شارەوانی هۆكاری ڕووخاندنی بینای یەكێتی مامۆستایان ئاشكرادەكات



سەرۆکایەتی شارەوانی کەلار لە بارەی ڕووخاندنی بینای لقی گەرمیانی یەکێتی مامۆستایان ڕایدەگەیەنێت، گرێبەستی مانەوە لە باڵەخانەکە بۆ یەکێتی مامۆستایان لە ڕۆژی 31ی کانونی یەکەمی ساڵی 2022 تەواو بووە و پێشتریش 3 جار ئاگاردار کراونەتەوە بۆ ئەوەی باڵەخانەکە چۆڵ بکەن.

سەرۆکایەتی شارەوانی کەلار لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە ماوەی 7 مانگی ڕابردوودا یەکێتیەکە بە شێوەیەکی نافەرمی ئەو شوێنەیان بەکارهێناوە بەبێ ئەوەی هیچ مافێکی یاساییان لەسەر ئەو شوێنە هەبێت.

ڕاشیگەیاندووە، پارچە زەوی ناوبراو واتا شوێنی یەکێتی مامۆستایان دەکرێتە پڕۆژەیەکی بازرگانی تێچوی زیاتر لە (800) ملیۆن دینار، بۆ ماوەی (24) ساڵ و کرێی ساڵانەی (22) ملیۆن دینارە، كه دەبێته داهات بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی کەلار و هەروەها ڕەخساندنی هەلی کار لە ئەو باڵەخانەدا بۆ زیاتر لە 20 کەس.

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شارەوانی کەلار باڵەخانەی یەکێتی مامۆستایان – لقی گەرمیانی لە شارۆچکەی کەلار ڕووخاند و جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستانیش ڕایگەیاند، شوێنەکە موڵکی شارەوانی بووە و پەلەیان لێکردون و پێش چۆڵکردن ڕووخاندویانە.

دەقی ڕوونکردنەوەکەی شارەوانی کەلار:

پاش بڵاوبونەوەی چەند وێنەیەک لە سوشیاڵ میدیا سەبارەت بە ڕوخانی بینای یەکێتی مامۆستایانی کوردستان // لقی گەرمیان، سەرۆکایەتی شارەوانی کەلار ئەم ڕونکردنەوەیە بۆ ڕایگشتی ڕادەگەینێت :
– گرێبەستی بینای یەکێتی مامۆستایان لە 31-12-2022 کۆتایی هاتووە بەپێی گرێبەستی هاوپێچ، هەروەها 3 جاریش یەکێتیەکە ئاگادار کراوتەوە بۆ چۆڵکردنی بیناکە بەپێی ( پێ ڕاگەیاندنی) هاوپێچ، تەنانەت لە ماوەی 7 مانگی ڕابردوشدا یەکێتیەکە بە شێوەیەکی نافەرمی ئەو شوێنەیان بەکارهێناوە بەبێ ئەوەی هیچ مافێکی یاساییان لەسەر ئەو شوێنە هەبێت .

-بینای یەکێتی مامۆستایان موڵکی شارەوانی کەلارە و بەشێوەی زیادکردنی ئاشکرا بۆ ماوەی (24) ساڵ دراوە بە کەسێک بۆ دروستکردنی باڵەخانەی بازرگانی، نەوەک درابێت بە وەبەرهێنێکی دیاریکراو، بەڵکو بەشێوەی زیادکردنی ئاشکرا لە بەرواری 11-6-2023 ئەنجامدراوە.

-سەبارەت بە ڕوخانی بینای یەکێتی مامۆستایان بەبێ ئاگاداری یەکێتیەکە ئەو دەنگۆیە ڕەتدەکەینەوە و دورە لە ڕاستیەوە، چونکە چەندینجار (پێ ڕاگەیاندنیان بۆ کراوە) بۆ چۆڵکردنی بینایەکە لە کاتێکیشدا لە ئێستادا تەنیا چەن دوکان و پارچە زەویەکی تەنیشت بینای یەکێتی مامۆستایان ڕوخێنراوە کە هاوکاتە لەگەڵ ئەو پارچە زەویەی کە زیادکردنی ئاشکرای بۆ کرابوو.

– پارچە زەوی ناوبراو واتا شوێنی یەکێتی مامۆستایان دەکرێتە پڕۆژەیەکی بازرگانی تێچوی زیاتر لە (800) ملیۆن دینار، بۆ ماوەی (24) ساڵ و کرێی ساڵانەی (22) ملیۆن دینارە كه دەبێته داهات بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی کەلار و هەروەها ڕەخساندنی هەلی کار لە ئەو باڵەخانەدا بۆ زیاتر لە 20 کەس.

سەرۆکایەتی شارەوانی کەلار

حكومەتی هەرێم دوو ڕۆژ پشووی ڕاگەیاند
پێشت حكومەتی هەرێم دوو ڕۆژ پشووی ڕاگەیاند
قائیمقامیەتی سۆران گەشتیاران ئاگادار دەکاتەوە
دواتر قائیمقامیەتی سۆران گەشتیاران ئاگادار دەکاتەوە
ەیوەندیدار