شارەزایانی بواری تیرۆر ئاشكرایدەكەن، پلانێكی هەرێمی بۆ شكاندنی كامپی هۆڵ و زیندووكردنەوەی داعشی لە ئارادایە بە ئامانجی ڕێكخستنی شەپۆلێكی نوێی تیرۆر لە ناوچەكەدا.
مونیر ئەدیب شارەزا و پسپۆڕی كاروباری تیرۆر لە میسر دەڵێت “جەنگی توركیا لە باكووری سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان لە هێرشی ئاسمانی یان كردنە ئامانجی كامپی هۆڵ یان هێرشی زەمینی، كاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ناوچەكەدا”.
ئەدیب بۆ ئاژانسی ANHA دەڵێت “هێزەكانی سووریای دیموكرات لە شكاندنی داعش و ڕووخانی دەوڵەتەكەی داعش سەركەوتوو بوون، توانیان دەست بەسەر گرتووخانە و مۆڵگە و پێگەكانیاندا بگرن، ئەم هێزە ڕووبەڕووی جەنگی توركیا بووەتەوە، جەنگێك ئامانجیەتی هێز بە داعش ببەخشێتەوە و دووبارە بەرهەمی بێنێتەوە لە ڕێگای شكاندنی گرتووخانە و كامپی هۆڵ بۆ هەڵهاتنی تیرۆرستان لە زیندانەكەدا، وەك پێشتر لە گرتووخانەی سەناعە لە حەسەكە ڕووی دا”.
ئاشكراشیكرد “شانەی نووستووی داعش لە باكووری سووریادا هەن، ئەم جەنگەی توركیا بە هەماهەنگی لەگەڵ توندڕۆكانی ناو زیندان و كامپی هۆڵ و شانە نووستووەكانە، بە ئامانجی دروستكردنی ئاژاوە و بێسەروبەری لە ناوچەكەدا، بەجۆرێك كاریگەری لەسەر ستراتیژی جەنگی داعش و ڕووبەڕوووبوونەوەی تیرۆرستان هەبێت لە ڕۆژئاوای كوردستان”.
هۆشداریشی بە جیهاندا كە دەبێت بزانن هەر ئۆپەراسیۆنێكی توركیا كاریگەری نەرێنی لەسەر جیهان دەبێت بە گشتی، نەك تەنها باكووری سووریا و كورد بە تەنیا.
ئاماژەی بە ئەوەش كرد، گۆڕانكاری لە میانەی كوژرانی ڕێبەری داعش و دانانی ڕێبەری نوێ كراوە، ئەبو حسێن قوڕەیشی ڕێبەری نوێ هەوڵ دەدات ڕێنماییەكانی ئەبو بەكر بەغدادی ڕێبەری پێشووتر جێبەجێ بكات، كە ئەویش هەوڵدانە بۆ شكاندنی گرتووخانەكان كە هەزاران ئەندام و بنەماڵەی داعشی تێدان، بۆیە ئۆپەراسیۆنەكەی داعش ئەم هەلە بۆ داعش مسۆگەر دەكات، كە مەترسی بۆ جیهان بە گشتی دروست دەكات.
داواش لە هێزەكانی سووریای دیموكرات دەكات بە هیچ جۆرێك ڕێگا نەدەن، توركیا ئۆپەراسیۆن بكات، چونكە ئەوە دەبێتە كەشوهەوایەكی باش بۆ گەڕاندنەوەی داعش.
عەمرۆ عەبدول مونعیم شارەزای گرووپە تیرۆرستییەكان دەڵێت “داعش یەكێك لە ئامڕازەكانی دەوڵەتەكەی ئەردۆغانە بۆ ئامانجەكانی ئەنقەرە دەجوڵێندرێت، ئەنقەرە سوود لە ڕق و كینەی داعش دژی كورد وەردەگرێت، كە بەئەو دواییانە دەوڵەتەكەی داعشیان ڕووخاند”.
دەشڵێت: “هێرشەكەی توركیا خزمەتی داعش دەكات، دەبێتەهۆی شكاندنی زیندانەكان”.
ئاشكراشیكرد “پلانێك هەیە بۆ شكاندنی كامپی هۆڵ بە پشتیوانی هەندێك وڵاتی دراوسێ بۆ هەڵاتنی داعشەكان دەبێتەهۆی سەرهەڵدانی نەوەی چوارەمی تیرۆری داعش و بڵاوبوونەوەیان لە ناوچەكەدا، مەترسی دووبارە دروستبوونەوەی داعش هەیە لە ناوچەكەدا”.
ئاماژە بە ئەوەش دەكات “مانەوەی كامپی هۆڵ بە ئەو شێوازەی ئێستا و ڕەتكردنەوەی دەوڵەتان بۆ وەرگرتنەوەی تیرۆرستەكان، دەبێتە سەربازیەگی ئامادەكراو بۆ داعش لە هەرساتێكدا بێت بگەڕێنەوە، كە توركیا ئاسانكاری بۆ ئەوە دەكات”.