تووشبوون بە سكچوون و ڕشانەوە لە هەرێمی كوردستان لە زیادبووندایە



نەخۆشی سکچوون و ڕشانەوە بەرۆکی هاووڵاتیانی شاری سلێمانی و بەشێك لە شار و شارۆچكەكانی دیكەی هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە، ڕۆژانە ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتیان سەردانی نەخۆشخانە و دەرمانخانەکان دەکەن، تەندروستیش هۆشداری “ئەگەری كۆلێرا” دەدات و داوا لە هاووڵاتیان دەكات، سەوزە و ئاوی پیس و ماستاو و خواردنی دەرەوە بەكارنەهێنن.

لەگەڵ هاتنی وەزری هاوین وبەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمادا چەندین نەخۆشی بڵاودەبنەوە، لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان سەردانی نەخۆشخانەی شاریان کردووە، کە تووشی سکچوون و ڕشانەوە بوون، هەندێکیشیان بەوهۆیەوە دووچاری وشکبوونەوە بوونەتەوە و چارەسەریان بۆ دەكرێت و چەند نموونەیەكی پشكنینەكانیش ڕەوانەی تاقیگەی ناوەندیی لە بەغدا كراون بۆ دڵنیابوون لەوەی بزانن “كۆلێرا”یە یان تەنها سكچوون و ڕشانەوەیەكی ئاسایی.

د. ڕزگار عەلی، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاندووە، ئەوەی ئێستا هەیە سكچوونێكی قورسە بڵاوبۆتەوە و گومان دەكەین كۆلێرا بێت و بۆ پشتڕاستكردنەوەش چەند نموونەیەكمان لە پشكنینەكان ناردووە بۆ تاقیگەی ناوەندی لە بەغدا و لەم چەند ڕۆژەدا ئەنجامەكانی دەگەڕێتەوە.

ئاشكراشی كرد، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی تووشبوون بە سكچوون و ڕشانەوە داخڵی نەخۆشخانە كراون 5 هەزار كەسی تێپەڕاندووە.

ڕاشیگەیاند، پەتای سكچوون ڕوو لە زیادبوونە و هۆكارەكەشی ئەوەیە، كە لە وەرزی گەرمادا میكرۆب زیاتر بڵاودەبێتەوە و گەشەدەكات، هەروەها كەمی ئاوی خواردنەوە، كە یەكێك لە كێشەكانی دیكەش ئەوەیە، كە هەموو پاشەڕۆی بەشێكی ئێران و ناوچەی پشدەر دەڕژێتە ناو دەریاچەی دوكان و هەموو پاشەڕۆی سلێمانیش دەچێتە ناوچەی تانجەرۆ و زێرابەكان داپۆشراو نین.

سەبارەت بە خۆپاراستن وتی، “هۆكاری سەرەكی سكچوون ئاوی پیسە، بەڵام ئەو ئاوەی لە بەلوعەی تۆڕی سەرەكی ئاو هەیە لەگەڵ ئاوی بتڵكراو ئەوە لەژێر كۆنتڕۆڵی بەڕێوەبەرایەتی ئاو و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیدایە و خاوێنن، بەڵام ئەو ئاوەی دەیكڕن بە تانكەر بیكوڵێنن ئەوجا بیخۆنەوە”.

لای خۆشیەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا هۆشداری بە هاووڵاتیان دەكات بۆ خۆپارێزی لە “كۆلێرا” و ڕایدەگەیەنێت، حاڵەتەکانی سکچوون و ڕشانەوە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و گومانی بڵاوبونەوەی کۆلێرای لێ دەکرێت سەرجەم تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیمان لەئیستادا پشکنین و بەدواداچوون بۆ حاڵەتەکان دەکەن .

دەشڵێت: “داوا لە هازوڵاتیان دەکەین لەئیستادا خۆیان بەدوور بگرن لە بەکارهێنانی ئەو ئاوەی لە سەرچاوەکەی دڵنیا نین و تەنها ئەو ئاوەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی دابین دەکرێت و ئاوی بتڵ کراوەکان، کە لە ژێرچاودێری تیمەکانی تەندروستیدا کاردەکەن بەکاربهێنن، هاوکات بڕیاردرا بە قەدەغەکردنی هەموو جۆرە سەوزە و ماستاو لە چێشتخانە و خواردنگەکان و شوێنە گشتیەکان تەنیا ڕێگە دەدرێت بە بەکەرهێنانی ماستاوی لەقتوونراو”.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی داوا لە هاووڵاتیان دەکات، “پابەندی ڕێنمایە خۆپارێزیەکان بن و دڵنیان دەکەینەوە لەوەی هەموو ئامادەکارییەکی تەواوی کردووە بۆ هەر ئەگەرێك لەزیادبوونی حاڵەتەکان”.

هەرێم یەكەم كارتی فشار بەرامبەر بەغدا بەكاردەهێنێت
پێشت هەرێم یەكەم كارتی فشار بەرامبەر بەغدا بەكاردەهێنێت
لە ئارایشتگایەكی سلێمانی “فیلەر و بۆتۆكس” بۆ ژنان كراوە
دواتر لە ئارایشتگایەكی سلێمانی “فیلەر و بۆتۆكس” بۆ ژنان كراوە
ەیوەندیدار