بڕیارەكەی بافڵ تاڵەبانی كاردانەوەی فراوانی لێدەكەوێتەوە



بڕیارەكەی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردسان بۆ “داخستنی هەموو ئەو شوێنانەی دوورن لە ئاین، ئاكار و ڕەوشتی بەرزی كۆمەڵگەی كوردییەوە” كاردانەوەیەكی فراوانی لەسەر ئاستی هاووڵاتیان و مامۆستایانی ئایینی و توێژەرانی كۆمەڵایەتی و پارێزەرانی بەهاكانی خێزانی كوردەواری لێكەوتەوە و پێشوازییەكی فراوانی لێ‌ كرا.

شوێنەكانی لەشفرۆشی و مەیخانەكان و یانەكانی شەوانە و قومارخانەكان، سەرەڕای ئەوەی لەڕووی ئایینییەوە حەرامن و لەڕووی یاساییەوە ڕێگەپێنەدراو و قەدەغە كراون، بۆیە بڕیاری داخستنیان چەندین سوودی دیكەی هەیە بۆ كۆمەڵگە بۆ پاراستنی خێزان لەڕووی كۆمەڵایەتی و ئابووری و تەندروستی و تەنانەت كەمكردنەوەی كێشەكان لە دادگا و بنكەكانی پۆلیس و كەم كردنەوەی كێشەكانی شەڕ و كوشتن و جیابوونەوە و لێكترازانی خێزانی و قەرزداری.

نووسینگەی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڵاویكردەوە، “بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دوای ئەوەی ڕێژەیەكی زۆر گلەیی و سكاڵای هاولۆاتیانی پێگەیشتبوو، سەردانی گەڕەكی سەرچناری سلێمانی كرد و ژینگەی شێوێنراو و دوور لە بەها باڵاكانی كۆمەڵگەی كوردەواری بینی، بڕیاریدا بە داخستنی هەموو ئەو شوێنانەی دوورن لە ئاین، ئاكار و رەوشتی بەرزی كۆمەڵگەی كوردییەوە”.

بافڵ تاڵەبانی وتیشی، “سەرچنار یادەوەرییەكی شیرینی شارە حەیاتەكەیە و دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی خێزانەكانی شار بۆ پشوو و كاتبەسەربردن ڕوویان تێدەكرد و هەستیان بە ئارامی دەكرد. ئەم بڕیارەش لەپێناو پاراستنی ئارامی و ڕەخساندنی ژینگەیەكی لەبارە بۆ خەڵكە خۆشەویستەكەی شارەكەمان”.

ڕاشیگەیاند، “یەكێتیی پارێزەری مافە كەسی و تایبەتەكانە، بەڵام ئەو كاتەی سنوورەكان دەبەزێنرێت و ڕێز لە بەها باڵاكان ناگیرێت، هەڵوێستمان دەبێت”.

لەكاردانەوەی ئەو بڕیارەدا مامۆستایەكی ئایینی ستایشی بڕیارەكە دەكات و هیوای “جێبەجێ‌ كردن و بەردەوامی” بۆ دەخوازێت و هاوكات ڕاوێژكارێكی خێزانی دەڵێت: “سەیری سۆشیال میدیام كردووە و هاووڵاتیان زۆر دڵخۆشن بە بڕیارەكە” و جەختیشدەكاتەوە، لەهەموو سیستەم و وڵاتێك ئەو ماف و ئازادیەش بە یاسا ڕێكدەخرێ و بابەتی قومارخانە و شۆێنەكانی مەیخواردنەوە و یانە شەوانەكان و دێسكۆكان و شوێنەكانی لەشفرۆشی بەپێی یاساكانی عێڕاق و هەرێم قەدەغەن.

د.عەبدوللـەتیف ئەحمەد سەلەفی، لەبارەی بڕیارەكەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نووسیویەتی، “بڕیارێكی پەسەند و جوانە و جێگای دەست خۆشی و دڵ خۆشییە لە لایەن بەڕێز كاك بافڵ، بە هیوای جێبەجێكردن و بەردەوام بوون”.

د.عەبدوللـەتیف دەشڵێت، “هەر سەركردەیەك بڕیاری باش بدات باشە دێتە ڕێی و میللەتیش خۆشی دەوێت و هەر سەركردەیەك پشت لە خواو ئاینەكەی بكات هەر سەرشۆڕی و تیاچوون لەڕێگایەتی”.

