هەرێم لەژێر گووشارێكی قوورسی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدایە



چارەنووسی مووچەی فەرمانبەران نادیارە و بۆ مووچەی مانگی ئادار گرفتی گەورە لە ڕێیە

بڕیارە ئەمڕۆ شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات بۆ گفتووگۆكردن لەگەڵ حكومەتی ناوەندی لەبارەی دواین پێشهاتەكانی پەیوەست بە بڕیارەكەی دادگەی پاریس لە بارەی نەوتی هەرێمەوە.

چوونی شاندەكەی هەرێمی كوردستان لەحاڵێكدایە، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەژێر گووشارێكی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدایە.

تەنها لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا:
-وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە ڕاپۆرتێكدا بەتوندی ڕەخنەی لە دەسەڵاتدارانی هەرێم گرت لەبارەی پێشێلكردنی مافی مرۆڤەوە.

-گۆڤاری فۆڕین پۆلەسی كە زۆرتر گوزارشت لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا دەكات، ڕەوشی هەرێمی كوردستانی زۆر خراپ باس كرد و بە ماڵێكی كارتۆنی ناویبرد كە لە لێواری داڕووخاندایە.

-كونسوڵی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان ڕاپۆرتەكەی فۆڕین پۆڵەسی لە پلاتفۆرمەكانی خۆی بڵاوكردەوە و ئەوەش وەک پشتیوانییەك بۆ ڕاپۆرتەكە لێكدرایەوە.

– دادگەی پاریس لە بەرژەوەندی بەغدا لە دژی هەرێم و توركیا لە كەیسی نەوتی هەرێم بڕیاریدا.

-توركیا لەسەر ڕۆشنایی بڕیارەكەی دادگەی پاریس فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستانی لە بەندەری جەیهانەوە ڕاگرت و دواین كەشتی نەوتی هەرێم باركرا.

-وەزارەتی نەوتی عێراق پێشوازی لە بڕیارەكەی دادگەی پاریس كرد و ڕایگەیاند لە عێراقدا تەنها كۆمپانیای سۆمۆ دەسەڵاتی فرۆشتنی نەوتی هەیە.

ئەو گووشارەی بۆ سەر هەرێمی كوردستان دروستبووە، چەندین خوێندنەوەی بۆ دەكرێت و كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە.

لەبەرزترین ئاستەوە لە ڕاگەیێندراوێك بارەگای بارزانی نیوەشەوی ڕابردوو ڕایگەیاند “لەبارەی ئەو لێكدانەوە بێ بنەمایانەی هەرێمی كوردستان بە كارتۆنی ناوزەد دەكەن، بە گشت لایەك ڕادەگەیێنین كە هەرێمی كوردستانی عێراق كارتۆنی نییە، بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهید و فرمێسكی هەزاران دایكە شەهیدە. هەرێمی كوردستان بە خوێن و فرمێسكی گەلەكەمان دروست بووە و، بەو خوێن و فرمێسكانەش دەپارێزرێت”.

لەلایەكی دیكەوە مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە تویتێكدا ڕایگەیاند “ئەوانەی ئەمڕۆ لەگەڵمان ناوەستن، با سبەی خۆیان نەكەنە خاوەن دەستكەوتەكانمان و سوود لە سەركەوتنەكانمان وەرنەگرن”.

بەپێی زانیارییەكان مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێم و محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق گفتوگۆیان لەبارەی ئەو پێشهاتە نوێیانەوە كردووە و بڕیارە شاندەكەی هەرێمیش كە ئەمڕۆ دەچنە گفتووگۆ زیاتر بكەن.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتی لە گفتووگۆ لەگەڵ بەغدا كردووەتەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەركردنی كێشەكان.

ئەوەی جیگەی نیگەرانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، مووچەیە، چونكە ئێستا چارەنووسی نادیارە، نرخی نەوت دابەزیوە و نەوت هەناردەكردنیش وەستاوە، تا ئێستا بە فەڕمی لەگەڵ بەغدا ڕێككەوتن نەكراوە.

بەپێی سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەكان هەولێر و بەغدا لەسەر بوودجە و مووچە و نەوت و غاز ڕێككەوتوون، بەڵام شارەزایانی ئابووری بە مەحاڵی دەزانن لە ماوەیەكی كەمدا ئەو ڕێككەوتنە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

ئێستا كۆتایی مانگی ئادارە و هێشتا مووچەی مانگی شووبات تەواونەكراوە، چاوەڕێدەكرێت بۆ مووچەی مانگی ئادار گرفتی گەورە دروست ببێت.

ئاگادارییەك لەبارەی پێوەری ئاوەوە
پێشت ئاگادارییەك لەبارەی پێوەری ئاوەوە
“دەروازە سنورییەكانی هەرێم سەرچاوەی گەندەڵین”
دواتر “دەروازە سنورییەكانی هەرێم سەرچاوەی گەندەڵین”
ەیوەندیدار