لە زمانی ژمارەکانەوە دەردەکەوێت کە داعش دڕەندەترین کۆمەڵکوژیی دەرھەق بە ئێزدییەکان ئەنجامداوە



نۆ ساڵ بەر لە ئێستا و لە رۆژی سێی ئابی ٢٠١٤دا، رێکخراوی تیرۆریستیی داعش پەلاماری قەزای شنگال رۆژئاوای پارێزگای نەینەوای دا.

رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بۆ ماوەی ساڵێک و دوو مانگ شنگالی داگیرکرد کە تیایدا بێ گوێدانە نەتەوە، ئایین و تەنانەت مرۆڤایەتیی، ژمارەیەکی زۆری ئێزدی کۆمەڵکوژ کرد کە تا ئێستا رەنگدانەوە و ئاسەواری بەسەر ئێزدییەکان ماوە.

لەسەر ئاستی ناوخۆ، ھەرێمی و نێودەڵەتییدا، دان بەوە نراوە کە ئەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش نۆ ساڵ بەرلە ئێستا، دەرھەق بە ئێزدییەکان لە شنگال ئەنجامی داوە، جینۆسایدە.

رۆژی ١٣ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٥ ھێزەکانی پێشمەرگە بە سەرپەرشتی راستەخۆی سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی و پاڵپشتی فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش، ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شنگال دەست پێ کرد و لە میانی ٢٤ کاتژمێردا، شنگال کۆنترۆڵکرایەوە.

ــ لە ئاکامی پەلامارەکەی داعش بۆسەر شنگال زیاتر لە پێنج ھەزار ئێزدیی کوژراون

بەھۆی پەلامارەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بۆ سەر شنگال، زیاتر لە پێنج ھەزار کوردی ئێزدی کوژراون کە بەھۆیەوە نزیکەی دوو ھەزار و ٧٤٥ منداڵ بێ دایک و باوک بوون، ھەروەھا شەش ھەزار و ٤١٧ کوردی ئێزدیی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە رفێندراون کە لەو ژمارەیە تا ئێستا،‌ سێ ھەزار و ٤٥٨ کەسیان رزگارکراون و دوو ھەزار و ٦٩٣ رفێندراوی دیکەیش ھێشتا بێ سەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە.

ھەر بەھۆی پەلامارەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بۆسەر قەزای شنگال رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا لە ساڵی ٢٠١٤دا، نزیکەی ٤٠٠ ھەزار ئێزدیی ئاوارە ئاوارەبوون کە بەشێکیان روویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە، ئەمە وێرای ئەوەی زیاتر لە ١٠٠ ھەزار ئێزدیی دیکەیش وەک کۆچبەر روویان لە وڵاتان کردووە.

لە پەلامارەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بۆسەر شنگال لە ٢٠١٤دا، ٦٨ مەزارگەی ئێزدی لەلایەن رێکخراوەکەوە تەقێندراونەتەوە.

– بەجینۆسایدناسانی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی

لە ساڵانی رابردوودا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەوڵەکانی چڕترکردووەتەوە، بۆ ئەوەی کومەڵکوژیی ئێزدییەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی، لەلایەن وڵاتانەوە بە جینۆساید بناسرێت.

لەچوارچێوەدا، وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەرێمی کوردستان، چەندین لیژنەی پسپۆڕی بۆ لێکۆڵینەوە لەو کۆمەڵکوژییەی کە تیرۆریستانی داعش دەرھەق بە ئێزدییەکان ئەنجامیداوە، پێکھێناوە.

ھاوکات لە چوارچێوەی ئەو ھەوڵانەدا، تا ئێستا ٨٢ گۆڕی بەکۆمەڵی ئێزدییەکان کە لەلایەن تیمی گۆڕە بەکۆمەڵەکان سەربە وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان بە ھاوکاری لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی دیکە لە حکوومەتی فیدراڵی ھەڵدڕاونەتەوە کە بەشێک لە رووفاتی نێو گۆڕە بەکۆمەڵەکان، دوای ناسینەوەی ناسنامەکانیان، رادەستی کەسوکارەکانیان کراونەتەوە.

لەسەر ئەو بنەمایە ئەو تاوانانەی کە داعش دژ بە ئێزدییەکان ئەنجامی داوە، بە دۆکیۆمێنت کراون و دراون بە وڵاتانی جیھان بۆ ئەوەی ئەو دۆسیەیە بە جینۆساید بناسێنن.
لەچوارچێوەی ھەوڵەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان، تا ئێستا بە بەریتانیاوە، ١٠ وڵاتی جیھان، کومەڵکوژیی ئێزدییەکانیان بە جینۆساید ناساندووە.

لە ماوەکانی رابردوودا، ھەریەک لە نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەورووپا، ئەرمینیا، کەنەدا، سکوتلاند، ئوسترالیا، پورتوگال، بەلجیکا، ھۆڵەندا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکانیان بە جینۆساید ناساند.

