“چاوەڕوانین حکوومەتی فیدراڵ،بەرپرسیاریەتییەکانی خۆی بەرامبەر ھەرێم جێبەجێ بکات”



سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، مارک برایسۆن ریچاردسۆن بارودۆخی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و رێککەوتنەکەی نێوان ھەولێر و بەغدایان لەبارەی نەوتەوە تاوتوێ کرد.

نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، مەسرور بارزانی پێشوازیی کردووە لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، مارک برایسۆن ریچاردسۆن.

لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکراوە لەبارەی بارودۆخی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەرێم و حکوومەتی فیدراڵیی.

لەوبارەیەوە سەرۆکوزیرانی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەداوە کە دوای واژووکردنی رێککەوتنی تایبەت بە نەوت، ھەرێمی کوردستان ھەموو ئەرک و پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و رایگەیاندووە: “چاوەڕوانین حکوومەتی فیدراڵییش، ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکانی خۆی بەرامبەر ھەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات”.

لای خۆیەوە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، مارک برایسۆن ریچاردسۆن پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی لەسەر بنەمای دەستوور و رێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا دووپات کردەوە.

ھەردوولا لەبارەی دۆخی ھەرێمی کوردستان، ھاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە گرنگە لەمساڵدا، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت.

مەسرور بارزانی و مارک برایسۆن ریچاردسۆن جەختیان کردەوە لەسەر ئەوەی کە پێویستە رێککەوتننامەی شنگال جێبەجێ بکرێت و پشتیوانی خۆشیان بۆ پاراستنی تەواوی مافەکانی ئێزدییەکان، هەروەها پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکھاتەکان دووپات کردەوە.

 

کچڵدارئۆغڵو: ”هیچ جیاکارییەک ناکەین”
پێشت کچڵدارئۆغڵو: ”هیچ جیاکارییەک ناکەین”
ئایدن مەعروف؛ نابێت کورسی پێکهاتەکان بەپێی ناوچەکان دابەش بکرێت
دواتر ئایدن مەعروف؛ نابێت کورسی پێکهاتەکان بەپێی ناوچەکان دابەش بکرێت
ەیوەندیدار