یەکێتی خۆی بە براوەی کلاسیکۆی پارتی و یەکێتی لە بەغدا دادەنێت



دانانی بڕگەیەک پارتی تووڕەکردووە، یەکێتی بە خیانەتکار دەچووێنێت، یەکێتیش بە دەستکەوتی گەورەی دادەنێت و پیرۆزبایی دەکات.

تا دێت ململانێی نێوان یەکێتی و پارتی لە پەرلەمانی عێراق قوڵتردەبێتەوە، دوێنێ شەو لوتکەی کێشمەکێشی نێوان پارتی و یەکێتی بوو.

دوێنێ شەو سەرۆکی سەرجەم فراکسیۆنە کوردیەکان پێش کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە و ڕێککەوتن بە دانانی بڕگەی پاشەکەوتی مووچە بەڕێژەی ٪١٢.

بەڵام لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا، یەکێتی پاش کۆتایی بڕگەی حەوتی ماددەی چواردە، بڕگەی هەشتی بۆ ماددەکە پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد، سەرۆکایەتی بڕگەکەی خستە دەنگدانەوە، پێش ئەوەی دەنگبدرێت پەرلەمانتارانی پارتی تووڕەبوون و گرژییان لە دانیشتنەکە دروستکرد، کۆبوونەوەی پەرلەمانیان بەجێهێشت، بەڵام هەر دەنگ لەسەر بڕگەکە درا و پەسەندکرا.

بەپێی بڕگەکە، هەر کات پارێزگایەک هەستی بە نادادی کرد، ئەوا دەتوانێت ڕاستەوخۆ داوای شایستە داراییەکانی لە حکومەتی عێراق بکات.

ئەم بڕگەیە پارتی توڕەکرد، کۆبوونەوەی پەرلەمان بەهۆی گرژییەکی پارتی وەستێنرا، حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان چووە فراکسیۆنی پارتی و ڕازیکردن بە گەڕانەوە بۆ دانیشتنی پەرلەمان.

یەکێتی پەسەندکردنی ئەم بڕگەیە لە ماددەی ١٤ی بودجەی عێراق بە دەستکەوت دەزانێت و بەڕێگایەک بۆ دووبارە بەهێزبوونەوەی خۆی دەبینێت، ئەندامان و لایەنگرانی یەکیتی دڵخۆشن بەم بڕگەیە و بە ڕزگاربوونی سلێمانی لە قەیرانە داراییەکان و ئەو ململانێ سیاسییانە دەبینێت کە بووەتە هۆی لاوازکردنی یەکێتی و سزادانی سلێمانی.

مەکتەب سیاسی یەکێتی ئەمڕۆ، پەیامی پیرۆزبایی و دەستخۆشی ئاڕاستەی پەرلەمانتارانی یەکێتی لە عێراق کرد، ڕایگەیاند “چیتر غەدر لە سلێمانی و هیچ شارێکی کوردستان ناکرێت و ژیان و گوزەرانی خەڵک نابێتە کەرەستەی ململانێی ناڕەوا”

لە بەرامبەردا ئەندامانی پارتی توڕەی خۆیان نیشاندەدەن، فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دوێنێ شەو کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدا، شێروان سێپانی، پەرلەمانتاری پارتی وتی “یەکێتی پەڵەیەکی دیکەی بۆ ناوچاوانی خۆی زیادکرد، هەستان بە تاکڕەوی دژی تەواوی حزبە کوردستانییەکان و بۆ ئەوەی پارێزگای سلێمانی جیابکەنەوە”.

ڕێبوار بابکەیی پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان یەکێتی بە ناپاک وەسفدەکات، “بچووكردنەوەی قەوارەی دەستووری كوردستان بۆ ئاستی پارێزگاكان هیچی كەمتر نییە لەو خیانەتەی كە یەكێتی بۆ لەناو بردنی هەرێمی كوردستان لە ١٦ی ئۆكتۆبەر ئەنجامیان دا”.

لەم کلاسیکۆیەی پارتی و یەکێتی، ئێستا یەکێتی خۆی بە براوە دەزانێت، بەڵام دیار نییە هەڵوێستی داهاتووی پارتی چیدەبێت.

بڕیارە کاتژمێر یەکی چوارەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ پەسەندکردنی بودجەی عێراق ئەنجامبدرێت.

 

 

سوودانی سەردانی میسڕ دەکات
پێشت سوودانی سەردانی میسڕ دەکات
عێراق، زۆرترین شتومەکی تورکی هەناردە کردووە
دواتر عێراق، زۆرترین شتومەکی تورکی هەناردە کردووە
ەیوەندیدار