مەسرور بارزانی: پێویستە زانکۆکان ڕۆڵیان لە چارەسەرکردنی قەیرانەکاندا هەبێت



سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە زانکۆکان دەکات هاوکاری حکومەت بکەن و ڕۆڵیان لە چارەسەرکردنی قەیرانەکاندا.

ئەمڕۆ یەکشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتارێکی لە دیداری خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان و ئوردن پێشکەش کرد کە لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.

مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، لە ساڵانی ڕابروودا، ڕووبەڕووی چەندین قەیرانی جۆراوجۆر بووینەوە و بەسەر زۆریشیاندا زاڵ بووین، بەڵام چەند کێشە و قەیرانەکانیشمان هەبێت، هەرگیز ساردمان ناکەنەوە لەوەی بایەخ و گرنگییەکی تەواو، بە پێشخستن و بەرەوپێشبردنی خوێندن و زانکۆکانمان بدەین.

داواشی لە زانکۆکان کرد هاوکاری حکومەت بکەن و ڕۆڵیان لە چارەسەرکردنی قەیرانەکاندا هەبێت و ڕایگەیاند پێویستە زانکۆکانمان، هاوکار و یارمەتیدەرمان بن بۆ دۆزینەوەی چارە بۆ کێشە و گرفت و قەیرانەکان کە ڕووبەڕوومان دەبنەوە و لە ڕێگەی پلان و نەخشەڕێگەیەکی زانستییانەوە ، هاریکاريی حکوومەت بکەن بۆ ئەوەی درێژە بە بەرنامەی چاکسازیی هەمەلایەنەی خۆی بدات.

وتیشی: “ئێمە چاوەڕوانییەکی زۆرمان لە زانکۆکان هەیە بۆ ئەوەی ڕۆڵی کاریگەر و کارای خۆیان نەک تەنیا وەک مەڵبەندێکی زانستی فێرکاری و پێگەیاندنی نەوەکانمان بگێڕن، بەڵکوو دامەزراوەیەکی زیندووی ڕۆشنگەریی و بزوێنەری نوێخوازی و داهێنانيش بن”.

ئەمەش دەقی وتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە:

بە ناوی خوا گەورە و میهرەبان

میوانان و ئامادەبووانی بەڕێز

زۆر بەخێر بێن

بەخێرهاتنێکی گەرمی میوانانی بەڕێز، شاندی شانشینیی هاشمیی ئوردنی دەکەم بۆ هەرێمی کوردستان و سوپاسی ڕێکخەرانی ئەم دیدارە گرنگە دەکەم و هیوای سەرکەوتن بۆ کارەکانی دەخوازم .

هیوادارم لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا، ئەنجام و ڕاسپاردەی گرنگ و بە سوود بخرێنە ڕوو هەروەها ئەم دیدارە، ببێتە مایەی پێشخستنی زیاتری خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان .

ڕێز و پێزانینمان هەیە بۆ هاریکاری و هەماهەنگیی شانشینیی ئوردن لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا.
خۆشحاڵین کە پەیوەندییەکی لەمێژینە و دۆستانەمان لەگەڵ شانشینیی هاشمیی ئوردنی بەڕێبەرایەتیی خاوەن شکۆ شا عەبدوڵڵای دووەم هەیە، کە لە قۆناخە جیاوازەکاندا، هاوکار و پشتیوانیی هەرێمی کوردستان بووه.

بەڕێزان:

پێشخستن و پەرەپێدانی خوێندن و ناوەند و دامه‌زراوه‌ ئەکادیمییەکانمان، یەکێکە لە کارە لە پێشیەکانمان کە دەمانەوێ زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکانی ئێمە، له‌ ئاستی پێشکەوتنە خێراکانی ئەم سەردەمەدا بن و ببنه‌ یارمه‌تیده‌ری پرۆسه‌ی گه‌شه‌پێدانی ژێرخانی ئابووریمان.

ڕاستە لە ساڵانی ڕابروودا، ڕووبەڕووی چەندین قەیرانی جۆراوجۆر بووینەوە و بەسەر زۆریشیاندا زاڵ بووین، بەڵام چەند کێشە و قەیرانەکانیشمان هەبێت، هەرگیز ساردمان ناکەنەوە لەوەی بایەخ و گرنگییەکی تەواو، بە پێشخستن و بەرەوپێشبردنی خوێندن و زانکۆکانمان بدەین. پێویستە زانکۆکانمان، هاوکار و یارمەتیدەرمان بن بۆ دۆزینەوەی چارە بۆ کێشە و گرفت و قەیرانەکان کە ڕووبەڕوومان دەبنەوە و لە ڕێگەی پلان و نەخشەڕێگەیەکی زانستییانەوە ، هاریکاريی حکوومەت بکەن بۆ ئەوەی درێژە بە بەرنامەی چاکسازیی هەمەلایەنەی خۆی بدات.

ئێمە چاوەڕوانییەکی زۆرمان لە زانکۆکان هەیە بۆ ئەوەی ڕۆڵی کاریگەر و کارای خۆیان نەک تەنیا وەک مەڵبەندێکی زانستی فێرکاری و پێگەیاندنی نەوەکانمان بگێڕن، بەڵکوو دامەزراوەیەکی زیندووی ڕۆشنگەریی و بزوێنەری نوێخوازی و داهێنانيش بن .

هەمیشە خوازیاری ئەوەین کە ئارامی و سەقامگیریی لە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و جیهان بەگشتی هەبێت. لەم چوارچێوەیەشدا، هەمیشە هەرێمی کوردستان هەوڵی داوە و کاری کردووە بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی ئەرێنی هەبێت لە دابينكردن وپاراستنی سەقامگیریدا، چونکە تەنیا لە دۆخێکی سەقامگیردا، دەتوانین کار لە سەر پێشخستنی کۆمەڵگەکەمان لە هەموو بوارەکاندا بکەین بۆ ئەوەی بگەینە ئاستی وڵات و کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان، کە ئێمە لە ڕووی سامانی مرۆیی و ماددییەوە، هیچمان لەو کۆمەڵگەیانە کەمتر نییە و تەنیا بارودۆخێکی ئارام و سەقامگیر و بەڕێوەبردنێکی ژیر و زانستی و داهێنەرانەمان پێویستە بۆ ئەوەی لە ئاست پێشکەوتنەکانی سەردەمدا بین.

جارێكی دیكه بەخێرهاتنی میوانە بەڕێزەکانمان دەکەم و ده‌ستخۆشیتان لێ ده‌كه‌م بۆ سازکردنی ئەم دیدارە و هیوای سەرکەوتننان بۆ دەخوازم.

هەر شاد و سەرکەوتووبن.

سەنتەرەکانی جوانکاری هۆکاری زیادبوونی نەخۆشی ئایدزن
پێشت سەنتەرەکانی جوانکاری هۆکاری زیادبوونی نەخۆشی ئایدزن
دوای شەش مانگ، هێشتا پۆستی پارێزگاری كەركووك و دیالە یەكلانەكراونەتەوە
دواتر دوای شەش مانگ، هێشتا پۆستی پارێزگاری كەركووك و دیالە یەكلانەكراونەتەوە
ەیوەندیدار