قوباد تاڵەبانی بڕیاری جێبەجێ‌ كردنی داواكاری مانگرتووانی دەربەندیخانی دا



بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم بەشێك لە كێشەكانی شارۆچكەی دەربەندیخان چارەسەر دەكرێن و كارەكانی پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخانیش دەستپێدەكاتەوە.

بەڕێوەبەری نووسینگەی سلێمانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران لەگەڵ قائیمقام و سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكانی شارۆچكەی دەربەندیخان كۆبووەوە لەبارەی داواكاری مانگرتووان و خۆپیشاندەرانی شارۆچكەكە، كە داواكارییەكانیان بریتین لە بەگەڕخستنەوەی پرۆژەی ئاوی دەربەندیخان و زیادكردنی كارەبا و دروستكردنی ھۆڵی نەشتەرگەریی و چارەسەركردنی گرفتەكانی بەردەم كاری رۆژانەی فەرمانگەكان.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، “فەرمانی جێگری سەرۆك وەزیران بەڵێندراوە زەوییەكی گرانبەھا لە سلێمانی بدرێت بە وەبەرھێنەرێك و لەبەرامبەردا پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان تەواو بكات و لە چەند ڕۆژی داھاتووشدا كارەكانی دەستپێدەكاتەوە”.

هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، بڕیاریش دراوە دوو كاتژمێر كارەبای سنوورەكە زیاد بكرێت لەگەڵ نۆژەنكردنەوەی ھۆڵی نەشتەرگەری و شوێنی مانەوەی پزیشك لە نەخۆشخانەی دەربەندیخان و ئەگەر پارەی پێویستیش بەردەست نەبوو، ھەمان وەبەرھێنەر، كە زەوییەكەی پێدراوە كارەكانی تەواوكردنی ھۆڵی نەشتەرگەری دەگرێتە ئەستۆ و ھەنگاو بەھەنگاویش كاربكرێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی بەردەم كاری فەرمانگەكان.

ئاماژە بەوەشكراوە، لە كۆبوونەوەیەكی تریشدا لەگەڵ مامۆستایانی ئاینی و كەسایەتی كۆمەڵایەتی و تیكۆشەرانی دێرین و نوێنەری لایەنە سیاسییەكانی دەربەندیخان، جەختكرایەوە لەسەر جێبەجێكردنی داواكارییەكان.

بڕیاریش درا قائیمقام و مامۆستایانی ئاینی سەردانی خۆپیشاندەران بكەن و ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكان و جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان باس بكەن، بۆئەوەی كۆتایی بە مانگرتن و خۆپیشاندان بھێنرێت.

جارێكی دیكە دۆلار بەرزبووەوە
پێشت جارێكی دیكە دۆلار بەرزبووەوە
بۆ مانگی ڕەمەزان “مریشك و هێلكە” لەگەڵ بەشەخۆراك دابەش دەكرێت
دواتر بۆ مانگی ڕەمەزان “مریشك و هێلكە” لەگەڵ بەشەخۆراك دابەش دەكرێت
ەیوەندیدار