بۆڵتن: شۆڕشی ژینا پێویستيی گۆڕانكاری، لە ئێران دەرخست



 

جۆن بۆڵتن ڕاوێژكاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا و سەرۆكی ئێستای دامەزراوەی ئەمریكا بۆ ئاسایش و ئازادی، ڕایدەگەیەنێت، ڕەوشی ئێستای ئێران پێویستی بە گۆڕانكاری هەیە.

ئەم لێدوانەی بۆڵتن لە میانەی كۆبوونەوەیەكیبوو لەگەڵ شاندێكی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بە سەرۆكایەتی خالیدی عەزیزی وتەبێژی حیزبەكە لە واشنتنی پایتەختی ئەمریكا.

بەپێی زانیارییەكان، شاندێكی باڵای حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە واشنتن لەگەڵ جۆن بۆڵتن ڕاوێژكاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا و سەرۆكی دامەزراوەی ئەمریكا بۆ ئاسایش و ئازادیدا كۆبووەتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانە، لە كۆبوونەوەكەدا تاووتوێی ڕەوشی ئێران، ڕۆژهەڵاتی كوردستان و خۆپیشاندانەكان و ڕاپەڕینەكانی ژینا ئەمینی كراوە، هەروەها هێرشە مووشەكییەكانی ئێران بۆ سەر هەرێمی كوردستان و كردنەئامانجی بارەگای پارتە ڕۆژهەڵاتییەكان گفتووگۆیان لەسەركراوە و شاندی حیزبی دیموكرات، زانیاریی پێویستییان لەسەر ئەو بابەتانە بە بۆڵتن داوە.

لە بەرامبەردا جۆن بۆڵتن، داوایكرد لەسەر ئەو بابەتانە لە پەیوەندیدابن و زانیاری ئاڵوگۆڕ بكەن.

بۆڵتن لە گوتەكانیدا ڕەخنەی لە سیاسەتەكانی دەوڵەتی ئەمریكا گرت كە بەرامبەر ئێران لاوازن.

ڕاشیگەیاند، ڕاپەڕینەكانی ژینا ئەوەیان دەرخست، ئاڵوگۆڕی بنچینەیی لە ئێراندا پێویستە، دەشبێت پشتیوانی لە تێكۆشانی گەلانی ئێران بكرێت كە بۆ ئازادی خەبات دەكەن.

هەروەها بۆڵتن پێشنیازیكرد، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران یەكگرتووبن، پێكەوە پەرە بەكارەكانیان بدەن.

 

هەنگوین بە تامی پەتاتە
پێشت هەنگوین بە تامی پەتاتە
كۆمپانیای گوگڵ 12 هەزار كارمەند دەردەكات
دواتر كۆمپانیای گوگڵ 12 هەزار كارمەند دەردەكات
ەیوەندیدار