گەندەڵ و گـەندەڵی



گەندەڵ لە چیەوە هاتووە؟

ڕەنگە کەم رۆژ هەبێ لە ژیانتا کە وشەی ” گەندەڵ” و ” گەندەڵی” نەبیستی، بەس لەوانەیە نەزانی گەندەڵ چیە و لە چییەوە هاتووەو بۆچی بە سەرکردە و بەڕێوەبەرانی سیاسی و ئیداریی ئەگەر دز و دەسپیس بن دەوترێ گەندەڵ؟

جاران کورد دارێک کە ناوەوەی ئەگەر ڕزیو و پفەڵ بووبێ، پێی دەوت دارەکە گەندەڵ بووە.

دار کە گەندەڵ دەبێ لێکتر هەڵدەوەشێ و وەک تەپەدۆری لێدێت، زۆرجار لە ناوەوە ئەو دارە گەندەڵ دەبێ و لە ڕووی دەرەوەی دیار نییە، بەڵام کاتێک پێی دەزانرێ کە پەل و لقەکانی سەرەوەی لە گەشە دەوەستن و وردە وردە دەپوکێنەوە.

هەندێجار گەندەڵییەکە لە ڕووی دەریشەوە دەردەکەوێ، ئەو بەشەی کە گەندەڵ دەبێ هیچی لە بەشە زیندووەکەی ناچێ.

گەندەڵی دای لە هەر دارێک، ئیتر ناتوانێ خۆراک و ئاو بباتە ناو پەل و لقەکانی سەرەوەی، ئیتر گەشەکردنی ئەو دارە لە جێی خۆیدا دەوەستێ و پاشان دەڕزێ و وردە وردە وای لێدێت هەڵدەوەرێ و بە ئاسانی دەشکێنرێ یان خۆی دەکەوێت بەلادا!

هەرکەسێک گەندەڵی و دزی و خراپبەکارهێنانی دەسەڵاتی شوبهاندبێ بە گەندەڵی دارەوە، زۆر زۆر زیرەک و هۆشیار بووە، ئەو گەندەڵییەی دارێکی کۆنەساڵ و زەبەلاح دەڕزێنێ، هەمان دەسەڵاتی گەورە و فراوانی سەرکردەکانیش دەپوکێنێتەوە تا وردە وردە دەڕوخێ.

بەڵام جیاوازییەکی گەورە کە لەنێوان گەندەڵی دار و دەسەڵاتداردا هەیە ئەوەیە، هی دار لە بنەوە یان لە ناوەڕاستەوە دەستپێدەکات، هی دەسەڵات لە سەری سەرەوە دێتە خوارەوە!

کە دەسەڵات گەندەڵ بوو، ئیتر توانای گەورەبوون و گەشەکردنی دەوەستێ، بەهۆی دزەکانی سەرەوە، وردە وردە دەسەڵات ڕەگ و پەلەکانی لەناو قوڵایی خەڵکدا لە دەست دەدات پێچەوانەی درەخت کە ڕەگ و قوڵایی ژێرەوە لە سەرەوە دادەبڕێ!

هەرچەندە دیار نییە کێ و کەی بۆ یەکەمجار لە کورددا ئەم وشەیەی لە درەختەوە گواستەوە بۆ ناو دەسەڵاتیش، بەڵام من سەرسامم بە لێزانیەکەی لەو شوبهاندنەدا.

گەندەڵی شوێنکەوتووان تەنانەت کۆتایی بە دەسەڵاتی پێغەمبەرەکانیش هێناوە لە مێژوودا بۆ نموونە دینی جولەکە کە کە رێبەر و سەردارەکانی دەستیاندایە دنیاپەرستی و عەیش و نۆش، ئیتر بووە هۆی سەرهەڵدانی عیسای مەسیح، بۆیە زۆر ترسناکە میللەتێک یان سەدان هەزار کەس چاوەڕی بکەن دەسەڵات و سەرکردەیەکی گەندەڵدۆست بیانگەیەنێتە کەناری ئارامیی و سەرکەوتن!

 

 

 

سلێمانی؛ خواردەمەنی خێرای “خاوێن”لە سەهۆڵەكە داخرا
پێشت سلێمانی؛ خواردەمەنی خێرای “خاوێن”لە سەهۆڵەكە داخرا
ژمارەی قوربانیانی شەڕوپێكدانەكانی سودان لە بەرزبوونەوەدایە
دواتر ژمارەی قوربانیانی شەڕوپێكدانەكانی سودان لە بەرزبوونەوەدایە
ەیوەندیدار