وردەكاری پشكی بودجەی هەرێم و مووچەی فەرمانبەران ئاشكراكرا



لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پڕۆژە یاسای بودجەی پەسەند كرد و خرایە بەرنامەی كاری پەرلەمان بۆ خوێندنەوەی یەكەم، پەرلەمانتارێكی لیژنەی دارایی دەڵێت: “بودجەی هەرێم 16 ترلیۆنە” و سەرۆكی لیژنەی دارایی دەڵێت: “پلەبەندی مووچە دەستكاری دەكرێت و هەموو فەرمانبەران دەگرێتەوە”.

عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكرد، پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵانی (2023 و 2024 و 2025)یان پەسەند كردووە و ئەمڕۆش سەرۆكایەتی پەرلەمان خستوویەتیە بەرنامەی كارەوە و خوێندنەوەی بۆ دەكرێت.

ڕاشیگەیاندووە، لە هەمان كاتدا لیژنەی دارایی و لیژنەیەكی تایبەت كاردەكەن لەسەر داڕشتنی پلەبەندییەكی نوێ‌ بۆ مووچەی سەرجەم فەرمانبەران بۆ زیادكردنی مووچەی پلە نزمەكان و ئێستاش پلەبەندییە نوێیەكە لە قۆناغی وردبینیدایە.

لای خۆشیەوە، موعین کازمی، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی فەرمی (العراقیە)ی ڕاگەیاند، “ئەمڕۆ لیژنەی دارایی بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی، بە ئامانجی تاوتوێکردنی بودجە کۆبووینەوە و باسی ھۆکارەکانی بەرزبوونەوەی قەبارەی بودجە بۆ 200 ترلیۆن دینار كراوە، کە 150 ترلیۆن دیناری بۆ بەکاربردن و 50 ترلیۆن دیناریش بۆ وەبەرھێنان تەرخان کراوە.”

وتیشی، “پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیدا بە 12.67% دیاری کراوە، کە دەکاتە 16 ترلیۆن دینار.”

ڕوونیشی كردۆتەوە، خوێندنەوەی یەكەمی پڕۆژە یاسای بودجە خراوەتە بەرنامەی كاری كۆبوونەوەی پەرلەمان و تێپەڕاندنی پڕۆژە یاساكە لە پەرلەمان پێویستی بە 30 بۆ 45 ڕۆژ ھەیە.

ئاشكراشی كرد، مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت، کە ژمارەیان چوار ملیۆن فەرمانبەرە، پێویستی بە 58 ترلیۆن دینارە و بەتەواوی لە بودجەدا گرنتی كراوە.

لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوودا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ 3 ساڵ (2023 و 2024 و 2025) پەسند كرد و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گەیشتە پەرلەمان و درایە لیژنەی دارایی و ئەوانیش ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی پەسەندیان كرد و سەرۆكایەتی پەرلەمانیش لە خشتەی كاری ڕۆژی چوار شەممەی ئەم هەفتەیە 5ی نیسان دیاری كرد بۆ خوێندنەوەی یەكەم.

دیاری كردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە بە 12.67% دەكاتە بڕی 16 ترلیۆن دینار و هاوكات دیاری كردنی مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە لە بودجەی گشتی عێراقدا بەشێوەیەكی جیا و بەوەش مانگانە پشكی هەرێم دەگاتە زیاتر لە ترلیۆنێك و 300 ملیار دینار، ئەوەش بەپێی ئەو ڕێككەوتنەی هەرێم و عێراق كردویانە لەسەر هەناردەی نەوت، كە ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل دیاری كراوە.

ئەوەی زیاتر پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق دەچەسپێنێت بریتییە لە ڕێككەوتنی بەغدا و هەولێر لەسەر هەناردەی نەوتی هەرێم لەژێر چاودێری عێراق و كۆمپانیای سۆمۆ، كە ئێستا بەهۆی بڕیاری دەستەی ناوبژیوانی پاریس لە دۆسیەی نێوان عێراق و توركیا لە دۆسیەی نەوتی هەرێم هەناردەكردنی ڕاگیراوە، بۆیە ئەگەر ڕێككەوتنەكە بكرێت پاڵپشتێكی گەورە دەبێت بۆ تێپەڕاندنی پشكی بودجەی هەرێم.

مپاپێ‌ ڕیاڵ مەدریدی تووشی شۆك كرد
پێشت مپاپێ‌ ڕیاڵ مەدریدی تووشی شۆك كرد
پەرلەمان لەسەر بودجە كۆدەبێتەوە
دواتر پەرلەمان لەسەر بودجە كۆدەبێتەوە
ەیوەندیدار