ژمارەی گیانلەدەستدان بە بوومەلەرزە گەیشتە 37 هەزار كەس



ئۆپەراسیۆنەكانی ڕزگاركردن لە نۆیەمین ڕۆژی دوای بوومەلەرزە وێرانكەرەكانی باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان، توركیا و سووریا بەردەوامن.

ئاماری گیانلەدەستدان بۆ زیاتر لە 37 هەزار كەس لە نێوان هەردوو وڵاتدا بەرزبووەتەوە، ئەمەش لەكاتێكدا هەڵمەتەكانی فریاكەوتن بۆ دۆزینەوەی ڕزگاربووان بەردەوامن سەرەڕای كەمبوونەوەی هیواكان.

وەزارەتی دەرەوەی توركیا ئامادەبوونی 9 هەزار و 247 كارمەندی بیانی ڕاگەیاند، كە لە هەوڵەكانی گەڕان و ڕزگاركردن بەشدارن.

وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر ڕایگەیاند، 100 وڵات هاوكارییان پێشكەش كردووە، هەروەها تیمەكان لە 80وڵاتەوە لەسەر زەوین.

حكومەتی توركیا ڕایگەیاند، لانیكەم 41 هەزار باڵەخانە لە 10 پارێزگادا بەتەواوی یان بەشێكیان بەهۆی بوومەلەرزەكانەوە وێران بوون، هەروەها جەختی لەسەر لابردنی باڵەخانە درزدار و ڕووخاوەكان كردەوە.

دەزگای بەڕێوەبردنی كارەسات و فریاگوزاری توركیا ئافاد ڕایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەكانی ئەو وڵاتە بۆ 31 هەزار و 643 كەس بەرزبووەتەوە.

ڕێكخراوی فریاگوزاری كڵاو سپییەكان لە باكووری سووریا ڕایگەیاند، ژمارەی بریندارەكان لە سەرانسەری سووریا 14 هەزار و 750 كەسی تێپەڕاندووە.

سەرچاوەكان باس لەوەش دەكەن ژمارەی گیانلەدەستدان لە باكووری سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان لە پێنج هەزار كەس تێپەڕیوە.

سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەكانی فریاگوزاری، مارتن گریفیتس ڕێكخەری فریاگوزاری نەتەوە یەكگرتووەكان پشتڕاستی كردەوە كە قۆناغی گەڕان و ڕزگاركردن بەرەو كۆتایی دەڕوات، پێویستییەكی بەپەلە بۆ دابینكردنی شوێنی حەوانەوە و خۆراك و پەروەردە و چاودێری دەروونی و كۆمەڵایەتی هەیە.

جەختیشی كردەوە، نەتەوە یەكگرتووەكان كار لەسەر گواستنەوەی هاوكارییەكان دەكات لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتەوە بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن لە باكووری ڕۆژئاوا، كە بوومەلەرزە وێرانكەرەكان زیانێكی زۆری بەسەردا هێناون.

ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو كەسانەی لەم هەفتەیەدا بەهۆی بوومەلەرزەكەی توركیا و سووریا زیانیان بەركەوتووە گەیشتووەتە نزیكەی 26ملیۆن كەس.

رێك برێنن، بەڕێوەبەری نووسینگەی باری لەناكاوی تەندروستیی جیهانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، لە باكووری سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان 8 هەزار و 500 كەس گیانیان لەدەستداوە.

ڕوونیشیكردەوە چوار هەزار كەس لە ناوچەكانی ژێردەستی حكومەتی سووریا گیانیان لەدەستداوە، چوار هەزار و 500 كەسی دیكەش لە ڕۆژئاوای كوردستان ‌و ناوچەكانی دیكەی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن گیانیان لەدەستداوە.

هاوكات ئەنتۆنی گۆتێرێش سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند حكومەتی سووریا ڕەزامەندی بۆ كردنەوەی دوو دەروازەی دیكەی سنووری لەنێوان توركیا و سووریا بۆ گەیاندنی هاوكارییەكان داوە، ئەوانیش دەروازەكانی بابولهەوا و ڕاعین.

گۆتێرێش دەڵێـت: ئێمە پێشوازی لەو بڕیارەی دەوڵەتی سووریا دەكەین، بە زوویی گەیاندنی هاوكارییە مرۆییەكان دەستپێدەكەین.

نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت، نزیكەی یەك ملیۆن كەس پێویستیان بە فریاگوزاری خێرا لە خۆراك و كەرەستەی پزیشكی هەیە، لە باكووری سووریا تەنگەژەی دابەشكردنی هاوكارییەكان سەریهەڵداوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕووانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ زیاتر لەپێنج ملیۆن كەس لە باكووری سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان ئاوارە بوون و بێ ماڵ و حاڵن.

ڤایرۆسی جگەر چییە؟
پێشت ڤایرۆسی جگەر چییە؟
سەرۆكی هەرێم سەردانی باكووری كوردستان دەكات
دواتر سەرۆكی هەرێم سەردانی باكووری كوردستان دەكات
ەیوەندیدار