عێراق،گەورەترین پرۆژەی ڕێگاوبان لەنێوان ئاسیا و ئەورووپا جێبەجێ دەکات



بەبەشداری نوێنەری ھەریەک لە وڵاتانی سعوودیە، تورکیا، سووریا، ئوردن، کوێت، بەحرێن، قەتەر، ئیمارات، عومان و ئێران ھەروەھا نوێنەرانی بانکی نێودەوڵەتیی و یەکێتیی ئەورووپا، کۆنفرانسی “رێگای گەشەپێدان” رۆژی ٢٧ی ئایاری ٢٠٢٣، لە بەغدا بەڕێوەچوو.

وەزیری گواستنەوەی عێراق، رەزاق محێبس لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند؛ کە لەڕووی ئابوورییەوە، ھەموو ئامادەکارییەکانیان بۆ جێبەجێ کردنی پرۆژەی “رێگای گەشەپێدان” تەواو کردووە.

عێراق ساڵانێکە بەدەست قەیرانە ئابووریی و سیاسییە یەک لە دوای یەکەکانەوە دەناڵێنێت کە کاریگەریی لەسەر کەرتی نەوت، پڕۆژە گەورەکان ھەبووە، ئەوە سەرەڕای ئەوەی کە بە دووەم گەورەترین بەرھەمھێنەری نەوت لە رێکخراوی ئۆپێک دادەندرێت.

لەئێستادا، حکوومەتی عێراق ھەوڵدەدات لەڕیگای جێبەجێ کردنی چەندین پڕژەی گرنگ، ئابووریی وڵاتەکەی ببوژێنێتەوە و وەبەرھێنان بۆ عێراق رابکێشێت.

– وردەکاریی پرۆژەی “رێگای گەشەپێدان”

بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بەندەرەکانی عێراق، فەرحان فەرتوسی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاندووە کە “رێگای گەشەپێدان” تەنھا رێگایەک نییە بۆ گواستنەوەی کەلوپەل یان سەرنشین، بەڵکو ڕێگاکە، دەرگای گەشەپێدان بۆ ناوچە بەرفراوانەکان لە عێراق دەکاتەوە.

پرۆژەکە لە عێراقەوە دەست پێدەکات و درێژدەبێتەوە بۆ تورکیا و دواتر ئەورووپا، ئەوەیش بە ئامانجی گۆڕینی وڵات بۆ سەنتەری ترانزێت لەڕێگای کورتکردنەوەی کاتی گەشتکردن لەنێوان ئاسیا و ئەورووپا کە ئەوەیش وەک ھەوڵێک بۆ رکابەریکردن لەگەڵ کەناڵی سوێس لە میسر لەقەڵەم دەدرێت.

لای خۆیەوە وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، شەزا رازی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق ئاماژەی بەوەداوە کە پڕۆژەکە، رۆژھەڵات بە ڕۆژئاواوەوە دەبەستێتەوە، بەندەرەکانی عێراق بە بەندەرەکانی تورکیا ، ھەروەھا بە وڵاتانی ئەورووپا لەوێیەوە بۆ وڵاتانی قەوقاز دەبەستێتەوە.

راشیگەیاندووە “لە میانی جێبەجێ کردنی پرۆژەکە، ھێڵێکی شەمەندەفەر و ھێڵێکی وشکانیی نێودەوڵەتیی خێرا دروست دەکرێن، لەسەر ھێڵەکانیش جوڵەیەکی ئابووریی دەبێت کە دەبێتە مایەی بوژانەوەی ئابووریی ١٠ پارێزگا کە دەکەونە سەر ھێڵەکان”.

باسی لەوەیش کردووە کە پرۆژەی “رێگای گەشەپێدان” دەرفەتی کار بۆ زیاتر لە ١٠٠ ھەزار کەس دەرخەسێنێت.

