دابەشکردنی یەکەکانی کەمدەرامەتان بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت



کابینەى نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پشتبەست بە یاسای ژمارە ٧ ی ساڵی ٢٠٠٦ی هەموارکراوی ساڵی ٢٠١٦، پڕۆسەى هاوکاریکردن و پشتیوانی خێزانە داهاتنزمەکان “کەمدەرامەتەکان”ی لە ڕێگەى بەخشینی یەکەکانی نیشتەجێبوون دەست پێ کردووە و بەڕێوەبەرى گشتیی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنیش دەڵێت، “پڕۆسەکە بەردەوامی دەبێت”.

ئێستا فۆرمی دابەشکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون کارا کراوە و کرێنشینان و کەمدەرامەتان دەتوانن تاکو ٣٠ـی مانگی ١١ـی ئەمساڵ، بە ئۆنلایین فۆرمەکە پڕ بکەنەوە. یەکەکان لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنەوە دروست دەکرێن و پاش وردبینی، بەبێ پێشەکی و بە قیستی درێژخایەن دابەش دەکرێن.

توانا بەشیر، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، بە فەرمانگەى میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: “لە دوو هەفتەی ڕابردوودا کە فۆرم کارا کراوە، ١١ هەزار و ١٦٠ کەس پڕیان کردووەتەوە؛ تاکوو ٣٠ى ١١ى ٢٠٢٣ بەردەوام دەبێت. بە پێی داتاى حکومەت نزیکەى ٢٠٠ هەزار خێزانی کرێنشین هەن، لە قۆناغی یەکەمدا نۆ هەزار یەکەى نیشتەجێبوون دیاری کراون، بەپێی یاساى نیشتەجێکردن ئەو پرۆسەیە بەردەوامی دەبێت.”لەبارەى نیگەرانی و پەلەى هاووڵاتییان بۆ زووپڕکردنەوی فۆرمەکان، ناوبراو دڵنیایی دەدات و وتی: “لەو ٩٠ ڕۆژەدا، هەرکات فۆرم پڕ بکرێتەوە جیاوازی نییە و داتاکان شی دەکرێنەوە، تا ئەوکاتەى سیستەمەکە دادەخرێت. دواتر زانیارییەکان دەنێردرێنە یەکە کارگێڕییەکان و دەپشکێنرێن، لە ڕێگەى دامەزراوە تایبەتەکانەوە پشکنین بۆ زانیارییەکان دەکرێن. دواى گەڕانەوەی ناوەکان گرێبەستیان لەگەڵ دەکرێت و پێیان دەبەخشرێت.”

لەبارەى ئەگەری دەستتێوەردان و پاکییەتی پرۆسەکەوە ئەوەی خستەڕوو، “ئەم پرۆسەیە ئەلیکترۆنییە و خۆکارانە کار دەکات، داتاکان لە دەستی مرۆڤ دوورن، بە پێی پێویستیی دیاریکراو دیارى دەکرێن، نمرەدانان بەپێی پێویستی و شیاوییە و دەستتێوەردانی تێدا ناکرێت. دواى تەواوبوونی وادەى پڕکردنەوە، بە کەمتر لە چوار هەفتە زانیارییەکان پاکتاو دەکرێن و کاروبارەکانیان تەواو دەبن، دواى وردبینی لە یەکە کارگێڕییەکانی سەر بە وەزارەت، بڕیاریان لەبارەوە دەدرێت.”

یەکەکانی نیشتەجێبوون، ژمارەیان ٩ هەزار و ٤ یەکەیە و دەکەونە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، زۆرینەشیان دەکەونە پارێزگای سلێمانی؛ بەشێکیان نزیکن لەوەی تەواو ببن و بەشێکیشیان لە بواری جێبەجێکردندان. دابەشبوونی یەکەکان بەمشێوەیەیە: هەولێر ١٣٥٦ یەکە، سلێمانی ٣٨٧٦ یەکە، هەڵەبجە ١٩٢ یەکە، ئیدارەى ڕاپەڕین ٤٢٠ یەکە، ئیدارەى گەرمیان ٣٦٠ یەکە، دهۆک ٢١١٦ یەکە، زاخۆ ٣٢٤ یەکە و ئیدارەى سۆران ٣٦٠ یەکە.

ئەمریکا “خۆرهەڵاتی ناوەڕاست جێناهێڵین”
پێشت ئەمریکا “خۆرهەڵاتی ناوەڕاست جێناهێڵین”
بەغدا هۆکاری نەناردنی مووچەی ئاشکراکرد
دواتر بەغدا هۆکاری نەناردنی مووچەی ئاشکراکرد
ەیوەندیدار