بە ژمارە.. تاوانەکانی تورکیا لە عەفرین



 

دانیشتووانی کانتۆنی عەفرینی داگیرکراوی رۆژئاوای کوردستان، لەنێو درێژەی تاوانەکانی سوپای تورکیادا رۆژانێکی سەخت بەڕێدەکەن، شارەکە دۆخێکی دژواری ژیان و گوزەران ڕێدەکات، ئاڵای تورکیا و فێر بوونی زمانیی تورکی بەزۆرەملێ و خوێندن بە تورکی ئەو دیمەنانەن کە هەست بکەیت لە شارێکی تورکیا دایت.

 

پێنج ساڵ تێدەپەرێت بە سەر داگیرکردنی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان، بەپێی راپۆرتی ڕێکخراوە مرۆییە جیهانییەکان تورکیا لە سەروەختی داگیرکردنی ئەم کانتۆنەوە هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەکی جەستەیی و دەروونی و کۆمەڵایەتی بەرامبەر دانیشتوانەکەی پراکتیزە دەکات و بازرگانی بە ژیانیانەوە دەکات، وێڕای تاڵانکردنی خاکەکانیان و سووتاندنی دارەکانیان.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین -سووریا دەڵێت؛ لەسەروەختی داگیرکردنی عەفرین تا ئێستا، چەکدارانی بەکرێگیراو و سوپای تورکیا زیاتر لە (٦٨٠) هاووڵاتیان کوشتووە، لەو ژمارەیە (٩٣)یان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە (٨٧٩٢) هاووڵاتیش ڕفێندراون، بەڵگەنامەکردنی زیاتر لە (١٠٠) حاڵەتی کوشتنی ژنان و دەستدرێژیکردنە سەریشیان تۆمار کراوە، کە لەنێویاندا منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی بوونیان هەیە.

 

بەپێی ڕاپۆرتی مافی مرۆڤی عەفرین -سووریا، لە ماوەی ٥ ساڵی داگیرکاری تورکیا لە ناوچەکە، زیاتر لە ٧٥٠ هاووڵاتی لە بۆردوومانەکاندا بریندار بوون کە زیاتر لە ٣٤٠ منداڵ و ٢١٦ ژنیان بوونی هەیە.

داگیرکارییەکانی تورکیا لە کانتۆنی عەفرین، هۆکار بووە بۆ لەناوبردنی زیاتر لە ٣٨٠ هەزار و ٥٠٠ داری زەیتونی هەمیشەیی و سوتاندنی زیاتر لە یەک لەسەر سێی ئەو ڕووبەرەی کە بۆ کشتوکاڵ دیاریکراوە، کە بە ١٢ هەزار هێکتار مەزەندە دەکرێت، وێرای سووتاندنی زیاتر لە ١٣ هەزار و ٥٠٠ نەمامی زەیتونی ساوا، بە وتەی ڕێکخراوەکە.

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین -سووریا، ئەوەشی خستووەتەڕوو؛ تورکیا دەستی بەسەر هەزاران ماڵ و دوکاندا گرتووە و دواتر بە دانیشتوانەکەی فرۆشتووەتەوە، ئەمە جگە لە فرۆشتنی زەوی و باخی کشتوکاڵی و گۆڕینی زیاتر لە ١٠٠ خانوو بۆ بارەگای ئەمنی و سەربازی بۆ گروپە هەواڵگری و بەکرێگیراوەکانی تورکیا.

 

رێکخراوەکە دەڵێت؛ تورکیا ئەو هێڵی ئاسنەی هەڵوەشاندەوە کە لە گوند و شارۆچکەکانی کانتۆنی عەفرینی داگیرکراودا درێژدەبووەوە و گروپە بەکرێگیراوەکانی گواستویانەتەوە بۆ ناو خاکی تورکیا.

 

لە لایەکی دیکە، بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری کانتۆنی عەفرین ٦٨ گردی شوێنەواری لەلایەن سوپای تورکیا و بەکرێگیراوەکانیەوە هەڵکەندراون و وێرانکراون، زیاتر لە ٢٨ ناوچەی شوێنەواری و ١٧ مەزارگەی ئایینیی لە کانتۆنەکەدا وێران کراون و مەزارگەی شەهیدانی ئەو شارەیان کردووە بە مەیدانی ئاژەڵان.

تورکیا، ئامادەکاری بۆ خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەکات
پێشت تورکیا، ئامادەکاری بۆ خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەکات
ژینگەپارێزان بەهۆی نەبوونی مووچەوە بایکۆتیان کرد
دواتر ژینگەپارێزان بەهۆی نەبوونی مووچەوە بایکۆتیان کرد
ەیوەندیدار