ڕووسیا تێستی مووشەكێكی كیشوەربڕی كرد



ڕووسیا مووشەكە ئەتۆمییە مەترسیدارەكەی تێستكرد و بۆ هەڵدان ئامادەیە
دەتوانێت بەیەكجار فەڕەنسا و بەریتانیا لەناوبەرێت و ئەمریكاش بكاتە ئامانج

ڕووسیا بەشێوەیەكی دوور لە چاوی كامێراكان لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا تێستی مووشەكێكی كیشوەربڕی كرد، مووشەكێك توانای بەئامانجگرتنی ئەمریكا و ئەوروپای هەیە و هەڵگری كڵاوەی ئەتۆمییە، دەتوانێت فەڕەنسا و بەریتانیا بە جارێك لەناوبەرێت، ئەو مووشەكە ناوی شەیتان دووە و مەترسی گەورە دروست دەكات.

مووشەكی شەیتان دوو چییە؟
-مووشەكی شەیتان دوو كیشوەربڕە لەناو مووشەكەكانی ڕووسیادا توانای بڕینی دوورترین مەودای هەیە، دەتوانێت لە دووری زیاتر لە 11 هەزار كیلۆمەتر ئامانجەكانی بپێكێت، بە ئاسانی دەگاتە ئەوروپا و ئەمریكا.

-ئەو مووشەكە توانای هەڵگرتنی 10 كڵاوەی ئەتۆمیی هەیە، توانای وێرانكردنی
دوو وڵاتی بە تەواوەتی هەیە بۆ نمونە فەڕەنسا و بەریتانیا.

-ڤلادیمێر پووتین لە پێناسەی ئەو مووشەكەدا دەڵێت وێنەی نییە و بێ ڕكابەرە.

-شەیتان دوو جێگەی مووشەكی بالیستی كۆنی سەردەمی سۆڤێت دەگرێتەوە.

ڕووسیا ڕێككەوتنێكی ئەتۆمی هەڵوەشاندەوە
تێستكردنی ئەو مووشەكە لەكاتێكدایە دوێنێ سەرۆكی ڕووسیا لە گوتاری خۆیدا بە بۆنەی نزیكبوونەوەی ساڵوەگەڕی دەستپێكردنی هێرشەكانی سەر ئۆكراینەوە ڕایگەیاند چی دیكە ڕووسیا پابەندی ڕێككەوتنی نیوستارت نابێت، نیوستارت ڕێككەوتنێكە بۆ سنووردانان بۆ بڵاوبوونەوەی چەكی ستراتیژی و ئەتۆمی.

ئەو بڕیارەی پووتین هاوكاتی سەردانەكەی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكاشە بۆ ئۆكراین و پۆڵەندا.

ئەو پێشهاتانە لە حاڵێكدان مەترسی هەیە ساڵی دووهەمی جەنگ كە بە شەڕی بەهارە ناسراوە بە قورسی دەستپێبكات و ببێتە جەنگی ڕووسیا و ناتۆ، ناتۆ و ڕۆژئاواییەكان بە چەكە پێشكەوتووەكانیانەوە بچنە جەنگەوە.

پووتین بانگەشەی جەنگی جیهانی كرد
ڤلادیمێر پووتین سەرۆكی ڕووسیا لە گوتاری خۆیدا بۆ پەرلەمانی وڵاتەكەی بەبۆنەی نزیكبوونەوەی تێپەڕینی ساڵێك بەسەر هێرشەكانی سەر ئۆكراین ڕایگەیاند ئەوان خوازیاری كۆتاییهێنان بە نازییە نوێیەكان لە ئۆكراینن، هەرچەند هەوڵی زۆر دراون تا بە ئاشتی كێشەكان چارەسەر بكەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، هەوڵی زۆر دراوە بە ڕێگای ئاشتیانە كێشەكان لەگەڵ كیێڤ چارەسەر بكرێن، بەڵام كیێڤ ڕق و كینە بڵاودەكاتەوە و پشتیوانی تیرۆرستان لە ناوچەی دۆنباس دەكات.

ئاشكراشیكرد، وڵاتانی ڕۆژئاوایی هەوڵی دابینكردنی چەكی ئەتۆمی و بایۆلۆژی بۆ ئۆكراین دەدەن، ڕێككەوتنە هاوبەشەكانیان تاكلایەنە كۆتاییپێهێنا.

دەشڵێت: ئەمریكا لەسەرانسەری جیهاندا پێگەی سەربازی زۆری هەن و تاكلایەنە لە ڕێككەوتنە هاوبەشەكان دەرچووە و ڕۆژئاوا بە هەموو شێوەیەك گرەنتی ئاسایشی ڕووسیایان لە پێش دەستپێكردنی جەنگدا ڕەتكردەوە، بۆیە ئەوە ڕۆژئاوا بوو، شەڕی دەستپێكرد نەك ڕووسیا، هەوڵی زۆرمان بۆ ڕێگری لە ڕوودانی شەڕ دا، بەڵام دەستپێشخەرییەكانیان ڕەتكردەوە.

ئاماژە بەئەوەش دەكات، ڕۆژئاوا ئۆكراین وەك سەكۆیەك بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕووسیا بەكاردەهێنێت و چەك و كەرەستەی سەربازی بۆ ڕەوانە دەكات، دەیانەوێت ململانێی ئۆكراین لە ناوخۆییەوە بۆ نێودەوڵەتی و ململانێیەكی جیهانی بگۆڕن و بیكەن بە جەنگی جیهانی، مۆسكۆش دەیەوێت ئەو هەڕەشانە لەسەر سنوورەكانی نەهێڵێت.

ئاشكراشیكرد، ڕووسیا ڕووبەڕووی مەترسییەكی گەورە ببووەوە، مەترسی لەسەر بوونی هەبوو، بۆیە ڕووسیا مەحاڵە لە گۆڕەپانی جەنگدا بدۆڕێت.

لەبارەی دۆنباسەوە پووتین دەڵێت: زۆرینەی گەلەكەمان لە هەرێمی دۆنباس پشتیوانی لە هەڵوێستی بەرگریكارانەی ئێمە لە هەرێمەكە دەكەن.

 

بوومەلەرزەیەك چەند شارێكی عێراقی هەژاند
پێشت بوومەلەرزەیەك چەند شارێكی عێراقی هەژاند
بوومەلەرزە چەند ناوچەیەكی هەژاند
دواتر بوومەلەرزە چەند ناوچەیەكی هەژاند
ەیوەندیدار