ــ تێچوو و قازانجی پرۆژەی “رێگای گەشەپێدان”

لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای ھێڵی ئاسنین لە عێراق، یونس خالید لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند؛ سەرەتا لە میانی جێبەجێ کردنی پرۆژەی “رێگای گەشەپێدان” ھێڵی ئاسنینی نێوان عێراق و تورکیا لە شاری فاو باشووری عێراق دروست دەکرێت.

وتیشی: “ئەو ھێڵی ئاسنینە، نەخشە بنەڕەتییەکەی تەواو کراوە و لەلایەن ١٥ کۆمپانیاوە جێبەجێ دەکرێت کە درێژییەکەی ھەزار و ٢٠٠ کیلۆمەترە”.

یونس خالید، روونیشیکردووەتەوە، ھێڵی ئاسنینەکە بە نۆ پارێزگای عێراق و پارێزگایەکی ھەرێمی کوردستان تێپەڕ دەبێت، لە دوای شاری فاو و بە تێپەڕبوون بە شاری بەسرە، بەرەو باکوور دەڕوات و دەچێتە سنووری شاری ناسرییە سەنتەری پارێزگای زیقار و دواتر بە پارێزگاکانی موسەننا، دیوانییە، نەجەف، کەربەلا و بەغدا تێپەڕ دەبێت.

ھەروەھا بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای ھێڵی ئاسنین لە عێراق باسی لەوەیش کردووە کە دوای بەغدا ھێڵەکە بە ھەردوو قەزای سامەڕا و بێجی سەربە پارێزگای سەلاحەدین تێپەڕ دەبێت بەر لەوەی بگاتە سنووری شاری مووسڵ سەنتەری پارێزگای نەینەوا، لەوێوە درێژدەبێتەوە بۆ ناحیەی رەبیعە سنووری پارێزگای نەینەوا لەگەڵ سووریا و دەچێتە ناوچەی پێشخابوور بەر لەوەی بچێتە تورکیا.

یونس خالید ئەوەیشی وتووە: “ھێڵی ئاسنینەکە لەڕێگای پێشخابووەوە دەچێتە سنووری ھەرێمی کوردستان و بە پارێزگای دھۆکدا بەرەو تورکیا تێپەڕدەبێت”.

تێچووی پڕۆژەکە، ١٧ ملیار دۆلارە کە بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەکرێت و قۆناغی یەکەم لە ساڵی ٢٠٢٨ تەواو دەبێت، قۆناغی دووەم لە ساڵی ٢٠٣٣ و قۆناغی سێیەم و کۆتاییش لە ساڵی ٢٠٥٠ تەواو دەبێت.

بەرپرسانی حکوومەتی عێراق رایانگەیاندووە؛ دواى تەواوبوونی پڕۆژەی “رێگای گەشەپێدان”، ساڵانە چوار ملیار و ٧٥٠ ملیۆن دۆلار داھاتی دەبێت.

ــ تورکیا وڵاتێکی گرنگە بۆ عێراق و ناوچەکە

وتەبێژی حکوومەتی عێراق، باسم عەوادی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماژەی بەوەداوە، خوازیارن لەگەڵ تورکیادا ھەنگاوی گرنگ بۆ گەشەپێدانی و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بھاوێژن.

باسم عەوادی وێڕای ئاماژەدان بەوەی بەتایبەت لە بەستنەوەی ئەورووپا بە وڵاتانی کەنداوەوە، تورکیا لە پێگەیەکی گرنگدایە، ئاشکراشیکرد ھەردوو وڵات بەنیازن ھەنگاوی جددیی لەو بوارەدا بھاوێژن.

راشیگەیاندوو”تورکیا وڵاتێکی گرنگە بۆ ناوچەکە، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ھەردوو وڵات لە ساڵی رابردوودا ٢٠ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە”.

وتەبێژی حکوومەتی عێراق جەختی لەوەشکردەوە، باشترین رێگا بۆ کردنەوەی بازاڕی ئەورووپا بەڕووی کەنداو و جیھاندا رێگای تورکیا و عێراقە.