ــ رەوشی شنگال دوای دەرکردنی تیرۆریستانی داعش

ھاوکات چەند رۆژێک دوای ئازادکردنی شنگال لە چنگ چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە بەبیانووی شەڕی دژبە داعش و پاراستنی ناوچەکە لە شنگال جێگیربوو، ئەمەش نیگەرانی بەشێک لە ئێزدییەکان و حکوومەتی ھەرێم و عێراقیشی لێکەوتەوە، تەنانەت بەھۆی بوونی پەکەکە لە ناوچەکە، ئاوارەکان ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان.

لە ماوەکانی رابردوودا، چەندین جار ھاووڵاتییانی شنگال گردبوونەوە و خۆپێشاندانیان دژبە گرووپە چەکدارەکان لەناو شنگال ئەنجامداوە و داوای چوونە دەرەوەی سەرجەم گرووپە چەکدارە نایاساییان دەکەن.

ھەروەھا بەرپرسانی خۆجێی لە شنگال رایانگەیاندووە کە گرووپە چەکدارە نایاساییەکان، بەتایبەتیش پەکەکە لە شنگال، لەلایەن ھاووڵاتییانی شارەکەوە قبووڵکراو نییە.

جگە لەوەیش ئیدارەی پارێزگای نەینەوا و ئیدارەی قەزای شنگال بە ھەماھەنگی ھەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی ئیدارەی شەرعیی قەزای شنگال بگەڕێتەوە سەر کارەکانی لە شنگال و پەکەکە و حەشدی شەعبی لە تەواوی دامودەزگا فەرمییەکاندا کە تاکڕەوانە دەستیان بەسەرداگرتووە، دەربکرێن.

ـ رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی رەوشی شنگال

رۆژی نۆی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠، حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و دروستکردنی ئیدارەیەکی نوێ بۆ قەزاکە رێککەوتن.

بەپێی رێککەوتنەکە، ئیدارەیەکی ھاوبەش لەنێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی ھەرێم لە شنگال دروست دەکرێت و دۆسیەی ئەمنیی شارەکە بە پۆلیسی خۆجێی و پاراستنی دەرەوەی شارەکەش بە سوپای عێراق و پێشمەرگە دەسپێردرێت و سەرجەم گرووپە چەکدارییە نایاساییەکان دەچنە دەرەوەی سنووری قەزاکە.

بەڵام بەرپرسانی باڵا و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ھەرێمی کوردستان لە چەندین بوونەدا رایانگەیاندووە کە تا ئێستا رێککەوتنەکە جێبەبەجێ نەکراوە، چونکە ھێشتا شنگال لە دەستی کۆمەڵێک ھێز و چەکداردایە کە رێگربوونە لە گەڕانەوەی خەڵک و ئاوەدانکردنەوەی شنگال.

بەرپرسانی باڵای ھەرێمی کوردستان بەردەوام جەخت لەوە دەکەنەوە کە تاکە رێگا بۆ ئاساییکردنەوەی قەزای شنگال، ئەوەیە گرووپە چەکدارە نایاساییەکان بەتایبەتیش پەکەکە لە قەزاکە بچنە دەرەوە و ئیدارەی شنگالیش رادەستی خاوەنە رەسەنەکانی قەزاکە بکرێت.

بە پێی ئامارە نافەرمییەکان تا ئێستا تەنھا نزیکەی لەسەدا ٣٠ی ئاوارەکانی شنگال گەڕاونەتەوە زێد و شوێنی خۆیان و ھێشتا لەسەدا ٧٠ی ئێزدییەکان لە دەرەوەی ناوچەکانی خۆیان دەژین و نەگەڕاونەتەوە و زۆربەیان لە کەمپەکانی سنووری پارێزگای دھۆک نێشەجێن.

دوای تێپەڕبوونی نۆ ساڵ بەسەر کارەساتەکەی شنگال، ھێشتا متمانە و دڵنیایی لای ئێزدییەکان بۆ ئاسایی کردنەوەی رەوشی ژیان و گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان نەھاتۆتە ئاراوەم چونکە وەک خۆیان دەڵێن تا ئێستا ھێچ کام لە حکوومەتەکەی پێشووی عێراق، تەنانەت حکوومەتی ئێستا بەسەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی ھیچ ھەنگاوێکیان بەرچاویان لەوباریەوە نەناوە.

ھەولێر و بەغدا ھەنگاو بەرەو دەرکردنی یاسای نەوت و غاز دەنێن
پێشت ھەولێر و بەغدا ھەنگاو بەرەو دەرکردنی یاسای نەوت و غاز دەنێن
هاووڵاتییەک لە شاخ کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا
دواتر هاووڵاتییەک لە شاخ کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا
ەیوەندیدار