(مین) ئەو دوژمنە نادیارەی هەمیشە لە بۆسەدایە



تیمە تایبەتەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری مین لە سلێمانی، لە کاتی پاککردنەوەی کێڵگە بە مین چێندراوەکاندا چەندین جۆر مین و پاشماوەی تەقەمەنی دەدۆزنەوە و، پاشان بەپێی ڕێنماییەکان و بەشێوەیەکی کۆنترۆڵکراو لەناویان دەبەن.

بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری مین لە سلێمانی، مەزەندە دەکرێت حەوت ملیۆن مین لە هەرێمی کوردستاندا هەبێت، لەو ژمارەیەش پشکی شێر بەر پارێزگای سلێمانی کەوتووە و ژمارەی قوربانیانی مین لە هەرێمی کوردستان بە نزیکەی ١٤ هەزار کەس مەزەندە دەکرێت. تەنیا لە پارێزگای سلێمانی پێنج هەزار و ٢٢٢ کەس بەهۆی تەقینەوەی مینەوە گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی ١٥ هەزار کەسیش برینداربوون.

مینڕێژکردنی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی دوای شەستەکان، کە بەهۆی ململانێ و شەڕی نێوان هێزە کوردییەکان و حکوومەتە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق لەلایەن سوپای ئەو کاتەی عێراقەوە دانراوە.
لەلایەکی دیکەوە جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بوونی مین و پاشماوەکانی جەنگ و تەقەمەنی لە ناوچەکەدا، کە زۆرترین مین لەو سەردەمەدا دانراوە. پاش ٣٥ ساڵ لە کۆتایی هاتنی ئەو جەنگە بەڵام هێشتا مین و پاشماوەکانی ئەو جەنگە مەترسین بۆ سەر گیانی هاووڵاتیانی و قوربانیی زۆریان لێکەوتووەتەوە.
بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری مین لە سلێمانی، مەزەندە دەکرێت حەوت ملیۆن مین لە هەرێمی کوردستاندا هەبێت، لەو ژمارەیەش پشکی شێر بەر پارێزگای سلێمانی کەوتووە، ئەویش بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیاکەی و هاوسنووری لەگەڵ ئێران کە سنوورێکی درێژی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا هەیە. هەروەها شاڵاوەکانی ئەنفال یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی بوونی مین لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کە پاش ڕاگواستنی خەڵکەکە مینێکی زۆر لە دەوری سەرچاوەکانی ئاو و ڕێگاوبانەکان و شوێنی گوندەکان چێنراون.

بەپێی داتاداکانی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری مین لە سلێمانی، ژمارەی قوربانیانی مین لە هەرێمی کوردستان بە ١٤ هەزار کەس مەزەندە دەکرێت. تەنیا لە پارێزگای سلێمانی پێنج هەزار و ٢٢٢ کەس بەهۆی تەقینەوەی مینەوە گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی ١٥ هەزار کەسیش برینداربوون.
سەبارەت بە بەربەست و ئاستەنگەکانی بەردەم هەڵمەتی پاککردنەوەی کێڵگەکانی مین، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مین لە سلێمانی، موحسین شێخ عەبدولکەریم رایگەیاند: ”کاری هەڵگرتنەوەی مین کارێکی قورسە، بەپێی پێوەری نێودەوڵەتی بۆ کاروباری مین (SOP) تایبەت بە دەزگاکەمان، بابەتی پاککردنەوەی مین پرۆسەیەکی قورسە لەبەر ئەوەی تۆ دەتەوێت گیانێک ڕزگار بکەیت، ناکرێت ڕۆحی کارمەندێکی خۆت ڕووبەڕووی مەترسیی بکەیتەوە، هەروەها تۆبۆگرافی خاکی هەرێمی کوردستان سەختە کە شاخ و داخ و بەرز و نشێویە، لەبەرئەوە هەڵکەندن و هەڵکۆڵین و گەڕان بەدوای میندا کارێکی سەختە و زەویەکەشی سەختە بۆ هەڵکۆڵین”.
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مین لە سلێمانی، باسی لەوە کرد کە شوێن هەیە رێگاوبانی نییە و تیمەکانیان بە پێ دەچنە سەر گێڵگەی مین. هەروها وەرزی زستان کە باران و بەفر دەبارێت رێگرە لەبەردەم کارەکانی هەڵگرتنەوەی مین، چونکە بەپێی سیستمی نێودەوڵەتی بۆ کاروباری مین، نابێت لە وەرزی بەفردا کاربکرێت، چونکە سەلامەت نییە و باران و بەفر کەندڕ دروست دەکەن و دەبنە هۆی گواستنەوە مینەکان و شوێن گۆڕینیان.
وتیشی: ”زۆرجار کێڵگەیەکی مینمان پاککردووەتەوە، بەڵام کێڵگەیەکی دیکەی مین لە تەنیشتی یان سەرەوەی بەهۆی باران و بەفرو دروستبوونی کەندڕ و لافاو مین گواستراوەتەوە بۆ ئەو کێڵگەیەی پاککراوەتەوە، ئەوەیش کارەکانمانی سەخت کردووە”.

عێراق لە ساڵی ٢٠٠٨دا بووە ئەندامی ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی ئۆتاوا کە ١٦٤ وڵات بەشدارن تیایدا، و بەپێی ئەو ڕێککەوتنە هەڵگرتن و عەمببارکردن و گواستنەوە و فرۆشتن و بەکارهێنانی مینی دژە کەسی قەدەغەیە. هەر بەپێی ڕێککەوتننامەکە ١٠ ساڵ بۆ عێراق دیاری کرا کە هەتا ساڵی ٢٠١٨ هەموو ناوچە بە مین چێنراوەکان پاکبکاتەوە.
لەو بارەیەشەوەی بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مین لە سلێمانی جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە لەو ماوەیەدا بەهۆی شەڕی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە پرۆسەی پاکسازی مین پەکیکەوت و نەتوانرا لە ماوەی دیاری کراودا هەموو ناوچەکان لە مین پاک بکرێنەوە، پاشانیش بەهۆی قەیرانی دارایی و سەرهەڵدانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێوە ١٠ ساڵی دیکەیان بۆ نوێ کردوونەتەوە و وتی: ”بێگومان بەهۆی زۆری ژماری مینەکان و سەختی ناوچەکە ناتوانرێت هەموو ناوچەکان لە مین پاکبکرێتەوە. ناوچە ئاسانەکان هەمووی پاککراوەتەوە، بەڵام ناوچە سەخت و دوورە دەستەکان ماون کە ناوچە شاخاوییەکانن و ئێمەشی لە ئێستادا تەنیا بە هێز و توانای خۆمان کار دەکەین و هیچ هاوکارییەک نییە، ئەمە لە کاتێکدا میزانییەش نییە هەتا بە تەندەر کار بکەین و تیمەکانمان خۆیان گیانفیدایانە کار دەکەن”.

 

بەهۆی پێوەدانی هەنگەوە کەسێک گیانی لەدەستدا
پێشت بەهۆی پێوەدانی هەنگەوە کەسێک گیانی لەدەستدا
گەرماکەی ئەمساڵ ، بێ وێنە بووە
دواتر گەرماکەی ئەمساڵ ، بێ وێنە بووە
ەیوەندیدار