نرخی دەرمان لە نەخۆشخانە حکومییەکان یەکدەخرێتەوە



فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە، وەزارەتی تەندروستی گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیاکانی دەرمان واژۆ دەکات، بە مەبەستی یەکخستەنەوەی نرخی دەرمان لە نەخۆشخانە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمەش ئاسانكاری زیاتر بۆ هاووڵاتیان دروست دەکات لە گەیشتن بە خزمەتگوزاریی تەندروستی.

واژۆكردنی گرێبەستەکە لەگەڵ كۆمپانیاكانی دەرمان بۆ دابینكردنی ١٥٦ جۆر لە گرنگترین دەرمانەكانە بۆ كەرتی تەندروستیی گشتی بە نرخێكی گونجاو بۆ ماوەی دوو ساڵ، چونکە لە ساڵانی ڕابردوو كەرتی گشتیی تەندروستیی هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی چەندین بەربەستی پەیوەست بە دەرمان بووەتەوە، دیارترینیان كورتهێنان بووە، نەخۆشخانە گشتییەكان كێشەیان لە دابینكردنی دەرمانی كوالێتیی بەرز بە نرخێكی شایستە هەبووە.

لە بەشێکی دیکەی بڵاوکراوەکەدا هاتووە، دابینکردنی دەرمانەکان لە ڕێگەی پەیڕەوكردنی ڕێكارە نێودەوڵەتییەكان دەبێت، لە پێناو دڵنیایی لە کوالیتی سەرجەم دەرمانەكان، ئەمەش بە شێوەیەك ڕێك خراوە، ڕێژەی ٤٨٪ـی ئەو دەرمانانە لە لایەن كۆمپانیا ناوخۆییەكانی كوردستانەوە بەرهەم دەهێنرێن، کە خاوەنی دانپێدانانی نێودەوڵەتیین.

حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕێگەی بەناوەندیكردنی گرێبەستە گشتییەكانی دەرمان، توانیویەتی دەسەڵاتی مامەڵەكردنی لەگەڵ كۆمپانیاكان بەهێزتر بكات و بتوانێت خەرجییەکان بە ڕێژەی ٣٥٪ و بڕی ٧ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار دۆلاری ساڵانە كەم بكاتەوە.

ئەنجامى تانەکانی گەڕی دووەمى تواناسازیى ڕادەگەیەنرێت
پێشت ئەنجامى تانەکانی گەڕی دووەمى تواناسازیى ڕادەگەیەنرێت
مەرجەکانی وەرگرتنی شوقەکانی حکومەت ڕاگەیەندران
دواتر مەرجەکانی وەرگرتنی شوقەکانی حکومەت ڕاگەیەندران
ەیوەندیدار