە سەبارەت بە وادەی چاوەڕوانکراو بۆ هاتنی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ بەغدا”.

بەڵام ئەو بەرپرسە عێراقییە وتی: “رەنگە سەردانەکە لە کۆتایی ئەم مانگەدا ئەنجام بدرێت، یان ئەگەری زۆرە لە مانگی تشرینی یەکەمدا ئەنجام بدرێت، ئەمەش بەندە بە سەرکەوتنی ئەو پێشهاتانەی پەیوەستن بە گفتوگۆکانی تایبەت بە پرسەکانی وزە، کە پێویستی بە ماوەیەکی زیاترە لەوەی پێشبینی دەکرا.”

دوو بەرپرسی نەوتی عێراقی ئاگادار لەو وتووێژانە ڕایانگەیاندووە، تورکیا هەوڵی یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکە دەدات، دەیەوێت عێراق واز لە داواکردنی قەرەبووکردنەوە بهێنێت.

لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوەش کراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی ٤ ملیار دۆلار زیانی پێگەیشتووە لەو کاتەوەی هەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا وەستاوە.

ئاماری نوێی زیانە گیانی و ماددییەکانی ڕووداوەکەی کەسنەزان ڕاگەیەندرا
پێشت ئاماری نوێی زیانە گیانی و ماددییەکانی ڕووداوەکەی کەسنەزان ڕاگەیەندرا
پێشبینی دەکرێت نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاو بگاتە ١٠٧ دۆلار
دواتر پێشبینی دەکرێت نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاو بگاتە ١٠٧ دۆلار
ەیوەندیدار