باران بارینی ئەمساڵ بەرهەمی گەنمی لە سلێمانی زیاد کردووە



لێپرسراوی بەشی بەرهەمهێنان و پەرەسەندنی تۆو لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی، پشتیوان حەمەعەلی دەڵێت؛  ”ئەو بارانەی کە لە چەندڕۆژی رابردوودا باریوە، زیانی بۆ گەنمەکە نییە، چونکە لەڕووی زانستیشەوە ئێستا گەنم کە لە قۆناغی پڕکردنی داندایە پێویستی بە ئاو و شێ هەیە، بەڵام لەئیستادا کە قۆناغی تێکردنی دانە لەوانەیە گەنم پێویستی بە ١٠ بۆ ١٥ ملم باران بێت کە رەنگە ئێستا ٣٠ بۆ ٤٠ ملم باریبێت.

 

دەشڵێت؛ جۆری ئەو تۆوی گەنمەی دابەشمان کردووە، بەرگریی کەوتنیان هەیە، بەڵام هێزی باران و بایەکە ئەوەندە زۆر بووە کە هەندێکیان کەوتوون و زیانیان پێگەیشتووە”.

بەبڕوای ناوبراو، ”بەگشتی بەروبوومی دانەوێڵەی ئەمساڵ و بەتایبەتیش گەنم لە ئاستێکی زۆر باشدایە، لەبەرئەوەی هەرلە سەرەتای بارانبارینەوە هەتا هەموو قۆناغە جیاوازەکانی گەنم کە لەڕووی زانستییەوە بۆ گەنم قۆناغی هەستیارن، باران تیانادا باریوە”.

لەئەنجامی بارانباریندا لە وەرزی داچاندنی بەروبوومی گەنمدا، لەمساڵدا بەرهەمی گەنم زیادی کردووە، بەڵام هەندێک لە شارەزایان پێیان وایە کە دوایین باران، زیانی داوە بە بەشێک لە کێڵگەکانی گەنم و داکەوتوون.

لێپرسراوی بەشی بەرهەمهێنان و پەرەسەندنی تۆو لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی، پشتیوان حەمەعەلی رایگەیاند ”لەبارەی زەرەروزیانی ئەو بارانەی لە چەندڕۆژی پێشوودا باری، بەداخەوە ئەو گەنمانەی باڵایان زۆر بەرزە و بەهێزن و گوڵ و دانیان پڕ کردووە کەوتوون و زیانیان پێ گەیشتووە، زۆربەی کێڵگەکانی گەنمی ئەمساڵمان بەو شێوەیەن کە گەنمەکان باڵایان زۆر بەرزە و بەهێزن، لەبەرئەوەی بارانبارین و کەشوهەوا لەبار بووە بۆ ئەوەی گەنمەکانمان بەهێز و پڕدان بن، هەروەها جووتیارانیش لەبەر خەمی بەرهەمەکانیان و بوونی بازاڕێکی باش بۆ ساغبوونەوەی گەنمەکانیان و باشی نرخی گەنم لە سایلۆکاندا، لەژێر رێنمایی ئێمە وەکوو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی خزمەتێکی زۆر باشی کێڵگەکانیان کردووە و سەمادێکی زۆریان داوە بە گەنمەکان بەو ئامانجەی کە بەرهەمێکی باشیان هەبێت.

 

لەلایەکی دیکەیشەوە، هەندێک لە جووتیاران کەمێک پڕتر گەنمەکانیان چاندووە و رێژەی زیاتریان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەی رووەکیان هەبێت کە لە رووە زانستییەکەیشەوە دروستە، هەموو ئەمانە وایان کرد رووەکەکانمان باڵایان بەرز بێت و لە کاتی بوونی کەشوهەوایەکی ناسەقامگیر و نالەبار و بارانێکی زۆر بەهێز بەباوە بەشێک لە گەنمەکان بکەون و زیانیان پێبگات”.

پشتیوان حەمەعەلی ئاماژە بەوە دەکات ئەم بارانەی ئەم چەندڕۆژەی دوایی سوودی بەو کێڵگەیانە گەیاندووە کە درەنگ گەنمیان تیادا کراوە یان هێشتا لە قۆناغی سەوزیدان، یان گەنمەکان هێشتا لە قۆناغی شیری و پڕکردنی داندان و دەڵێت ”بوونی باران و رێژەیەکی باشی شێ بۆ پڕکردنی دانی ئەم کێڵگە گەنمانە سوودبەخشە، بەڵام لەو رووەوەی کە بارانەکە بەهێز بووە و بە باوە باریوە بۆ ئەو کێڵگانەی گەنم کە باڵایان بەرزە و پڕدانن زیانی هەبووە و گەنمەکانی خستوون کە ئەمەیش بۆ کاتی دروێنەکردن دەڕاسەکان بە زەحمەت دەتوانن هەڵیانبگرنەوە و زیان بە جووتیارەکە دەگەیەنێت”.

