زۆرتر لە پێنج ملیۆن كەس لە ڕۆژئاوای كوردستان و سووریا بێ ماڵن



 

گرووپە فریاگوزارییەكان هۆشداری بەپەلە دەدەن لە روودانی كارەساتی مرۆیی لە رۆژئاوای كوردستان و باكووری سووریا، دەڵێن زۆرتر لە پێنج ملیۆن كەس بێ ماڵن.

گرووپی خۆبەخشی فریاگوزاری كڵاو سپییەكان ڕەخنەیان لە وەڵامدانەوەی هاوكارییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان گرتووە بۆ بوومەلەرزەكەی سووریا كە زیاتر لە پێنج هەزار كەس بەهۆی كارەساتەكەوە گیانیان لەدەستداوە.

كارمەندانی فریاگوزاری ڕایانگەیاندووە، سووریا ڕووبەڕووی “سیناریۆیەكی ترسناك” بووەتەوە، چونكە ڕەنگە نزیكەی پێنج ملیۆن و نیو كەس بێ ماڵ و حاڵ بمێننەوە دوای بوومەلەرزە وێرانكەرەكەی ڕۆژی دووشەممە.

بەو پێیەی ئەو وڵاتە جەنگاوییە لە ئێستاوە مامەڵە لەگەڵ كاریگەرییەكانی زیاتر لە 10 ساڵ لە ململانێكان دەكات، كارمەندانی فریاگوزاری دەڵێن، ئەگەری زۆرە ئۆپەراسیۆنەكانی بووژانەوە لە سووریا ماوەیەكی زۆر زیاتر لە توركیا بخایەنێت.

دوای ئەوەی ڕۆژی دووشەممە بوومەلەرزەكە بە گوڕی 7.8 پلە ڕوویدا و چەندین پاشەكەوتی هەبوو، پتر لە 26 هەزار كەس لە توركیا و سوریا گیانیان لەدەستدا.

جێرمی سمیس بەڕێوەبەری خاچی سوور بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا ، رایگەیاند “لە سووریا، ئەمە هەرە خراپترین سیناریۆیە بۆ ئێمە. ئەمە ڕەوشێكی ترسناكە”.

سمیس دەڵێت “بەهۆی كەمبوونەوەی ژێرخانی پزیشكی و ئاو و پاكوخاوێنی وڵاتەكە، لە ئێستاوە وەڵامدانەوەكە “ماوەیەكی درێژتر دەخایەنێت” بەهۆی ئەو ئاڵنگارییانەی كە جەنگ هێناویەتە ئاراوە “.

ئەمە لە كاتێكدایە دەزگای پەنابەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕۆژی هەینی هۆشداریی دا كە ڕەنگە نزیكەی پێنج ملیۆن و نیو كەس بەهۆی بوومەلەرزەكەوە بێ ماڵ و حاڵ بمێننەوە.

بەفر هاتووچۆی ڕێگایەكی پێنجوێنی ئەستەم كردووە
پێشت بەفر هاتووچۆی ڕێگایەكی پێنجوێنی ئەستەم كردووە
پەروەردەی پێنجوێن پشووی ڕاگەیاند
دواتر پەروەردەی پێنجوێن پشووی ڕاگەیاند
ەیوەندیدار