هەرێم یەكەم كارتی فشار بەرامبەر بەغدا بەكاردەهێنێت



بەرپرسێكی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئاشكرایكرد، ھەرێمی كوردستان بەردانەوەی ئاوی بۆ ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق كردووتە فشار لەسەر حكومەتی فیدڕاڵ، ھەر كاتێك بەغدا ڕێگری لە ھەناردەكردنی بەرھەمی ھەرێم بكات بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق ئێمەش ئاو لەسەر ئەو ناوچانە دەگرینەوە.

نەبەز ڕەفعەت، ڕاوێژكاری وەزارەتی كشتوكاڵ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندووە، لە ھەرێمی كوردستان ڕۆژنامەی كشتوكاڵی ھەیە و لەكاتی پێگەیشتی بەرھەمی ناوخۆ لەگەڵ تەواوبوونی وەرزی ھەر بەرھەمێك ھاوردەكردنی بەرھەمی بیانی قەدەغە دەكرێت، یاسای ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠٠٨یش ھەیە بۆ پاراستنی بەرھەمی ناوخۆ، بەپێی یاسا ھەركاتێك بەرھەمی ناوخۆ پێگەیشت لەبەرامبەردا بەرھەمی ھاوردە قەدەغە دەكرێت یان باجی دەخرێتە سەر بۆ ئەوەی بەرھەمی ناوخۆ لەبازاڕەكاندا ساغ بكرێتەوە و زیان بە جووتیاران نەگات.

ڕاشیگەیاندووە، ئەو رۆژنامە كشتوكاڵییەی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ عێراقیش یەك دەگرێتەوە، چونكە ناكرێت لە ھەرێمی كوردستان ھاوردەكردنی بەرھەمێك قەدەغە بكرێت و لە سنوورەكانی عێراق بەردەوام بێت، ھەموو جارێك عێراق لە كۆبوونەوەكاندا بڕیار دەدەن پابەندی ڕۆژنامەی كشتوكاڵی بن، بەداخەوە دواتر پابەندی ڕێككەوتنەكە نابن و ھەر جارێك بیانوویەك دێننەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە، ھەرێمی كوردستان بابەتی بەردانەوەی ئاوی بەرامبەر بە عێراق بەكارھێناوە وەك فشار و ئاومان كردۆتە مەرج ئەگەر بەغدا پابەند نەبێ بە ڕێككەوتن ئێمەش ئاو دەگرینەوە لەسەر ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، واتە ئەگەر عێراق ڕێگە نەدات بەرھەمی جووتیارانی كوردستان بچێتە بازاڕەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و ڕێگری بكرێت ئێمەش ئاوی پێویست بۆ ئەو ناوچانە بەرنادەینەوە، ئێستا ڕەوشەكە باشە و ڕێگری ئەوتۆ ناكەن.

بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان بۆ دوو سەبەتە زیاد دەكرێت
پێشت بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان بۆ دوو سەبەتە زیاد دەكرێت
تووشبوون بە سكچوون و ڕشانەوە لە هەرێمی كوردستان لە زیادبووندایە
دواتر تووشبوون بە سكچوون و ڕشانەوە لە هەرێمی كوردستان لە زیادبووندایە
ەیوەندیدار