گۆڕان دەستپێشخەرییەك بۆ كۆبوونەوەی لوتكەی حزبەكان ڕادەگەیەنێت



بزووتنەوەی گۆڕان داوای کۆبوونەوەی لووتکەی پارتە سیاسییە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات؛ دەشڵێت، “بۆ رێگەنەدان بە پێشێلکردنی یاسا و بنەماکانی سازانی نیشتمانی، هیچ کۆبوونەوەیەکی کۆمسیۆن بە پێویست نازانین”.

بزووتنەوەی گۆڕان لە “دەستپێشخەرییەك”دا ئاماژەی بەوەكردووە، “پێنج لایەنی سەرەكی لە (١١-٣-٢٠٢٣) ڕێكەوتنێكیان ئیمزاكرد كە ئەم دوو پرسە ڕەهەندی نیشتمانییان هەیە و پێویستە بەسازان و هاوتەریب هەموار و كارا بكرێنەوە”.

ڕاشیگەیاندووە، “بۆ ڕێگەگرتن لەبەردەوامی ئەم دۆخە و لێكترازانی زیاتر، هەروەها ڕێگەنەدان بە پێشێلكردنی یاسا و بنەماكانی سازانی نیشتمانی هیچ كۆبونەوەیەكی كۆمسیۆن بەپێویست نازانین”.

جەختیشی كردۆتەوە، “وەكو ئەركی نیشتمانی و سیاسی لەپێناو دۆزینەوەی دەرچەیەك بۆ چارەسەری ناكۆكیەكانی هەرێم و پێشهاتە نوێیكانی گۆڕەپانی سیاسی عێراق و دورخستنەوەی مەترسی لەسەر گوزەرانی خەڵك و پاراستنی قەوارەی هەرێم، بزوتنەوەی گۆڕان داوای كۆبونەوەی لوتكەی پارتە سیاسییە سەرەكیەكان دەكات”.

ئەمە لەکاتێکدایە، کە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان سەرقاڵی ئامادەكارییە بۆ كۆبوونەوە و كۆبوونەوەکەش پێویستی بە ئامادەبوونی (5) ئەندامە لەكۆی (9) ئەندامی كۆمسیۆن، ئەوەی تا ئێستا یەكلا بۆتەوە، سێ ئەندامی (پارتی)یە كە دووانیان سوێندیان نەخواردووە، (4) ئەندامی (كۆمەڵ، یەكگرتوو، یەكێتی) لە كۆمسیۆن یەكلابوونەتەوە و بەشدار نابن لە كۆبوونەوەی كۆمسیۆن و ئێستاش گۆڕان، کە (2) ئەندامی هەیە لە کۆمسیۆن بڕیاری دا بەشدار نەبێت و بەوەش (6) ئەندام بەشدار نابن.

دەقی دەستپێشخەرییەكەی بزوتنەوەی گۆران:

دەستپێشخەرییەك لە بزوتنەوەی گۆڕان-ەوە
پاش چەندین هەوڵی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هێوركردنەوەی دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان و چارەسەری ناكۆكییەكان لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمیەكانەوە، جارێكی دیكە پرسی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی كوردستان لێكترازانێكی تری دروستكرد.

بزوتنەوەی گۆڕان لە (٣١-٣-٢٠٢١)دا پڕۆژەیەكی بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پێشكەشكرد. داوای كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی كرد لە پێناوی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لەكاتی یاسایی خۆیدا، بەڵام بۆ ئەم پرسە هیچ هەنگاوێكی پراكتیكی نەنرا. دواجار پێنج لایەنی سەرەكی لە (١١-٣-٢٠٢٣) ڕێكەوتنێكیان ئیمزاكرد كە ئەم دوو پرسە ڕەهەندی نیشتمانییان هەیە و پێویستە بەسازان و هاوتەریب هەموار و كارا بكرێنەوە.

بزوتنەوەی گۆڕان سیاسەتی سەربەخۆی خۆی هەیە، كە پێداگرییە لە بنەما یاساییەكان و گەڕانەوەی شكۆ بۆ دامەزراوەكان، بۆ ڕێگەگرتن لەبەردەوامی ئەم دۆخە و لێكترازانی زیاتر، هەروەها ڕێگەنەدان بە پێشێلكردنی یاسا و بنەماكانی سازانی نیشتمانی هیچ كۆبونەوەیەكی كۆمسیۆن بەپێویست نازانین.
وەكو ئەركی نیشتمانی و سیاسی لەپێناو دۆزینەوەی دەرچەیەك بۆ چارەسەری ناكۆكیەكانی هەرێم و پێشهاتە نوێیكانی گۆڕەپانی سیاسی عێراق و دورخستنەوەی مەترسی لەسەر گوزەرانی خەڵك و پاراستنی قەوارەی هەرێم، بزوتنەوەی گۆڕان داوای كۆبونەوەی لوتكەی پارتە سیاسییە سەرەكیەكان دەكات.

بزوتنەوەی گۆڕان
٢٧ی ٥ی ٢٠٢٣

ڕێباز حەملان: حزبەكانی كابینەی هەشتەم ئاگاداری تەواوی پاشەكەوتی مووچە بوون
پێشت ڕێباز حەملان: حزبەكانی كابینەی هەشتەم ئاگاداری تەواوی پاشەكەوتی مووچە بوون
مەسرور بارزانی: گۆڕانكاری لە بودجە ناپاكی و پیلانگێڕانە لە دژی هەرێم
دواتر مەسرور بارزانی: گۆڕانكاری لە بودجە ناپاكی و پیلانگێڕانە لە دژی هەرێم
ەیوەندیدار