ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

عێراق

ژمارەی قوربانییانی خۆپیشاندانەكانی عیراق روو لە زیادبوون دەكەن

خەڵك- بەشی هەواڵ
وەزارەتی تەندروستی عیراق، بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییانی خۆپیشاندانەكانی دوێنێ‌ هەینی لە پارێزگاكانی عیراق رادەگەیەنێت و ئاماژە بە 47 كوژراو و بریندار دەكات.

سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عیراق بە رۆژنامەوانانی راگەیاند”ژمارەی قوربانیانی خۆپیشاندانەكانی شارەكانی باشوور روویان لە زیادبوون كردووە و دوو كەس كوژراون كە یەكێكیان خەڵكی دیوانیەیە و ئەوی تر خەڵكی نەجەفە، وێڕای برینداربوونی 45 كەسی تر كە زۆربەیان لە هێزە ئەمنییەكانن”.

بە وتەی بەدر”زۆربەی بریندارەكان چارەسەری پێویستییان بۆ كراوە و نەخۆشخانەیان بەجێهێشتووە”.

شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراق، لە سەرەتای مانگی تەمموزەوە خۆپیشاندانی بەرین بەخۆوە دەبینن كە تێیاندا داوای فەراهەمكردنی خزمەتگوزارییەكانی وەك كارەبا و ئاوی شیاو بۆ خواردنەوە و فەراهەمكردنی هەلی كار و بنبڕكردنی گەندەڵی دەكرێت.

پێنج شەممەی رابردوو، موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر،لە تویتێكیدا كە لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لەسەر تۆڕی (تویتەر) بڵاویكردبۆوە ، داوای لە كوتلە و لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 12ی ئایاری رابردوو كردبوو، وتوێژەكانیان بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو رابگرن، تا ئەو كاتەی داواكارییەكانی خۆپیشاندەران جێبەجێ‌ دەكرێن.

سەدر لە تویتەكەیدا نوسیبووی”پێویستە كوتلە سیاسییە براوەكانی هەلبژاردنەكان، وتوێژە سیاسییەكانیان بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانییەكان و توێژەكانی تر رابگرن، تا ئەو كاتەی داواكارییە رەواكانی خۆپیشاندەران بە تەواوەتی جێبەجێ‌ دەكرێن”.

بەپێی ئامارە فەرمییەكان وەك ئاژانسی فرانس پرێس ئاماژەی پێكردووە، رێژەی بێكاری لەنێوان عیراقییەكاندا دەگاتە 10,8%، ئەوانەش كە تەمەنییان لە خوار 24 ساڵانەوەیە لە دانیشتوانی عیراق، رێژەی 60%ی بێكاران پێكدەهێنن، بەو واتاەی كە رێژەكانی بێكاری دوو هێندەیە لە نێوان لاواندا.

عێراق

سەرۆكایەتی كۆمار: هەر دەستتێوەردانێكی دەرەكی ڕەتدەكرێتەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ

سەرۆكایەتی كۆمار جەخت دەكاتەوە:”چاكسازی بەڵێندراو لە عیراقدا بڕیارێكی تەواو عیراقییە”.

سەرچاوەیەك لە سەرۆكایەتی كۆمار ڕایگەیاند، چاكسازی بەڵێندراو لە عیراقدا بڕیارێكی تەواو عیراقییەو وەك وەڵامدانەوەیەكە بۆ ویستی گەلی عیراق.

ئەو سەرچاوەیەی سەرۆكایەتی كۆمارى عيراق جەختیشیكردەوە، هیچ شوێنێك بۆ دەستتێوەردانی دەرەكی نەماوە، چونكە هەر دەستتێوەردانێكی دەرەكی ڕەتدەكرێتەوە و نەشیاوە.

ئەو سەرچاوەیە ڕاشیگەیاند، گەلی عیراق بە گوێرەی پێشینەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانی خۆیان و بە ڕێزگرتن لە ویستی مەرجەعییە ئاینییەكان لەچوارچێوەی دەستوور و یاسا و بەبڕیاری نیشتمانی داهاتوو بڕیاری خۆیان یەكلایی دەكەنەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

حەدیسی: حكومەت بەمشێوەیە مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەران دەكات

خەڵك- ئیدریس جەبار
وتەبێژی حكومەتی عیراق ڕایدەگەیەنێت، حكومەت پێداگرە لەسەر زامنكردنی مافی خۆپیشاندانی ئاشتیانە و بەكارنەهێنانی توندوتیژی لە دژی خۆپیشاندەران، لەگەڵ تەئكیدكردنەوە لەسەر مافی خۆپیشاندانی ئاشتیانە.

ئەم قسانەی سەعد حەدیسی، وتەبێژی حكومەتی عیراق لەكاتێكدایە، كە لەو دەمەی تەوژمی خۆپیشاندانەكان لە عیراق لە مانگی تشرینی یەكەمی ڕابردووەوە دەستیپێكردووە، تائێستا زیاتر لە 300 كەس كوژراون و هەزارانى تر برینداربوون.

سەعد حەدیسی، وتەبێژی حكومەتی عیراق لە لێدوانێكی تایبەت بە (خەڵك) ڕایگەیاند، “حكومەتی عیراق لەگەڵ ئەوەی خۆپیشاندانی ئاشتیانە بە مافی هاووڵاتیان دادەنێت، هەوڵ دەدات هەنگاوی ڕاستەقینە هەڵبنێت بۆ بەدەنگەوەچوونی خۆپیشاندەران و هێنانەدی داواكارییەكانیان و ئەنجامدانی چاكسازی تەواوەتی، كە داخوازی بزاوتنی جەماوەرییە لەئێستادا”.