وتەبێژی حکوومەتی عێراق ئاشکرایکرد، ئەو بەرھەمانەی لە ئەورووپاوە دەگەنە تورکیا، لە ماوەی تەنھا ١٠ کاتژمێردا لە عێراقەوە دەگەنە وڵاتانی کەنداو و جەختی لەوەکردەوە، جێبەجێکردنی ئەمە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان ھەردوو وڵات دەبێت.

ــ ئێران پرۆژەی “رێگای گەشەپێدان” بە دەرفەتێکی گرنگ بۆ وڵاتانی ناوچەکە لەقەڵەم دەدات

ھەر لەوبارەیەوە بریکاری وەزارەتی گواستنەوەی ئێران، شەهریار ئەفەندی زادە رایگەیاندووە کە پرۆژەی “رێگای گەشەپێدان” دەرفەتێکە بۆ وڵاتانی ناوچەکە، بۆ ئەوەی بتوانن کەلوپەلەکانیان بازاڕەکان بگوازنەوە.

ئەفەندی زادە کە وەک نوێنەری ئێران لە کۆنفرانسی “رێگای گەشەپێدان” لە کۆنفرانسەکەدا لە بەغدا بەشداربوو لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق ئاماژەی بەوەداوە کە جێبەجێکردنی پرۆژەکە، دەرفەتی زۆری لە پرسی ڕێڕەوی شەمەندەفەر وشکانیی لە باکوور، باشوور، رۆژھەلات رۆژئاوا بۆ سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە، وەک ئێران، ئیمارات ، عێراق، سعوودیە، تورکیا و عومان لە بواری گواستنەوەی کەلوپەلەکانیاندا دەبێت.

راشیگەیاندووە ” ئەم پرۆژە گەورەیە، زۆر گرنگە، چونکە عێراق و ئێران لە شەلامجە و بەسرە بە ھێڵی ئاسنین دەبەستێتەوە، ھەروەھا پڕۆژەکە، پرۆژەیەکی نوێیە لە عێراق کە رۆڵێکی گرنگی دەبێت لە گواستنەوەی کەلوپەلدا.

باسی لەوەشکرد کە کارکردن لەسەر قۆناغی وردی ئەم پڕۆژەیە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا دەست پێدەکات و وتی: “ئێرانیش رۆڵی ھەیە لە بواری ترانزێت و گواستنەوەی کەلوپەل بۆ رووسیا و وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست، چاوەڕوانی کاری ھاوبەشین لە بوارە نوێیەکانی ھارکاریی بەتایبەت لە گواستنەوەی کەلوپەلەکاندا بۆ ئەورووپا، ھەروەھا سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە لە پرۆژەیەکەدا، سوودمەندەبن بە تایبەتی لە گواستنەوەی کەلوپەلەکانیاندا”.

ــ ھیچ لایەنێک دژی بۆ جێبەجێ کردنی پرۆژەی “رێگای گەشەپێدان” نییە

پرۆژەی “رێگای گەشەپێدان” کە لەرێگا‌ی گواستنەوەی وشکانیی و ئاسنینەوە بە تورکیا و ئەورووپا دەبەستێتەوە، بە دەرفەتێک بۆ پتەوترکردنی ھاریکاریی نێوان وڵاتانی ئاسیا و ئەورووپا لەقەڵەم دەدرێت.

تا ئێستا ھیچ لایەنێک، ناڕەزایەتیی خۆی بۆ جێبەجێ کردنی پرۆژەی “رێگای گەشەپێدان” رانەگەیاندووە، چونکە پرۆژە سوود و قازانجی بۆ لایەنەکانی بەشداربوو لە پرۆژەکە دەبێت.

كاتژمێرەكانی بڕینی هێڵەكانی ئینتەرنێت دیاری كرا
پێشت كاتژمێرەكانی بڕینی هێڵەكانی ئینتەرنێت دیاری كرا
سودانی دەچێتە لای فوئاد مەعسوم
دواتر سودانی دەچێتە لای فوئاد مەعسوم
پەیوەندیدار