ڕۆژ، ڕۆژی شۆڕشی ژنانی كوردە



 

ڕۆژ، ڕۆژی شۆڕش و تێكۆشانی ژنانی كوردە، دەنگی ژنانی كورد پایتەختە گەورەكانی جیهانی تەنیوە، لە لوتكەی دەسەڵاتی گەورەترین وڵاتانی ناوچەكەدا رۆڵ دەبینن، شۆڕشێك لە بەگژداچوونەوەی دڕندەترین گرووپی تیرۆرستی “داعش”وە دەستیپێكرد و ئێستا بەرەو گۆڕانكاری مێژوویی لە دەوڵەتی ئێران و كێبڕكێی سەرۆكایەتی توركیادا هەنگاودەنێت.

دوای نزیكەی سێ‌ مانگ لە كوژرانی ژینا ئەمینی كچە كوردی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەكاتی دەستگیركرانی لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتی ئێرانەوە، هێشتا ناوی ژینا لە زۆرینەی شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران، چوار پارچەی كوردستان و پایتەختە گەورەكانی جیهانەوە دەبیسترێت و لەنوێترین پێشهاتیشدا ئێران بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پۆلیسی ڕەوشت و هەمواری یاسای باڵاپۆشیدا، هەرچەندە بە هەوڵێك بۆ دامركاندنەوەی ناڕەزایەتییەكان لێكدەدرێتەوە، بەڵام بە هەنگاوێكی سەركەوتنی ناڕەزایەتییەكانی ژیناش دەناسرێت.

ئەو ناڕەزایەتییانەی بەهۆی كوژرانی ژینا ئەمینییەوە سەریان هەڵدا لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، پاڵپشتی زۆرێك لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی بەدەستهێناوە وەك ئەڵمانیا، ئەمریكا ، بەریتانیا، فەڕەنسا، كەنەدا و سەركردەی ئەو وڵاتانە پشتیوانی بۆ ناڕەزایی ژنانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەردەبڕن.

ڕووداوەكانی دوای كوژرانی ژینا ئەمینی بە شۆڕشی ژینا دەناسرێت، شۆڕشێك جگە لەوەی سەرانسەری جیهانی تەنیوە كاریگەری لەسەر خەباتی ژنانی پارچەكانی دیكەی كوردستانیش دەبێت.

ژنانی كورد چەند ساڵێكە سەرمەشقی گۆڕانكاری و هەنگاوە شۆڕشگێڕییەكانن دوای ئەوەی ڕۆڵی سەرەكیان بینی لە شەڕی دژی تیرۆر و داعش لە ڕۆژئاوای كوردستان و لەوێ شەڕڤانە ژنەكان بوونە مانشێتی سەرەكی كەناڵە مێدیاییە جیهانییەكانیان و سیناریستەكان فیلم و بابەتی دیكۆمێنتاریان لەسەر دروست دەكەن، شۆڕشی ژینا ئەو خەباتەی زیاتر بەرەو پێشبرد.

لە هەرێمی كوردستان ژنان و ڕێكخراوەكان زیاتر بە كاروباری لاوەكییەوە خەریكن كەمتر دەست بۆ بابەتە هەستیارەكان دەبەن، بەڵام كاریگەری تێكۆشانی ژنانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات كاریگەری گەورەی لەسەر ژنانی باشوور و باكووری كوردستانیش دەبێت.

هانا شوان، چالاكوانی بواری مافەكانی ژنان لە باشووری كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئێران دەوڵەتێكی هەرێمییە و كاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر سیاسەتی ناوچەكە و جیهان، بۆیە هەر خەباتێك كە لەوێ‌ دەكرێت یان لەهەر شوێنێكی دیكە، ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارە بە پارچەكانی دیكەی كوردستان بە تایبەت باشوور.

دەشڵێت، تێگەیشتنی گەلی كورد بۆ شۆڕشی ژینا ئەمینی، كە دژی داگیركاری و چەوساندنەوە و لەسێدارەدان و كوشتنی ژنە، ئەوە وایكردووە كە بەشێك لە كۆمەڵگای كوردی بەتایبەت باشوور، یەكگرتوو بێت لە پشتگیریكردنی شۆڕشەكە، ئەوەش وایكردووە كە هیوایەك هەبێت بۆ سەركەوتنی ئەو شۆڕشە.

بە بەڕوای هانا شوان، یەكێك لە خاڵە بەهێزەكانی شۆڕشی ژینا ئەوەیە كە ئەو ژنانەی لە دەرەوەی ئێرانن، زۆر چالاكن و توانیویانە لە شوێنەكانی خۆیاندا كاری باش بكەن هەندێكیان سەردانی وڵاتان دەكەن بۆ وەرگرتنی پشتگیری بۆ شۆڕشەكە، پێویستە ژنانی باشووریش لەپێناو مافەكانی خۆیاندا توانای زیاتر بەگەڕ بخەن و كار لەسەر بەجیهێنانی مافەكانیان بكەن.

