نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک مەترسیدار نییە



تووشبوون بە نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشکی لە منداڵاندا زیادیکردووە، پزیشکەکان داوا لە دایکوباوکان دەکەن، منداڵەکان ببنە نەخۆشخانە و زانیاری تەواو لە پزیشکەکان وەربگرن.

دوو ڕۆژە تووشبون بە نەخۆشی هەوکردنی مێشک زیادیکردووە، زیاتر لە ١٥٠ منداڵ تووشی نەخۆشیەکە بوون، وتەبێژی تەندروستی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، نەخۆشیەکە ماوەی نزیکی مانگێکە بڵاوبووەتەوە.

ئەمڕۆ د.پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵانی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، نەخۆشیەکە پیشتریش هەر هەبووە، ئێستا ڕۆژانە زیاتر لە پێنج منداڵ لە نەخۆشخانەکە تۆماردەکرێن، سەرقاڵی نمونە وەرگرتنن لە نەخۆشەکان تا دیاریبکرێت کە هۆکاری نەخۆشییەکە بەکتریاییە یاخود ڤایرۆسییە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، پێشبینییەکان بە ئاڕاستەی ڤایرۆسن، بەو شێوەیەس چارەسەرەکەی ئاسان دەبێت، تەنها پێویستی بە دەرمان بۆ کەمکردنەوەی تا دەبێت، بەڵام هێشتا پێویستی بە پشکنین و لێکۆڵینەوەی زیاتر هەیە.

لە کۆنگرەیەکی دیکەدا، د.سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، هەرچەندە نەخۆشییەکە بڵاوبووەتەوە، بەڵام مەترسیدار نییە، دەرمان و چارەسەری پێویست بۆ نەخۆشییەکە هەیە، داواش لە دایکوباوکەکان دەکات، لە کاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشییەکە بە ناشارەزایی دەرمان بە منداڵەکەیان نەدەن، بەڵکو ببرێتە لای پزیشکی منداڵان و چارەسەری پێویستی بۆ وەربگیرێت.

لەبارەی ئەگەری تەشەنەسەندنی نەخۆشییەکە لەنێو منداڵان، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد تا ئێستا نەخۆشییەکە هێندە مەترسیدار نەبووە تا لەبارەی دەوامی خوێندنگاکان بڕیاربدرێت، لە کاتی پێویستدا بڕیاری دروست لەبارەی تەندروستی منداڵان لە ناوەندەکانی خوێندن دەدرێت.

 

نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک چییە؟

لە ڕووی تەندروستییەوە، نەخۆشیەکە سێ هۆکاری هەیە، ڤایرۆسی، بەکتریا، زیندەوەرەکان، ئەوەی ئێستا بڵاوبووەتەوە پێشبینیدەکرێت بەهۆی ڤایرۆسەوەبێت.

نیشانەکانی نەخۆشییەکە بەپێی تەمەنەکان دەگۆڕێت، ئەگەر منداڵەکە تەمەنی لە ساڵێک کەمتربێت، تای بەهێز، ئارەزووی شیرخواردی لاوازدەبێت، مەڵاشوی بۆ دەرەوە دێت، گریانی زۆر و بێخەوی.

منداڵی سەرو ساڵ، تای بەهێز و سەرئێشە، هەستیاری بەرامبەر ڕووناکی، گەشکە، بێهێزی و کەمخواردن.

چارەسەر

کاتێک دایکوباوکەکە هەست بە نیشانەکانی نەخۆشییەکە لە منداڵەکەیاندا دەکەن، کەلوپەلەکانی بۆ جیابکەنەوە، تێکەڵ بە منداڵەکانی دیکەی نەکەن تا زیاتر بڵاونەبێتەوە، ببرێتە نەخۆشخانەی منداڵان یاخود پزیشکی پسپۆڕی منداڵان.

ڕووسیا: ئەگەری بەرپابوونی سێیەمین جەنگی جیهان لەئارادایە
پێشت ڕووسیا: ئەگەری بەرپابوونی سێیەمین جەنگی جیهان لەئارادایە
لەبارەی ئاوی لەدەبەنراو قائیمقامیەتی سلێمانی هۆشداری دەدات
دواتر لەبارەی ئاوی لەدەبەنراو قائیمقامیەتی سلێمانی هۆشداری دەدات
ەیوەندیدار