یاریزانانی تۆتنهام پارەی بلیتی یارییەك بۆ هاندەران دەگێڕنەوە



تۆتنهام هۆتسپێرس كە ڕكابەرە لە خولی ئینگلیزی ڕایدەگەیەنێت، یاریزانانی تیپەكە پارەی بلیتی یارییەكەی نیوكاسڵ یونایتد كە بە ئەنجامی 6-1 لە سانت جەیمس پارك دۆڕان، بۆ هاندەرانی یانەكە دەگێڕنەوە.

یاریزانانی تۆتنهام داوای لێبوردنیان كرد بەرامبەر بەو ئاستە خراپەی نواندییان و ڕایانگەیاند، هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ ڕاستكردنەوەی هەڵەكەیان، چونكە تیپەكەیان دەجەنگێت بۆ تەواوكردنی وەرزەكە، تا لە چوارگۆشەی زێڕیندا بمێنێتەوە و بۆ چامپیۆنزلیگ سەربكەوێت.

دۆڕاندنەكەی یەك شەممەی ڕابردوو، بووە هۆی ئەوەی كریستیان ستێلینی ڕاهێنەری كاتی لە پۆستەكەی دووربخرێتەوە و ڕایان مەیسۆن وەك ڕاهێنەر دەستبەكاربێت، تا ئەو كاتەی واژۆ لەگەڵ ڕاهێنەرێكی نوێدا دەكرێت.

یاریزانانی تۆتنهام لە ڕاگەیەندراوێكدا بۆ هاندەرانی یانەكەیان ڕایانگەیاند “وەك یاریزانانی تیپی تۆتنهام لە بێزاری و توڕەیی ئێوە تێدەگەین، دەزانین لەم جۆرە بارودۆخانەدا قسە بەس نییە، بەڵام باوەڕمان پێبكەن، شكستێكی لەم شێوەیە ئازاری هەموومان دەدات”.

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتبوو”پشتوانی ئێوە بەرز دەنرخێنین لەناو یاریگا و دەرەوەی یاریگا، لەو ڕوانگەیەوە پێمان خۆشە قەرەبووی هاندەران بكەینەوە بە گەڕاندنەوەی بلیتی یارییەكەی پاركی سانت جەیمس، دەزانین ئەمە هیچ شتێك ناگۆڕێت سەبارەت بەوە چی لەڕۆژی یەك شەممە ڕوویدا، بەڵام هەموو شتێك دەكەین بۆ ئەوەی شتەكان ڕاست بكەینەوە بەرامبەر مانشستەر یونایتد.”

تۆتنهام بە كۆكردنەوەی 53 خاڵ لە پلەی پێنجەمدایە و شەش خاڵ لەدوای مانشستەر یونایتدە كە لە پلەی چوارەمدایە.

هەڤاڵ ئەبوبەكر؛ ئاسایش و ئابوریی لەمە زیاتر تێكمدەن
پێشت هەڤاڵ ئەبوبەكر؛ ئاسایش و ئابوریی لەمە زیاتر تێكمدەن
زانكۆی سلێمانی پڕۆژەیەكی تایبەت بە خوێندكاران ڕادەگەیەنێت
دواتر زانكۆی سلێمانی پڕۆژەیەكی تایبەت بە خوێندكاران ڕادەگەیەنێت
پەیوەندیدار