لای خۆشیەوە، محەمەد گۆمەشینی، كۆمەڵناس و ڕاوێژكاری خێزانی لەپەراوێزی بڕیارەكەی بافڵ تاڵەبانی لە وتارێكدا، كە بۆ (خەڵك)ی ناردووە ئاماژەی بەوەكردووە، دوای بڕیارەكەی بافڵ تاڵەبانی چاوێكم گێڕا بەناو سۆشێاڵ میدیا و ویستم ئاستی كاردانەوەی بڕیارەكە لای هاووڵاتیان و ڕۆشنبیڕان و ڕای گشتی بزانم، بینینم كەڕێژەی زۆری خەڵك دڵخۆشن بەبڕیارەكە و كەمێك لەخەڵكیش خوێندنەوەی دیكەیان هەبوو بۆ بڕیارەكە تا ئاستی ئەوەشم بینی، كە نوسرابوو با زۆنی سلێمانی بكرێتە زۆنی ئیسلامی سلێمانی، بەڵام لێرە گرنگە ڕەهەندە یاساییەكان و كۆمەڵایەتیەكانی بڕیارەكە ئێنجا ڕەهەندە ئایینیەكەی بزانین بێ ئەوەی توشی كاردانەوەی خێرا بین.

ئەو ڕاوێژكارە خێزانییە ئاماژەی بەوەكردووە، بۆ ئەوەی هەمووان بزانن ئەو بڕیارانە چەند گرنگ و پێۆیست بوو،و تەنانەت درەنگیش بوو، فەرموون یان سەرێك لەدۆسیەكانی دادگا بدەن یان سەرێك لەو ماڵانە بدەن كە كوڕ و پیاوەكانیان گیرۆدەی ئەو بابەتانەن و شتێك نەماوە بەناوی ئاسایشی خێزان وخۆشەویستی.
محەمەد گۆمەشینی، كۆمەڵناس و ڕاوێژكاری خێزانی بە چەند خاڵێك وردەكاری سوود و گرنگی بڕیارەكەی سەرۆكی یەكێتی بۆ “گێڕانەوەی بەها و ڕەوشتی بەرزی كوردەواری” ڕووندەكاتەوە و دەڵێت:

یەكەم : بەڵێ مرۆڤ ئازادە چۆن دەژی و چی دەكا ئەوەش سادەترین مافی مرۆڤە ، بەڵام لەهەموو سیستەم و وڵاتێك ئەو ماف و ئازادیەش بە یاسا ڕێك دەخرێ و وڵات لەسەربنەمای پاراستنی مافی گشتی و شكۆی مرۆڤەكان یاسا و بڕیار دەردەكات، بۆیە بابەتی قومارخانە و شۆێنەكانی مەیخواردنەوە و یانە شەوانەكان و دێسكۆكان و شوێنەكانی لەشفرۆشی بەپێی یاساكانی عێڕاق و هەرێم قەدەغەن، واتە ئەگەر تائێستا ئەو شوێنانە ڕێگە پێدراو بوون پێچەوانەی یاسا بووە.

دووەم : بەوازحی گرنگە بزانین بۆ بڕیارەكە لەلایەن بافڵ تاڵەبانیەوە دەركرا، كە هەندێك نوسیبویان ئەوە كاری حكومەت و یاسایە ، شتێكی ئاشكرایە، كە ئێستا حاكمی موتڵەقی ئەو زۆنە و بڕیار بەدەست بافڵ تاڵەبانیە و ئەویش سەرۆكی حیزبی باڵادەستی زۆنەكە و حیزبەكەشی شەریكی حكومەتە واتە بەكورتی خۆی حیزب و حكومەتە، لەلایەكی دی بەڵام ڕاستیەكی تر هەیە ئەویش ئەوەیە دەبێ بزانین ئەوە یەكەم هەوڵ و بڕیار نیە بۆ داخستنی ئەو شوێنانە بەڵكو پێشتر حكومەت زۆرجاری تر لەلایەن پۆلیسەوە هەوڵیداوە، بەڵام خاوەنی ئەو شۆێنانە بەهۆی ئەوەی بەرپرسی باڵای حكومەت و حیزب بوونە بۆیە پۆلیسیش دەرەقەتیان نەهاتووە تەنانەت جارهەبووە ئەوان ڕاوی پۆلیسیان ناوە بۆیە باشترین كەس كەبڕیارەكانی بڕ بكا و بڕوا ئەو بڕیارانەیە، كەلەلایەن بافڵ تاڵەبانیەوە دەردەكرێن.

