لەسێدارەدانی ٣ کەس لە ئێران ناڕەزایەتی بەدوای خۆیدا هێنا



لە ئێران جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بەسەر سێ کەسدا، کە بە کوژرانی سێ کارمەندی هێزە ئەمنییەکانی شاری ئەسفەهان لە کاتی خۆپیشاندانەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی تۆمەتبارکرابوون، ناڕەزایەتی لێکەوتەوە.

بەگوێرەی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییانەی  لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، چەند گرووپێک لە شارەکانی تاران، مەشهەد، ئەسفەهان و ئەلبۆرز، رژاونەتە سەر شەقامەکان و بەدەم وتنەوەی دروشمی دژ بە حکوومەت، خۆپیشاندانیان کردووە.

وەک لە تۆمارە ڤیدیۆییەکاندا دەردەکەوێت خۆپیشاندەران سوێند دەخۆن کە تۆڵە دەکەنە و حکوومەتی ئێرانیش بە دەوڵەتی لەسێدارەدان ناودەبەن.

دەسەڵاتی دادوەریی ئێران جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی بەسەر هەریەک لە ساڵح میرهاشمی، مەجید کازمی و سەعید یەعقوبیی راگەیاند کە بە ئەنجامدانی هێرش بۆسەر هێزە ئەمنییەکانی شاری ئەسفەهان، تۆمەتبارکرابوون.

بانگەشەی ئەوەش کرابوو کە لەسێدارەدراوان، پەیوەندییان بە رێکخراوی موجاهیدینی خەڵقەوە هەبووە کە وەک گرووپێکی تیرۆریستی لە ئێران ناسراوە.

ئەو کەسانە لە مانگی کانوونی دووەمدا دادگایی کرابوون و بە تاوانی “دژایەتیکردنی حکوومەت” سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرکرابوو.

تۆمەتبارەکان لە دادگای تەمیز تانەیان لە بڕیارەکەی دادگا دابوو بەڵام لە ١٠ی ئایاردا دادگای تەمیز سزای لەسێدارەدانیانی پەسەند کرد.

رۆژی ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، پۆلیسی ئیرشادی تاران بە پاساوی “پابەندنەبوون بە یاساکانی جلوبەرگی ئیسلامی” ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵی دەستگیرکرد، دواتر بەهۆی ئەشکەنجەدانی رەوشی تەندروستی تێکچوو و گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە، لە کۆتاییدا، رۆژی ١٦ی ئەیلوول لە نەخۆشخانە کۆچی دوایی کرد.

تەرمی ژینا ئەمینی رۆژی ١٧ی ئەیلوول لە شارۆچکەی سەقز بە خاک سپێردرا و دوای رێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەش خۆپیشاندان دروستبوو کە لە ماوەیەکی کەمدا شەپۆلی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان زۆربەی شارەکانی ئێرانی گرتەوە و بۆ ماوەی چوار مانگ بەردەوام بوو.

تا ئێستاش زیاتر لە ١٠ کەس کە بە تۆمەتی پەیوەندیداربوون بە خۆپیشاندانەکان دەستگیر کراون، سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە و حەوتیان سزاکانیان جێبەجێ کراوە.

بەگوێرەی یاسای سزادانی ئێران، ئەو کەسانەی بە “بڵاوکردنەوەی خراپەکاریی” و “دژایەتیکردنی حکوومەت” تۆمەتبار دەکرێن بە سزای لەسێدارەدان، سزا دەدرێن.

 

پەرلەمان دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی کۆمەڵ دەخاتە دەنگدانەوە
پێشت پەرلەمان دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی کۆمەڵ دەخاتە دەنگدانەوە
جارێکی دیکە پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە
دواتر جارێکی دیکە پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە
ەیوەندیدار