ئەمڕۆ هەموو چاوەکان لەسەر کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانن



چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە بڕیارەکەی حکومەتی عێراق ڕابگەیەنێت کە تایبەتە بە ناردنی 500 ملیار دینار قەرز بۆ هەرێم تا ئەو کاتەی کێشە داراییەکان یەکلادەکرێنەوە، وەزارەتی دارایی عێراقیش ڕایگەیاند دوو بانک قەرز بە هەرێم دەدەن.

بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبێتەوە و تێیدا هەڵوێستی فەرمی سەبارەت بە بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕابگەیەنێت.

بە پێی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، مانگانە بڕی 500 ملیار دینار قەرز دەدرێتە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرەکانی، ئەویش تا ئەو کاتەی کێشە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا یەکلا دەکرێنەوە.

هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان بژاردەی ئەوتۆی نەماوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا، بەڵام بەرپرسەکانی ناڕازین لە شێوازی مامەڵەکردنی حکومەتی فیدراڵی و پێیانوایە کە دەیەوێت وەك پارێزگایەك مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکات و پابەندیش نەبووە بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان.

ڕوونیش نەبووەتەوە کە بڕیارەکەی بەغدا بۆ 500 ملیار دینار قەرزەکە قبوڵ دەکات یان نا، چونکە پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەت لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوودا لەلایەك ڕەخنەی دەگرت لەوەی بەغدا بەبێ وەرگرتنی ڕای هەرێم ئەو بڕیارەی داوە و لەلایەکیش ئاماژەی بە قبوڵکردنی دەدا و دەیگوت ئەولەویەتی خەرجکردنی پارەکە بۆ مووچە دەبێت.

قبوڵکردنی بڕیارەکەش بە مانای چارەسەربوونی کێشە داراییەکانی حکومەتی هەرێم نایەت، چونکە لەگەڵ ئەوەی ئێستا لە مانگی نۆداین و هێشتا مووچەی مانگی حەوت و هەشت نەدراوە، ئەو پارەیەش کە بە قەرز دەنێردێت بڕەکەی 500 ملیارە و هەرێمی کوردستان دەڵێت پێویستی بە 940 ملیار دینارە.

درەنگانی شەوی رابردووش وەزارەتی دارایی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە کە هەردوو بانكی رەشید و رافیدەین رێككەوتنی پێدانی قەرز لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان واژۆ دەكەن، بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە وەزارەتی دارایی عێراق، بە دانانی بارمتە زامنی قەرزەكە دەكات و دوای پابەندبوونی هەرێم بە بڕگەكانی یاسای بودجە، لە شایستەكانی دەبڕدرێت.

ئەوەشی خستەڕوو کە پێویستە نوێنەرایەتی هەرێم هەماهەنگی لەگەڵ بانكەكان بكات بە مەبەستی واژووكردنی رێككەوتنی قەرزەكە لەلایەن وەزیری دارایی هەرێمەوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان پێیوایە هەموو پابەندییەکانی جێبەجێکردووە، بەڵام عێراق دەیەوێت لە ڕێی فشاری داراییەوە هەرێمی کوردستان ملکەچی بڕیارەکانی بکات.

ڕۆژی دووشەممەش مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی دەستووردا جێبەجێ کردووە، بەڵام جێی داخ و نیگەرانییەکی زۆرە، کە بە شێوەیەکی زۆر ناڕەوا و بە پێچەوانەی دەستوور، مافەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل دەکرێن و ڕێز لە ڕێککەوتنی نێوانی لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەت و ئەجێندای حکومەتیش ناگیرێت کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرا”.
سەرۆکی حکومەت وتیشی: “خەڵکی کوردستان بە هیچ شێوەیەک، دەستبەرداری مافە ڕەوا و دەستوورییەکانی نابێت و ملکەچی هیچ فشار و هەڕەشەیەکی ئەو لایەنانەش نابێت ، کە دەیانەوێ عێراق بگەڕێننەوە سەردەمی دیکتاتۆری و زەبرو زۆر و چەوساندنەوەی گەلی کوردستان”.

ڤاگنەر بە تیرۆریست دەناسێندرێت
پێشت ڤاگنەر بە تیرۆریست دەناسێندرێت
بڕیارێکی نوێ لە عێراقەوە بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەرچوو
دواتر بڕیارێکی نوێ لە عێراقەوە بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەرچوو
ەیوەندیدار