پۆندی گلدانەوەی ئاو، بۆ گوندنشینان دروست دەکرێت



فەرمانگەی میدیا و زانیاری، حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هاوکاریی ڕێکخراوی یونیسێف، دەستپێشخەریی “پۆندی هەرەوەزی” بۆ پشتیوانیکردنی ماددی و تەکنیکی لە دروستکردنی پۆندی گلدانەوەی ئاو لە گوندەکانی کوردستان ڕادەگەیەنێت.

بەپێی زانیارییەکانی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، ئەم دەستپێشخەرییە، کێشەی کەمئاوی و کاریگەرییەکانی وشکەساڵی کەم دەکاتەوە و دەبێتە سەرمایەیەکی نیشتیمانی بۆ گەشەپێدانی کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتیاری.

ئەو پۆندانە لەسەر ڕێڕەوە ئاوییەکانی باراناو دروست دەکرێن بە مەبەستی نەهێشتنی زیان و مەترسییەکانی لافاو، هەروەها بوونی سەرچاوەیەکی گرنگی ئاو بۆ کەرتەکانی کشتوکاڵ، گەشتیاری و ئاودێری.

ئەو پۆندە هەرەوەزییانە له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێنماییی پۆنده‌كان (ساڵی ٢٠٢٢) به‌ هاوبه‌شی لەنێوان حكومه‌ت، گوندنشین و جووتیاران دروست دەکرێن، بە مەرجێک کە سوودی گشتی لەبەرچاو بگیرێت.

هه‌رێمی كوردستان، بەهۆی گۆڕانی ئاووهەواوە ڕووبەڕووی گرفت دەبێتەوە، وەکو دووباره‌بوونه‌وه‌ی وشكه‌ساڵی، كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاستی ئاوی ژێرزه‌وی و لێدانی زۆری بیره‌ قووڵه‌كان؛ به‌ گوێره‌ی ڕووپێوی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی سه‌رچاوه‌كانی ئاو “نزیكه‌ی ٨٠٠ گوند مه‌ترسیی وشكبوونی سەرچاوەی ئاو و چۆڵبوونیان له‌سه‌ره‌”.

ئەم پرۆژەیە، سنوورێک بۆ‌ هەڵگۆزینی ئاوی ژێرزه‌وی دادەنێت و گلدانەوەی باراناو زیاتر دەکات، دەبێتە هۆکارێکیش بۆ مانەوەی گوندنشینان و چۆڵنەبوونی گونده‌كان.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری، ئەوەشی خستووەتەڕوو؛ کابینەی نۆیەم، بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئاوی هەرێمی کوردستان، ئەم کارانەی کردووە:

⁃ ڕەزامەندیی لەسەر دروستکردنی ٤١ پۆند داوە.

⁃ نۆ پۆندی بەشێوەی (ppp) دروست کردووە.

⁃ تێچووی دروستکردنی پۆندی لە ١.٦ ملیار دینارەوە بۆ ٠.٨ ملیار دینار کەم کردووەتەوە.

⁃ هەنگاوی بۆ ئەوە ناوە گوندەکان پێکەوە سەرچاوەی ئاوییان هەبێت.

⁃ ئاوی ژێرزەوی بووژاندووەتەوە، ئەویش بە دروستکردنی پۆند، گەڕاندنەوەی ئاوی سەرزەوی بۆ ژێرزەوی و قەدەغەکردنی لێدانی بیری نایاسایی.

حەلبوسی: ” ٢٧ی ئەم مانگە بوودجە دەخرێتە دەنگدانەوە”
پێشت حەلبوسی: ” ٢٧ی ئەم مانگە بوودجە دەخرێتە دەنگدانەوە”
باران بارینی ئەمساڵ بەرهەمی گەنمی لە سلێمانی زیاد کردووە
دواتر باران بارینی ئەمساڵ بەرهەمی گەنمی لە سلێمانی زیاد کردووە
ەیوەندیدار