ژنێك بە سوتاوی دەخرێتە چاڵەوە و كچەكەی بە ملوانكەكەی دەیناسێتەوە



 

ژنێكی تەمەن 47 ساڵ دوای نزیكی 10 ڕۆژ لە دیارنەمانی لە لایەن جوتیارێكەوە و لە كاتی زەوی كێڵان لە نزیك قەزای دوكان دۆزراوەتەوە.

پۆلیس بۆ دەنگی ئەمەریكا ڕایگەیاند كە ئاسەواری ئەشكەنجە بە گیانییەوە هەبووە و دوای سوتاندنی لە ناوچەیەكی دوورەدەست نێژراوە.

دوای دۆزینەوەی تەرمەكە كچەكەی لە ڕێگەی ملوانەكەی ملییەوە ناسیویەتییەوە.

ژنەكە، لەدایكبووی ساڵی 1976، ناوی ناسكە قادر پیرۆتە، خاوەنی پێنج منداڵ بووە و دوانیشتووی شارۆچكەی چوارقورنە بووە لە باكوری ڕۆژئاوای سلێمانی.

شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین، بەدەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاندووە، “هەفتەی ڕابردوو هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش ئاگاداركراینەوە كە تەرمێك هەیە لە نزیك بەنداوی دووكان لە خوارووی ڕانیە. تەرمەكە زۆر نەچوبووە ژێر گڵ تەنها 30 سم دەبوو.”

هەروەها ڕایگەیاند” ڕووداوەكە تاوانكاری بووە” بەڵام هۆكارەكەی ڕوون نەبووەتەوە ولە ئێستادا چاوەڕوانی ڕاپۆرتی پزیشكی دادی سلێمانی دەكەن بۆ زانیاری زیاتر لەسەر شێوازی گیانلەدەستدانەكەی.

خزمێكی نزیكی ئەو ژنە كە داوای كرد ناوی نەهێنرێت بە دەنگی ئەمریكای ڕگەیاند، “لە پرسەكەدا كەسوكار و نزیكەكانی بە پەرۆش بوون بۆ لەدەستدانی؛ ئەگەرچی دەنگۆش هەیە لەناو خەڵك كە ڕەنگە بابەتیێكی گوماناوی یا بابەتێكی تر بێت.”

شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژەكەی پۆلیسی ڕاپەڕین، ڕایگەیاند كە ئەوان لەسەر ڕووداوەكە هیچ كەسێكیان دەستگیر نەكردووە.

باڵام سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ئاسایشی ڕاپەڕین، كە لەبەر هەستیاری دۆسێیەكە داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، گووتی كە چەند كەسێكی نزیك لە ئافرەتەكە دەستگیركراون.

ئەو بەرپرسەی ئاسایش ڕایگەیاند كە تەرمی ئافرەتەكە بەرواری 23/11/2012 دۆزراوەتەوە و پێشتر بنەماڵەكەی نزیكەی نۆ بۆ دە ڕۆژ لەسەر دیارنەمانی هەواڵیان دابوو بە پۆلیس و ئاسایش.

بەرپرسەكە خۆی یەكێك بووە لەو كەسانەی تەرمەكەیان بینیوە و دەڵێت، “ئەوە نەك بەتەنها تاوانێكی كوشتنی ئاسایی بووە بەڵكو كوشتنەكە زۆر جیاواز بووە بەشێوەی ڕق و تۆڵە لێكردنەوە كوژراوە. دەڵێی ڕقییان لێی بووە ؛ ڕقییان لێی دەركردووە و دەستێكی شكاوە. بەشێوەیەكی وەحشییگەرانە ئەم تاوانەی بەرامبەر كراوە؛ جگە لەوە سوتێنراوە و خراوەتە ژێر گڵ بەمەبەستی شاردنەوەی تاوانەكە كە ئەمە دووجار توندكردنی سزای مادەی (٤٠٦) ی بەسەردا دەچەسپێت. ”

سەرچاوەكەی ئاسایش وتی، “جگە لە شێواندنی دەموچاوی دەستێكی شكێنراوە و جەستەشی سوتێنراوە بەڕادەیەك كەس توانای ناسینەوەی نەبوو، تا دواتر كچەكەی لە ڕێگای ملوانكەیەكەوە ناسییەوە كە ئافرەتەكە لە ملیدا بوو. ”

هەروەها ڕایگەیاند، ” لەسەر دۆسێی كوشتنی ئەو ئافرەتە، حاكم چەند كەسێكی نزیكی ئەو خانەوادەیەی دەستبەسەركردووە بۆ پرسیار و لێكۆڵینەوە، چونكە هیچ گومانێكی تر نییە لە هیچ كەسێك. تەنانەت كەسوكارەكەشی دەڵێن كە ئێمە كێشەمان نییە و نەبووە لەگەڵ كەس.”

ئەندامێكی دیكەی خانەوادەی قوربانییەكە بەدەنگی ئەمەریكای وتووە، “پێنج كەسی نزیكی ئەو ژنە كوژراوە، دوو برای ، مێردی، برای مێردەكەی، كوڕەكەی لە لایەن ئاسایشەوە دەستگیركراون. دەشڵێت، “نازانین بۆچی ئەوانییان دەستگیركردووە. ئاخر برا ئەگەر بیەوێت خوشكی خۆی بكوژێت بە فیشەكێك دەیكوژێت نەك بەو شێوە وەحشییانە. جگە لەوەی ئەوانە لەهەموو كەس زیاتر خەمباری ئەو كارەساتەن. “

بوومەلەرزەیەك ئانتاڵیای هەژاند
پێشت بوومەلەرزەیەك ئانتاڵیای هەژاند
زێلێنسكی: دۆخی بەرەی جەنگ سەختە
دواتر زێلێنسكی: دۆخی بەرەی جەنگ سەختە
ەیوەندیدار