ئەو پسپۆڕەی بواری پەرەسەندنی تۆو لە کشتوکاڵی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستا گەنم کە لە قۆناغی پڕکردنی داندایە پێویستی بە ئاو و شێ هەیە، بەڵام لەئیستادا کە قۆناغی تێکردنی دانە لەوانەیە گەنم پێویستی بە ١٠ بۆ ١٥ ملم باران بێت کە رەنگە ئێستا ٣٠ بۆ ٤٠ ملم باریبێت و گوتی: ”لەگەڵ ئەوەیشدا ناتوانیت بڵێیت زیانی بۆ ئەو گەنمانە هەیە کە بەپێوەن، زیانەکە تەنها بۆ ئەو گەنمانەیە کە کەوتوون یان گەنمەکە بەهۆی بارانەکە و کەڵەکەبوون و کەپسبوونیان لەسەر یەکتر و لەسەر زەوییەکە تووشی کەڕوو ببێت.

سەبارەت بەو زیانەی بەر کێڵگە گەنمەکان کەوتوون بەهۆی ئەو بارانەی لە چەندڕۆژی پێشوودا باری، ئێمە وەک بەڕێوەبەراتیی گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی و بەشە کشتوکاڵییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی لەسەر هێڵین راپۆرتمان بۆ بنێرن و ئێمەیش بەدواداچوون دەکەین، بۆ ئەو مەبەستەیش لیژنەمان هەیە، من لە بەشەکەی خۆم لیژنەیەکمان هەیە ئێستا لە کار و لە پشکنینی کێڵگەییدان. پشکنینی کێڵگەیی بۆ کێڵگەی ئەو جووتیارانە دەکەن کە بنەتۆومان پێداون و بەرهەمەکانیان وەردەگرینەوە”.

پشتیوان حەمەعەلی باس لەوە دەکات کە تا ئەم ساتە هیچ داتایەکی فەرمی نییە سەبارەت بە ئاست و قەبارەی زیانەکانی کێڵگەکانی گەنم لە سنووری سلێمانی، بەڵام لە چەندڕۆژی داهاتوودا بەرچاوی هەموو لایەک روون دەبێتەوە لەوەی لە چ سنوورێک زیان هەیە و قەبارەکەی چەندە.

لێپرسراوی بەشی بەرهەمهێنان و پەرەسەندنی تۆو لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی سلێمانی هەروەها وتی: ”گرنگە کە بڵێم ئەو تەرزانەی ئێمە دابەشمان کردوون و ئەو تەرزانەی لەلای جووتیارەکان هەن خۆشبەختانە، هەموویان کۆمەڵە تەرزێکن خۆیان بەرگرییان بۆ کەوتن هەیە،  سیفەتی کەوتن سیفەتێکی بۆماوەییە و لە گەنمدا هەیە. تەرزەکان بەرگریی کەوتنیان هەیە، بەڵام هێزی باران و بایەکە ئەوەندە زۆر بووە کە هەندێکیان کەوتوون و زیانیان پێگەیشتووە.

 

بەگشتی بەروبوومی دانەوێڵەی ئەمساڵ و بەتایبەتیش گەنم لە ئاستێکی زۆر باشدایە، لەبەرئەوەی هەر لە سەرەتای بارانبارینەوە هەتاکوو هەموو قۆناغە جیاوازەکانی گەنم کە لەڕووی زانستییەوە بۆ گەنم قۆناغی هەستیارن، باران تیانادا باریوە. لە سەرەتای مانگی یازدەوە کە قۆناغی سەرەتای چاندنی گەنمە هەتاکوو ئێستا هیچ قۆناغێکمان نەبووە کە بێباران بووبین. واتە باران لە هەموو قۆناغەکانی ژیان و گەشەی گەنمدا باریوە، بۆیە ئەمساڵ پێشبینی دەکەین کە بەرهەمێکی زۆری گەنممان هەبێت”.

ناوبراو جەخت لەوە دەکاتەوە لەبەرئەوەی ساڵی پار هەموو گەنمەکانیان وەرگیران و هاوکات شاندێکی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بەڵێنی پێداون کە گەنمی ساڵی ٢٠٢٣ی جووتیاران وەربگرنەوە، بۆیە جووتیاران بەو ئومێدەوە گەنمیان داچاندووە و خزمەتی باشیان کردووە.

سەرچاوە؛ AA

پۆندی گلدانەوەی ئاو، بۆ گوندنشینان دروست دەکرێت
پێشت پۆندی گلدانەوەی ئاو، بۆ گوندنشینان دروست دەکرێت
شەڕی دووبنەماڵە لە ماردین ١١ برینداری لێکەوتەوە
دواتر شەڕی دووبنەماڵە لە ماردین ١١ برینداری لێکەوتەوە
ەیوەندیدار