لە هەولێر پارێزەرێك لێیی دەدرێت و سەری دەتاشرێت



لەلایەن چوار كەسی چەكدارەوە پارێزەرێك لە هەولێر دەرفێندرێت و بە توندی ئەشكەنجە دەدرێت، چەند بەشێكی جەستەی شكێندراوە و سەریشی تاشراوە و لە ئێستادا لەژێر چاودێری پزیشكیدایە.

محەمەد سۆفی یابە، پارێزەری ڕاوێژكار لە هەولێر ڕایگەیاندووە، “چوار كەس لێیاندام، پێشتر دەستیان لە پشتەوە بەستمەوە، جلەكانم یەكپارچە خوێنە و دواتریش ئەو كەسانە هەموو ساتەكانی هێرش، لێدان و ئەتككردنیان وێنە دەگرت”.

بەهۆی ئەوەی پاش لێدان و ئەشكەنجەدان هەڕەشەیان لێكردووە سكاڵا نەكات، ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەشكرد، تا درەنگانی شەو ئامادەنەبووە سكاڵا بكات یان ناویان بهێنێت و وتی، “بەمەرجێك ئازادیان كردم سكاڵا نەكەم، دەنا یان كچ یان خێزان یان كەسوكارم خراپترین شت دەكەن بەرامبەریان، یان دەتكوژین شتی زۆر زۆر لەوە زیاتریشیان دەوت”.

هەر دوابەدوای ڕووداوەكە، پارێزەران کەمپینێکیان دژی ئەو دەستدرێژیانە ڕاگەیاند و داوای دەستگیرکردنی تۆمەتباران دەکەن.

ئاسۆ هاشم، پارێزەری ڕاوێژكار لە هەولێر بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، دەستدرێژی كردنە سەر پارێزەرێك لە ناو جەرگەی پایتەختی هەرێمی كوردستان ئەوەی لێ‌ دەخوێندرێتەوە، كە مرۆڤ كەرامەت و شكۆی پارێزراو نییە لە هەر پیشە و ناوەندێكی ئەكادیمیدا بێت، هەر بۆیە بە توندی ئیدانەی ئەو كارە قێزەونە دەكەین، كە بەرامبەر بە هاوپیشەیەكمان كراوە.

ڕاشیگەیاند، داوا لە سەندیكای پارێزەران دەكەین هەڵوێستی هەبێت و بە جدی بێتە سەرخەت و تۆمەتبارانیش بە زووترین كات دەستگیر بكرێن و بە سزای یاسایی خۆیان بگەن.

ئاشكراشی كرد، كەمپینێكمان ڕاگەیاندووە و تیمێكی یاساییمان پێكهێناوە و مانگرتنی سەرتاسەری پارێزەران لە هەرێمی كوردستان ڕادەگەیەنین و ڕێكاری یاسایی دژی ئەو كارە قێزەونە دەگرینەبەر.

هاوكات، خاتوو سۆزان هاوسەری محەمەد سۆفی پارێزەر لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا، كە پەیامنێری (خەڵك) ئامادەی بوو ڕایگەیاند، نزیكەی كاتژمێر 11 پەیوەندی بە هاوسەرەكەیەوە كردووە و ئەویش پێی ڕاگەیاندووە، كە جارێكا كاری هەیە و دوایی دەگەڕێتەوە، بەڵام دوای تەلەفونەكە فڕاندویانە و هەر پەیوەندییان پێوە كردووە، بەڵام تەلەفونەكەی داخرابوو.

وتیشی، “لە كاتژمێر 1.30ی شەوەوە دەستیان كردووە بە سۆرانخ كردنی و لە كاتژمێر 3ی شەو بە ژمارەكەی خۆی تەلەفۆنێكی بۆ هاتووە و پیاوێكی تر قسەی كرد و وتی: 10 خوولەكی تر هاوسەرەكەت دێتەوە ماڵەوە، ئیتر من وتم: تۆ كێی دەمەوێت بزانم و بتناسم، بەڵام ئەو پیاوە وتی: مەزانە كێم و مەمناسە”.

ڕوونیشی كردەوە، لە نزیك كاتژمێر 4ی بەرەبەیان هاوسەرەكەم هاتەوە بە ئۆتۆمبێلەكەی خۆی و زۆر هێواش دەڕۆیشت، ئیتر دڵنیا بوومەوە، كە شتێك ڕوویداوە و وتیشی، “هیچ كێشەیەكمان لەگەڵ كەس نییە”.

سەبارەت بە هۆكاری ڕووداوەكەش ئاشكرای كرد، “هاوسەرەكەم وەك پارێزەر دۆسیەیەكی جیابوونەوەی لەلا بوو، كە هاوسەرەكەم پارێزەری ژنێك بوو، بەڵام هاوسەری ئەو ژنە هەڕەشەی لە هاوسەری من كردووە تا لە دۆسیەكە بكشێتەوە و هەڕەشەی لێكردووە، بەڵام هاوسەرەكەم وەك پیشەیەكی پارێزەری ئامادە نەبووە لە دۆسیەكە بكشێتەوە و جەختی كردۆتەوە لە ڕێكاری یاسایی”.

وەك هەڵوێستێكیش سەبارەت بەو ڕووداوە، سەندیکای پارێزەرانی کوردستان لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئێمە وەک سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، بە توندی ئیدانە و سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر پارێزەری ڕاوێژکاری “محەمەد یابە سۆفی” دەکەین کە ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٤/٤/ ٢٠٢٣، لە لایەن تاقمە کەسێکەوە و بە بیانووی نایاسایی هێرشی کرایە سەر و پاش ئازار و ئەشکەنجەیەکی جەستەیی و ڕۆحی و شکاندنی سەر و ڕووخساری، وەک سووکایەتی سەریشی دەتاشرێت.

ڕاشیگەیاندووە، ئەو پارێزەرە یەکێکە لە ئەندامانی سەندیکاکەمان، تا ئێستا و تەنیا لە پێناو پاراستنی مافە یاسایی و ئینسانییەکانی بریکاردار کاری پیشەیی خۆی ئەنجام داوە و داکۆکی لە مافی بریکاردار کردووە، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا و بە پێی ماددەی ٢٢ی یاسای پارێزەرایەتی، “هێرشکردنە سەر پارێزەر وەک هێرشکردنە سەر دادوەر”ـە و وەک پێشێلکردن و دەستدرێژیکردنە سەر دامودەزگا یاساییەکانی هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێت.

جەختیشی كردۆتەوە، پێویستە دەزگا دادوەری و ئەمنییەکان، بە زووترین کات ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە دەستگیر بکەن و ڕێکاریی یاساییان بەرامبەر بگرنە بەر بۆ ئەوەی ڕێگە بگیردرێت لە تاوانی هاوشێوە.

ئاشكراشیی كردووە، ئێمەش وەک سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، لە پاڵ پارێزەری سکاڵاکار، سکاڵای خۆمان لە دژی ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە تۆمار دەکەین و گشت ڕێکارە یاساییەکان دەگرینە بەر.

ژنانیش دەتوانن بچنە مزگەوت
پێشت ژنانیش دەتوانن بچنە مزگەوت
نرخی دۆلار دابەزی
دواتر نرخی دۆلار دابەزی
ەیوەندیدار