سێیەم : تێ نەگەیشتم ترسی هەندێ كەس لەبڕیارەكە لەپای چیە و بۆ وایان پیشاندا كە وەك ئەوەی بڕیاری ئەمارەتێكی ئایینیە لەكاتێكدا یان ئەوانە هێشتا هەست بەمەترسی قومارخانەكان و یانەكانی شەوان ناكەن و نەهاتۆتە ناو ماڵی خۆیان ئەو ئاگرە یان نایانەوێ ڕاستیەكە بڵێن بەناوی ئەوەی خۆیان لەپەنای شتێك حەشارداوە بەناوی عەلمانیەت و مەدەنی بێ ئەوەی بزانن كە هەر شتێك خراپ و پیس بێت و زیانی هەبێت بۆ مرۆڤ و كۆمەڵگە و ئاسایشی خێزان پێچەوانەی هەموو ئایین و ئایدیایەكەیان فەرموو پێمان بڵێن لەكوێی ئایدیا و عەلمانیەت و شتی تر ڕێگە بە قومارخانە و لەشفرۆشی دراوە! بۆیە بڕیارەكە دروستە و هیچ خەوشێكی تێدانیە و هیوادام ببێتە بڕیارێكی فەرمی گشتی حكومەت و ئەوجا حكومەت بەئەركی خۆی هەڵسێ لەهەموو شارەكان.

چوارەم : بڕیارەكە گەڕانەوەیە بۆ ڕێگە ڕاستەكە، كە پاراستنی شكۆ و ئاسایشی تاكەكان و خێزان و پاراستنی هەزار خێزانە لە هەڵوەشانەوە و دورخستنەوەی سەدان گەنجە لەو كارە بەدناوەی ژیانی سەدان خێزانی تێكدا و سەدان گەنجیشی تووشی سەرلێشوان كردبوو.

پێنجەم : لەكاردانەوەكان تێ گەیشتم خەڵك چەند تامەزرۆی ژیانی ئارامن و چەندەش بێزارن لەو خووە و كارانە كە دوورن لەبەها و عورف بەتایبەتی تریش چ ئەوانەی كەسێكیان گیرۆدەی ئەو بابەت و شوێنانە بووە و لەدەست دەرچووە چ ئەو ماڵانەی نزیكی ئەو شوێنانەن مەگەر هەر ئەوان باشتر لەمعاناتی خراپی ئەو شوێنانە و ئەو كارە تێ بگەن.

شەشەم : شتێك كەزۆر سەرنجی ڕاكێشام كۆمێنتی ژنێك بوو، كە نووسیبووی ڕەبی دەستت خۆش بی كاك بافڵ ئەوجا بەڵكو پیاوەكەم وەك پیاوی دی شەوان زوو دێتەوە ناومان و چیتر بەسەرخۆشی و دۆڕاوی قومار نایەتەوە، جگەلەوەش وتبووی ئەوجا وەك ژنی خەڵك بازنەكی زێڕ بێ ترس لەدەست بكەم.

حەوتەم : هیوادارم تەنها بۆ ئەوەی هەموان بزانن ئەو بڕیارانە چەند گرنگ و پێۆیست بوو، تەنانەت درەنگیش بو، فەرمون یان سەرێك لەدۆسیەكانی دادگا بدەن یان سەرێك لەو ماڵانە بدەن كە كوڕ و پیاوەكانیان گیرۆدەی ئەو بابەتانەن و شتێك نەماوە بەناوی ئاسایشی خێزان و خۆشەویستی.

هەشتەم : نانا ترستان نەبێ ئەوە بڕیاری ئەماڕەتی ئیسلامی نیە و ترستان نەبێ لەوەی ئەو شوێنانە بكرێنە مزگەوت و پەرستگا، نا تەنیا گەڕانەوەی ئەو شوێنانەیە بۆ دیمەنە سادە و جوانەكانی خۆی و تەنیا ڕێگریكردنە لەبەڕێ لابردنی كۆمەڵگە و تێكدانی شێرازەی خێزان و كۆمەڵگە ئیتر تا لەمەودوا هەر پیاو و كوڕە دەستی خێزان و منداڵەكانی بگری بەیەكەوە بێ ترس بچن لەو شوێنانە چایەك و شیرینیەك بخۆن.

لە هەرێم فەتوایەك دەربارەی لێزەر بۆ لابردنی موو درا
پێشت لە هەرێم فەتوایەك دەربارەی لێزەر بۆ لابردنی موو درا
عێراق بڕیاری دیكە بۆ مووچە دەردەكات
دواتر عێراق بڕیاری دیكە بۆ مووچە دەردەكات
ەیوەندیدار