توركیا چەند مەرجێك بۆ هەناردەی نەوتی هەرێم ئاشكرادەكات



کاردانەوەکانی بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس سەبارەت بە وەستاندنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا بەردەوامە و کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە هەیە، بەتایبەتی دوای ئەوەی حکومەتی فیدراڵی عێراق بەرپرسیارێتی مەلەفی نەوتی هەرێمی كوردستانیشی گرتە ئەستۆ.

بۆری نەوتی خاو لە هەرێمی کوردستانەوە لە باکووری عێراق درێژدەبێتەوە تا دەگاتە بەندەری جەیهانی تورکیا، کە لە ساڵی ٢٠١٣ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بە هەناردەکردنی نەوتی خاو کرد بە سەربەخۆیی لە حکومەتی فیدراڵی، هەنگاوێک کە بەغدا بە نایاسایی زانی.

دوای ئەوەی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی بڕیاری خۆی لە دۆسیەیەکی ناوبژیوانیدا دەرکرد، تورکیا لە 25ی ئازاردا هەناردەکردنی بڕی ٤٥٠ هەزار بەرمیلی لە ڕۆژێکدا لە هەرێمی كوردستانی عێراقەوە لە ڕێگەی بۆری عێراق-تورکیا ڕاگرت و فەرمانی بە تورکیا کرد، کە بڕی یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار قەرەبووی بەغدا بکاتەوە لەبەرامبەر ئەو زیانانەی بەهۆی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە بە بێ مۆڵەتی حکومەت لە بەغدا لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٨ كەوتوون.

چەند مانگێکە ژمارەیەک دانوستان لەنێوان شاندی عێراق و تورکیا ئەنجام دراوە، بەڵام هەردوولا لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی هێڵی جەیهانی تورکیاوە نەگەیشتنە هیچ ڕێککەوتنێک. بەڵام لە ئێستادا پێشهاتی نوێ‌ لە گفتوگۆكانی نێوان هەردوو وڵات هاتۆتە پێشەوە و ئەنقەرە ٦ مەرجی خستۆتە سەر مێزی گفتوگۆی بەغدا.

نەبیل مەرسومی، شارەزای ئابووری ڕایگەیاندووە، تورکیا شەش مەرجی بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی عێراق داناوە و دەشڵێت: “مەرجی یەکەم وەستاندنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی پاكتاوی نەوتی عێراق بە غازی ئێرانە”، چونکە تورکیا و کوردستان بۆ ماوەی ٥٠ ساڵ ڕێککەوتنیان لەسەر نەوت هەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، “مەرجی دووەم لە دەوری پێدانی قەرەبوو دەسوڕێتەوە لە بەرامبەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، لەکاتێکدا مەرجی سێیەم بریتییە لە کشانەوەی دووەم داوای یاسایی لەلایەن بەغداوە لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی بۆ قەرەبووکردنەوە بۆ ماوەی ٢٠١٨- ٢٠٢٢”.

ئەو شارەزا ئابوورییە دەشڵێت: “مەرجی چوارەم ئەوەیە، کە عێراق بەردەوام بێت لە پێدانی داشکاندنی ١٣ دۆلار بۆ تورکیا لەسەر نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاو، کە لە هەرێمەوە هەناردە دەکرێت و هەروەها ئەنقەرە داوای بەردەوامبوونی کرێی گواستنەوە دەکات بۆ کۆمپانیای بۆتاشی تورکی بە بڕی ٧ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوتی خاو، کە لە ڕێگەی بەندەرەکەوە هەناردە دەکرێت”.

مەرسومی وتی: دوا مەرج، کە ئەنقەرە داوای دەکات بریتییە لە تێچووی چاککردنەوەی بۆری عێراق-تورکیا، كە بەغدا لە ئەستۆی بگرێت.

ئێران ئاوی زێی بچووکی گرتەوە
پێشت ئێران ئاوی زێی بچووکی گرتەوە
سوریا مووچەی زیاد كرد و بەنزینی هەرزان كرد
دواتر سوریا مووچەی زیاد كرد و بەنزینی هەرزان كرد
ەیوەندیدار