بە وتەی سەعد حەدیسی، “لەگەڵ بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەكان، حكومەت تەئكید لەسەر پێویستی پاراستنی سامانی گشتی و تایبەت و ڕێگەدان بە كاركردن لە دامەزراوە گرنگەكانی دەوڵەت، لەگەڵ ڕێنەگرتن و ڕێگەدان بە ڕێڕەوی كاركردن لە دامودەزگا فەرمییەكان، ئەمە میكانیزمی حكومەتە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ خۆپیشاندانەكان”.

وتەبێژی حكومەت دەڵێت: “خۆپیشاندان و بزاوتنی جەماوەری، فاكتەری سەرەكی خێراكردنی ڕەوڕەوەی چاكسازییەكانن، بۆ گوشارخستنە سەر هێزە سیاسییەكان و جومگە جیاجیاكانی دەسەڵات، بۆ بەدەنگەوەچوون و جێبەجێكردنی داواكاری و داخوازی ڕەوای خۆپیشاندەران، لەگەڵ ئەنجامدانی چاكسازی لە چوارچێوەی سیستمی سیاسی، بە تایبەت لەئێستادا، كە قسە لەسەر هەمواری دەستوور دەكرێت لەڕێی پێكهێنانی لیژنەیەك لە پەڕلەمان بۆ ئەو مەبەستە، كە لێوەی گۆڕانكاری ڕەیشەیی و گرنگ ئەنجام دەدرێت لەڕێی هەمواری دەستوور و بەپێی خشتەیەكی كاتی، كە بە چوار مانگ دیاری كراوە”.

 

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

فراكسیۆنێكی عیراقی: حكومەت وەك بەعسە و پێویستە بڕوخێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
فراكسیۆنی نەهجی نیشتمانی لە پەڕلەمانی عیراق، بەكارهێنانی هێز دژ بە هاووڵاتیان بە تاوان و لەناوبردنی خەڵك دادەنێت و پێیوایە هەڵسوكەوتەكانی حكومەت لەو ڕووەوە هاوشێوەی حزبی بەعسە و پێویستە بڕوخێت.

حازم خالیدی، پەڕلەمانتاری فراكسیۆنی نەهجی نیشتمانی لە پەڕلەمانی عیراق، لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە، “هەموو توندوتیژییەك دژ بە خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز ئیدانە دەكرێت، بە گازی فرمێسكڕێژ و گوللـە و حاڵتەكانی ڕفاندن دژ بە خۆپیشاندەران و وستاندنی خێمەی مانگرتووەكان وەك لە كەربەلا و گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندانەكان ڕوویاندا”.

بە وتەی خالیدی، “بەرپرسیارێتی هەمووانە پارێزگاری لەو لاوانە بكەن، كە سەروەتی ڕاستەقینەی وڵاتن و تائێستا گەورەترین دەستكەوتییان بۆ نیشتمان دەستەبەركردووە، كە ئەویش گیڕانەوەی ناسنەی نیشتمانییە، تا عیراق نیشتمانێكی ئازاد و سەربەخۆ بێت”.

ئەو پەڕلەمانتارەی نەهجی نیشتمانی دەڵێت: “بەكارهێنانی هێز دژ بە هاووڵاتیانی بێتاوان، نەك هەر پەسەند ناكرێت، بگرە خۆی لەخۆیدا تاوان و لەناوبردنی خەڵكی بێتاوانە، ئەو هەڵسوكەوتانە شێوازە سەركوتكارییەكانی ڕژێمی بەعسی لەناوچوومان دێنێتەوە یاد بەرانبەر هەموو ئەوانەی دژایەتییان دەكرد و لە ڕاوبۆچووندا جیاوازبوون لەگەڵیدا”

بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر لەو بارەیەوە (خەڵك) چەند جارێك پەیوەندی كرد بە حازم خالیدی، پەڕلەمانتاری فراكسیۆنی نەهجی نیشتمانی، بەڵام پەیوەندییەكان بێ‌ وەڵام بوون.

حازم خالیدی بەپێویستی دەزانێت حكومەت هاووڵاتیان بپارێزێت و داواكارییە ڕەواكانیان فەراهەم بكات،” نەك سەركوتیان بكات و بە دەستگیركردن و گوللـە وەڵامیان بداتەوە، چونكە كارێكی نالۆجیكییە لاوانی بێتاوان، كە ئاڵای عیراقییان لەخۆیان پێچاوە، سنگی خۆیان بخەنە بەر گوللـەی هێزە ئەمنییەكان”.

ئەو پەرلەمانتارەی نەهجی نیشتمانی لە بەیاننامەكەیدا داوای “هەڵوەشاندنەوەی حكومەت و دەستلەكاركێشانەوەی حكومەت و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت”ی كردووە، و دەڵێت: “هەر حكومەتێك لەسەر خوێن بنیات بنرێت، چەند تەمەن درێژبێت، چارەنووسی بەرەو نەمان و لەناوچوون دەچێت”.

لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی ڕابردوو ، تەوژمی خۆپیشاندان بەغدا و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراقی گرتۆتەوە، خۆپیشاندەران داوای چاكسازی و باشتركردنی ئاستی خزمەتگوزاری و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و دابینكردنی هەلی كار دەكەن، بەهۆی دروستبوونی پێكداهەڵپژانیش لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان، تا ئێستا سەدان كەس كوژران و هەزارانی تریش برینداربوون.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان