لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا هاووڵاتییەکی عێراقی قورئانی سووتاند



لە شاری ستۆکھۆڵمی پایتەختی سوید کەسێکی بە رەچەڵەک عێراقی بە ناوی سەلوان مۆمیکا لە بەردەم مزگەوتی ستۆکھۆڵم لە ژێر پارێزگاری پۆلیسی ئەو وڵاتە قورئانی پیرۆزی سووتاند.
مۆمیکا کە لە ژێر پارێزگارییەکی بەرفراوانی پۆلیسدا ھاتە بەردەم مزگەوتی ستۆکھۆڵم لە ناوچەی مێدبەرگەرەپلاتسن، سەرەڕای کاردانەوەکانی خەڵکی دەوروبەری، قورئانی پیرۆزی فڕێدایە سەر زەوی و پێی لەسەر دانا و پاشانیش سووتاندی.
لە بەرامبەر ئەو کارە کە لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا روویدا، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئەو شارە بۆ رێگریکردن لە سەرھەڵدانی ھەر رووداوێک لە ستۆکھۆڵم، سەرجەم پۆلیسەکانی ئەو شارەی بۆ بەردەم مزگەوتی ستۆکھۆڵم بانگھێشت کردبوو.
سەرۆکی وەقفی مزگەوتی ستۆکھۆڵم، مەحموود خەلفی کە کاردانەوەی بەرامبەر رێگەدان بە ئەنجامدانی ئەو کارە نیشاندا، رایگەیاند کە ئەو کردەوەیە موسڵمانانی بە قوڵی خەمبار کردووە.
ھاوکات سەرۆکی گشتی پارتی رەنگی جیاواز لە سوید، میکایل یوکسەل ئیدانەی ئەو کردەوەیەی کرد.
سەرۆکی گشتی پارتی رەنگی جیاواز لە سوید، میکایل یوکسەل گوتی: “لە کاتێکدا حکومەتی سوید کار لەسەر قەدەغەکردنی باڵاپۆشی لە قوتابخانەکاندا دەکات، سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە جەژنی قورباندا بە قوڵی ئازاری موسڵمانانی دا. کۆمەڵگای موسڵمانان لە سوید چاوەڕوانی پشتیوانی تورکیان لە پێشگرتن لە سووتاندنی قورئانی پیرۆز و بەرەنگاربوونەوەی ئیسلامۆفۆبیا”.
لە مانگی شوباتدا لە سوید، سەلوان مۆمیکای بە رەچەڵەک عێراقی و کریس ماکۆندئاوت کە بە رەچەڵەک ئەفریقییە ویستبوویان قورئانی پیرۆز لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکھۆڵم و باڵیۆزخانەی تورکیا لە ستۆکھۆڵم بسوتێنن، بەڵام پۆلیسی ئەو وڵاتە بە ھۆکاری ئەمنیی رێگەی بەم ئیستفزازیانە نەدابوو.
دواتریش مۆمیکا و ماکۆندئاوت بڕیارەکەی پۆلیسیان گواستەوە بۆ دادگا.
بەم پێیەش دادگای کارگێڕی سوید بڕیارەکەی پۆلیسی لە ٤ی نیسان ھەڵوەشاندەوە و ئاماژەی بەوەدا کە “نیگەرانی مەترسییەکانی ئەمنیی” بەس نییە بۆ سنووردارکردنی مافی خۆپیشاندان.
لە بەرامبەر ئەمەشدا پۆلیسی ستۆکھۆڵم بڕیارەکەی بەرزکردەوە بۆ دادگای باڵای سوید.
بە ھەمان شێوە دادگای باڵا ئەم بڕیارەی دادگای کارگێڕی پەسەند کرد و لە ١٢ی حوزەیران بڕیارەکەی پۆلیسی لەمەڕ “قەدەغەکردنی سووتاندنی قورئانی پیرۆز” ھەڵگرت.

وێنە.. گایەک لە گەڕەکێکی سلێمانی هار دەبێت و زیان بە چەند ئۆتۆمبێلێک دەگەیەنێت
پێشت وێنە.. گایەک لە گەڕەکێکی سلێمانی هار دەبێت و زیان بە چەند ئۆتۆمبێلێک دەگەیەنێت
لە ماڵێکدا دەست بەسەر ١٣٠ پارچە یاری ئاگریندا گیرا
دواتر لە ماڵێکدا دەست بەسەر ١٣٠ پارچە یاری ئاگریندا گیرا
ەیوەندیدار