ڕۆژی 4 ی دیسەمبەر، كۆماری ئیسلامی ئێران بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پۆلیسی ڕەوشتی ئێران و هەمواری یاسای باڵاپۆشی دەركرد، بەڵام ئەم بڕیارە هەرچەند بە سەركەوتنێكی شۆڕشی ژینا دادەنرێت، بەڵام ڕۆژهەڵاتییەكان و ئێرانییەكانی ڕازی نەكرد، ناڕەزایەتییەكانیان دەستپێكردەوە، ژنانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كە شوێنكەوتەكەی شۆڕشەكەی ژینان دەڵێن داواكاری ئەوان تەنها باڵاپۆشی نییە.

ناهید بوستانی، چالاكوانی بواری مافی ژنان، لە لێدوانێكدا بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، گۆڕانكاری لەیاساكانی ئێران بۆ ئێمە سوودی نییە و ناتوانێت ئێمە لە ئامانجەكانمان دوور بخاتەوە، هەڵوەشاندنەوەی پۆلیسی ڕەوشت هیچ شتێك نییە، ئەوە بۆ دامركاندنەوەی ناڕەزایەتییەكانی ناوخۆی وڵاتەكە و كۆمەڵگای نێودەوڵەتییە.

ناهید بوستانی، كە هاوكات ئەندامی هاوپەیمانی سەربەخۆیخوازانی كوردستانە دەڵێت، داواكاری خەڵكی كوردستان هیچ كاتێك بوون و نەبوونی باڵاپۆشی نییە ، بەڵكو ئەوان بۆ ئازادی و یەكسانی و مافە ڕەواكانی خۆیان تێدەكۆشن.

دەشڵێت ” شەڕی ئێمە بۆ خاك و جوگرافیا و زمانە، نەك لابردنی باڵاپۆشی و هەڵوەشاندنی پۆلیسی ڕەوشت”.

جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا و ئیمانوێڵ ماكرۆن سەرۆكی فەڕەنسا و جەستن ترۆدۆ و زۆر سەركردەی دیكەی جیهان ستایشی خەباتی ژنانی ئێرانیان كردووە كە پێشەنگی ژنانی كوردن.
هەڵوەشاندنەوەی پۆلیسی ڕەوشتیش كاردانەوەی جیهانی بە دوای خۆیدا هێناوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، هیچ بەڵگەیەك نییە ئێران مامەڵەیەكی دروست و باش لەگەڵ ژنان و كچانی ئێراندا بكات، یان توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران ڕابگرێت.

ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، پشتیوانی خۆپیشاندەرانی ئێران دەكەین، بەتایبەتە ژنە ئازاكان كە داوای مافی خۆیان دەكەن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لەبارەی ئەو هەنگاوەی ئێرانەوە ڕایگەیاند، هەمواری یاسای باڵاپۆشی بە تەنها داواكاری خۆپیشاندەران نییە، داواكاری ئەوان تەنها لەئەوەدا كورتنابێتەوە، ئێرانییەكان خوازیاری ژیانێكی ئازاد و سەربەستن.

ئێرانییەكان هیواخوازن دەستووری ئێران هەمواربكرێتەوە دوای هەڵوەشاندنەوەی پۆلیسی ڕەوشت و پێداچوونەوە بە یاسای باڵاپۆشی لە كاردانەوەی شەپۆلی ناڕەزایەتییەكانی نزیك بە سێ مانگە كە بەهۆی كوژرانی ژینا ئەمینی كچە كوردی شاری سەقزەوە لە كاتی دەستگیركرانی لەلایەن پۆلیسی ئادابەوە لە تاران سەریانهەڵداوە.

خەباتی ژنان تەنها لە ناڕەزایەتی و شۆڕشدا خۆی نابینێتەوە، بەڵكو هەنگاو دەنێت بەرەو كێبڕكێیەكی دیكە ئەویش هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی توركیایە لە ساڵی داهاتوودا.

پەروین بوڵدان هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان هەپەدە ئاشكرایكردووە بەربژێری پارتەكەیان بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی توركیا ژن دەبێت، ئەمەش بۆ یەكەمجار پارتێكی كوردی بە بەربژێرێكی ژن بچێتە كێبڕكێیەكی گەورەوە.

ئەدریانۆ بەهۆی یارییەكانی بەرازیل لە ژنەكەی جیابۆوە
پێشت ئەدریانۆ بەهۆی یارییەكانی بەرازیل لە ژنەكەی جیابۆوە
گۆڕانی كەشوهەوا ژنان دەكاتە سەركردە
دواتر گۆڕانی كەشوهەوا ژنان دەكاتە سەركردە
ەیوەندیدار