شۆفێرانی گەراجی بەغدا گردبوونەوە



شۆفێرانی گەراجی بەغدا، داوا دەکەن کە ڕێگری بکرێت لە گواستنەوەی هاووڵاتیان بۆ شاروشارۆچکەکان لە دەرەوەی گەراجی بەغدا، ئەگەریش وەڵام نەدرێنەوە خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لەبەردەم بینای پارێزگای سلێمانی شۆفێرانی گەراجی بەغدا ناڕەزایەتیان دەربڕی، بەپێی وتەکانیان لە شەکرەکە و تاسڵوجە ئەو تاکسیانەی کە خاوەن هێڵی گواستنەوەنین سەرنشین بۆ شاروشارۆچکەکان دەگوازنەوە، ئەمەش زیانی بۆ داهاتی ئەوان هەبووە.

گەراجی بەغدا پێشتر لە ناوچەی پیشەسازی سلێمانی بووە، پاش دروستکردنی تێرمیناڵێکی نوێ سەرجەمیان گواسترانەوە بۆ تێرمیناڵە نوێیەکە، لەو کاتەدا شۆفێران ناڕەزایەتییان بەرامبەر دووری تێرمیناڵەکە لە ناوشارەوە دەربڕی، بەڵام بەپێی وتەی خۆیان لە ئاسایش، پۆلیس، هاتوچۆ و گواستنەوەی و گەیاندنی سلێمانی بەڵێنیان پێداون ڕێگەنادرێت جگە لە شۆفێرانی تێرمیناڵەکە هیچ شۆفێرێک هاووڵاتیان بگوازێتەوە.

هاوکات بەپێی وتەی نوێنەری شۆفێرانی تێرمیناڵەکە، پێشتر بەڵێنیان پێدراوە تا پاس دابینکرێت بۆ گواستنەوەی هاووڵاتیان لە ناوشارەوە بۆ تێرمیناڵەکە، بەڵام ئێستا چەندین شۆفێر کە خاوەنی هێڵی گواستنەوەی دەرەوەی شار نین هاووڵاتیان بۆ دەرەوەی شاری سلێمانی دەگوازنەوە.

جەزا بێسەری، شۆفێر لە تێرمیناڵەکە، ئاشکرای کرد کە ١٢ ئۆتۆمبێل و حەوت پاسی بچوک ئێستا لە دەرەوەی تێرمیناڵەکە هاووڵاتیان دەگوازنەوە، کە کەسێک لە پشتەوە پارێزگارییان لێدەکات، ڕێگانادات هیچ ڕێوشوێنێک بەرامبەر ئەو کارە نایاساییە گیرێتەبەر.

لە کۆتایشدا ڕایگەیاند، ئەگەر کێشەکانیان چارەسەر نەکرێت، ئەوا خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و شەقامەکان دەگرن، چوار خێمە وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو چوار بەڵێنەی لە ئاسایش، پۆلیس، بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوە و گەیاندن و بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ هەڵدەدەن و کارەکانیان ڕادەگرن.

 

 

 

” دڵم بۆ كورد دەسووتێت”
پێشت ” دڵم بۆ كورد دەسووتێت”
ماڵێك سووتاو ژنێكی دووگیان گیانی لەدەستدا
دواتر ماڵێك سووتاو ژنێكی دووگیان گیانی لەدەستدا
ەیوەندیدار